قوباد تاڵەبانی: بەشداری لەو پەرلەمانە سەپێندراو و نایاساییەدا ناكەین

کوردستان 01:27 PM - 2026-11-13
قوباد تاڵەبانی PUKMEDIA

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت: بوونی ركابەریی لە نێوان حزبەكاندا شتێكی سروشتییە، بەڵام هەڵەیە سیستەمی حوكمڕانی ببەسترێتەوە بە پەیوەندی كەسایەتییەكانەوە، جەختیشی كردەوە كە یەكێتی بەشداری لەو پەرلەمانە نایاساییەدا ناكات كە بەسەر خەڵكدا سەپێنراوە و داوای كۆتاییهێنان بە حكومەتی كاربەڕێكەر و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكان دەكات.

ئەمڕۆ هەینی 13ی 11ی 2026، قوباد تاڵەبانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بوونی بۆچوون و ناكۆكی لە نێوان حیزبەكاندا بەتایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە مێژوویەكی دوور و درێژیان هەیە، شتێكی زۆر سروشتییە، تەنانەت لە وڵاتانی گەورەی دیموكراتیشدا وەك ئەمریكا و بەریتانیا كێبڕكێ و ناكۆكیی توند لە نێوان حیزبەكاندا هەیە، بەڵام لەكوردستان كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە نەتوانراوە چوارچێوەیەكی ڕوون بۆ ئەم ناكۆكییانە دابنرێت، بە جۆرێك كە كاریگەریی نەخەنە سەر ژیانی خەڵك، بەڕێوەبردنی وڵات و ڕاگرتنی ئیشوكاری هاووڵاتییان.

راشیگەیاند: سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمدا زۆر بەستراوەتەوە بە پەیوەندی كەسایەتییەكانەوە، كاتێك پەیوەندی نێوان بەرپرسان باش بێت حوكمڕانی باش دەبێت و كاتێك پەیوەندییەكان تێكدەچن حوكمڕانی و ئیشوكاری هاووڵاتییانیش رادەگیرێن و پەكدەخرێن، كە ئەمە هەڵەیە و دەبێت سیستەمێكی كارگێڕی سەربەخۆ و جێگیر هەبێت كە كارەكانی بەڕێوە ببات و بەكەسەوە نەبەسترێتەوە.

جەختیشی كردەوە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناچێتە ئەو پەرلەمانەی كە بەم شێوە نایاساییە پێكهێندراوەو بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپێندراوە، پێشتریش سەرۆك بافڵ هەڵوێستی یەكێتی لەوبارەیەوە باشتر روون كردەوە، بەڵام دەرگای گفتوگۆش داناخەین.

هاوكات قوباد تاڵەبانی نمونەی سەرۆك مام جەلال-ی هێنایەوەو رایگەیاند: كەسێك بیەوێت برا گەورەیی خۆی بسەلمێنێت بە بەیانێك نایكات، بەڵكو وەك چۆن سەرۆك مام جەلال برا گەورەیی خۆی سەلماند لە كاتی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتیدا خۆی چوو بۆ لای كاك مەسعود و كێشەكانی حەل كرد، بۆیە دەڵێم یەكێك بیەوێت برا گەورەیی خۆی بسەلمێنێت دەباشان ماڵی هەمووانە، زۆر ئاساییە كاك مەسعود بێت بۆ لای كاك بافڵ و لێرە و كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەمە برا گەورەیی تێدا نییە هەمووان دەزانین مەبەست و نیيەتی بەیان و پەیامەكە چی بوو.

وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باوەڕی وایە كە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە، بۆ ئەوەی نرخ و دابەشكردنی سوتەمەنی، بەنزین و پێداویستییەكان هاوسەنگ بن و بە هەمان نرخ و كواڵێتی بە دەست هاووڵاتییان بگەن.

قوباد تاڵەبانی وتیشی: ئامانجمان ئەوەیە لەڕێگەی ڕێككەوتن و باشتركردنی دۆخەكەوە، نرخ و تێچووی كارەبا، سووتەمەنی و شتومەك بۆ هاووڵاتییان هەرزانتر و ئاسانتر بكرێت و لەگەڵ ئەوەداین پارەی كارەبا هەرزانتربێت بۆ هاووڵاتیان و بە دڵنیاییەوە گۆڕانكاری دەبینن لە نرخی كارەبادا.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، كە نابێت هەموو بڕیارێك و بەڕێوەبردنێك تەنها لە ناوەندێكی توندەوە لە هەولێر دەربچێت، چونكە هەولێر موڵكی باوكی كەس نییە، بەڵكو دەبێت دەسەڵاتەكان شۆڕ بكرێنەوە بۆ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و دهۆك، تاوەكو بە پێی پێویستییەكانی خۆیان ناوچەكانیان بەڕێوە ببەن، هاوكات پێویستە ئەم حكومەتە كاربەڕێكەرەی ئێستای هەرێم كۆتایی پێبهێندرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو لامەركەزییەتەی كە هەیە بەڕێكار و فشاری ناوخۆیی هاتووەتە ئاراوە، چونكە ئیدارەی ناوخۆیی و شارەوانییەكان خۆیان باشتر لە پێداویستییەكانی ناوچەكەیان (وەك شەقام، ئاوەڕۆ، خەستەخانە و خزمەتگوزارییەكان) ئاگادارن.

قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەش كردەوە: ململانێ و جیاوازییەكانی نێوان لایەنەكان دەبێت لەسەر شێوازی حوكمڕانی باشتر بێت، نەك لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و ئامانجمانە مۆدێلێكی حوكمڕانی جێگیر و ئازاد هەبێت كە بازاڕ و وەبەرهێنەر و كۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا گەشە بكەن و پارێزراو بن، نەك ئەوەی ئیشوكاری خەڵك بەهۆی ناكۆكی سیاسییەوە پەككەوێت.

هاوكات قوباد تاڵەبانی لەبارەی پەیامەكەی پارتییەوە وتی:  دان  بە بەیان و بەلاغی میدیاییدا نانێین و بە پەیامی رەسمی وەریناگرین.

لەبارەی كۆڕبەندەكەشەوە وتی: كۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی دەرفەتێكە بۆ كۆكردنەوەی بیرۆكە و روانگە جیاوازەكان و ناساندنی هەرێمی كوردستان و سلێمانی بە میوانە بیانییەكان و نوێنەرانی دەرەوەی وڵات. هاوكات سلێمانی پردێكە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەكان و شوێنێك بۆ دەربڕینی ئازادانەی بیروڕاكان.

PUKMEDIA



ئەمانەش ببینە