قوباد تاڵەبانی: سەرۆك بافڵ بۆ مافی خەڵك لە بەغدادە
کوردستان 11:08 AM - 2026-11-13
PUKMEDIA
قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی، لە كۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی رایگەیاند: بافڵ تاڵەبانی برام بۆ مافی خەڵك، زۆربەی كاتەكان لە بەغدادە، چونكە تا لە عیراق بە هێز بین، لە هەرێمیش بەهێز دەبین، ئەم قەیرانەی ئێستاش دروست بووە لە هەرێمی كوردستان شتێك نییە چارەسەر نەكرێت.
ئەمڕۆ 13ی 11ی 2026، دووەم رۆژی كۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە و كەسایەتیی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، ئەمنی و سەربازی لە عیراق و وڵاتانی جیهان و لە ژێر چاودێریی سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی بەڕێوەدەچێت، لەكۆڕبەندەكەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەغداد شتێكی نوێ نییە و بۆ مافی خەڵكە، بۆیە ئەو كاتەكانی زیاتر لە بەغداد بەسەردەبات بەراورد بە سلێمانی، هاوكات ئێمە وەك یەكێتی بڕیارمانداوە بەغداد پێشەنگی ستراتیجیمان بێت و باوەڕمان وایە كوردستان دەتوانێت بەهێزبێت ئەگەر عیراق بەهێز بێت، لەبەر ئەوە پەیوەندییەكانمان بەهێز دەكەین و شەڕی ئەوە دەكەین كە سەرۆك كۆمار لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت و باوەڕمان بە عیراقبَكی فیدراڵ و دیموكراسیی هەیە.
چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكانی یەكێتی و پارتی نەكراوە
ئاماژەی بەوەشكرد: چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نەكراوە، هەرچەندە كاریی پێكەوەییمان كردووە، بەڵام لەسەر ئاستی تاك بووە نەك دامەزراوەیی، هاوكات دەسەڵات لەسلێمانی و هەڵەبجە بەتەواوی كەم و سنووردار كراون، بەڵام ئەم قەیرانەی لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، شتێك نییە چارەسەر نەكرێت و دەبێت كۆتایی پێبهێنین.
ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان روویدا شەرمەزاریی بوو
وتیشی: ئەوەی رۆژی 3ی نۆڤەمبەر لە پەرلەمانی كوردستان روویدا شەرمەزاریی بوو، چونكە لەژێر دەسەڵاتی خراپترین دیكتاتۆرەكانی جیهانیشدا شتی وا رووینەداوە، هاوكات ئەمریكا دەیەوێت دەسەڵات لە عیراق و هەرێمی كوردستان خزمەت بە خەڵك بكات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد: هەمووان ئاشتیمان دەوێت، عیراق و ئێران و ئەمریكاش شەڕیان ناوێت، ئێمەش دەمانەوێت لێكنزیك بوونەوە لەنێوان ئەمریكاو ئێران هەبێت و پێموایە خاڵە هاوبەشەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاترە لە خاڵە ناكۆكەكانیان، بۆیە گەشبینم.
ئەوەشی خستەڕوو: دەبێت عیراق بەردەوامبێت لەو رۆڵەی كە وەك پاڵپشتیكار لە نێوەندگیریی دەیبینێت لەنێوان ئەو دوو وڵاتە، چونكە عیراق سوودمەندی سەرەكی دەبێت لە ئاشتی، هاوكات لە بەردەوام بوونی جەنگی نێوان ئەمریكاو ئێرانیشدا زیانی زۆری بەردەكەوێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: پێزانینمان هەیە بۆ ئەوەی ئەمریكا پێشكەشی عیراق و كوردستانی كردووە و هەرگیز نەمانوتووە ئەمریكا لە ناوچەكە بكشێتەوە، بەڵام ئەوە رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و عیراق بوو، هاوكات گرنگە سەرمایەدارانی ئەمریكی لێرە وەبەرهێنان بكەن و ئێمەش رێنوێنیان دەكەین و لە سلێمانی گەنجانی لێهاتوومان هەیە كە دەتوانن لەبواری تەكنەلۆژیاو ژیریی دەستكرد هاوكارمانبن.
وتیشی: دەبێت كۆڕبەندی لەم جۆرە زیاتر رێكبخەین، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت كە كوردستان و عیراق سەقامگیرە و هانی وەبەرهێنەران بدەین بێن لێرە وەبەرهێنان بكەن و ئاسانكارییان بۆ بكەین.
لە سەد ساڵی رابردوودا حكومەتێكی راستەقینەمان نەبووە
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە لە سەرنجڕاكێشترین ناوچەی جیهانداین و پێگەی جوگرافیمان گرنگ و ستراتیژییەو سامانی سروشتی و سەرچاوەی ئاوی باش و كشتوكاڵمان هەیە شانازی دەكەم كە كوردین و لێرەین، چونكە توركیاو ئێران دراوسێمانن و دەتوانین بازرگانییان لەگەڵدا بكەین، هەرچەندە ئاڵنگاریی هەیە بەڵام دەتوانین سوودی لێ ببینین، ئێمە هەر لێرە دەمێنینەوە و كەس بە دوژمنی خۆمان نازانین.
وتیشی: هەرچەندە هەموو دەرفەتێكمان هەیە، بەڵام لە سەد ساڵی رابردوودا بەداخەوە حكومەتێكی راستەقینەمان نەبووە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

