پەرلەمانتارێکی یەکێتی: نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتکیراو دەگاتە هەرێم
کوردستان 02:32 PM - 2026-11-12
PUKMEDIA
سروە محەمەد بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی
نوێنەرانی عیراق، رایدەگەیەنێت، 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بە
نرخی پاڵپشتیکراو دەنێردرێت و دەست بەدابەشکردنی دەکرێت، دەشڵێت: بودجەی ساڵی 2027
کێشەی زۆری تێدایە و دەمانەوێت پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی تێدا جێبکەینەوە و
لە دامەزراندنیشدا هەرێم پشکی خۆی بەربکەوێت.
سروە محەمەد بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لە بارەی ناردنی نەوت بۆ
هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: پەیوەست بە پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رەزامەندی وەزیری نەوت و سەرۆکی
پەرلەمانمان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بڕی 110
ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دابین
بکرێت، لەگەڵ بڕی 140 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەولێر و دهۆک و ناوچەکانی دیکە دابین دەکرێت.
وتیشی: نەوتەکە بە چەند قۆناغێک دەبێت و
ئێستا لە قۆناغی یەکەمدایە، کە بە نرخی پاڵپشتیکراوە و یەک لیتر بە 250 دینار
دەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی نەوتی بازرگانی دەبێت، کە ئێستا لە بازاڕەکان
نرخەکەی زۆر بەرزە.
لە
بارەی پشکی هەرێم لە بودجەی 2027، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی، رایگەیاند: رۆژانی
شەممە و یەکشەمەی داهاتوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دانیشتنی لەسەر بودجە دەبێت،
کە لەناو بودجەدا مادەی 10 هەیە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت پشک و
شایستە داراییەکانی هەرێمی تێدا جێبکەینەوە، بۆ ئەوەی لانیکەم ساڵی داهاتوو مووچە کێشەی نەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: بودجەی ساڵی 2027 کێشەی
زۆری تێدایە، لە مادەی 10 دا، داوای رادەستکردنی 440 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە
هەرێم دەکرێت،ئەمە جگە لەوەی داوای رادەستکردنی تەواوی داهاتی نانەوتی دەکەن،
ئەمەش ئەگەر رێککەوتنی لەسەر نەکریت، کاریگەری لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان
دەبێت، نەک لە هەرێم بەڵکو لەسەر پارێزگاکانی دیکەی عیراقیش، چونکە پرۆژە
خزمەتگوزارییەکان بەرێژەی 70% لەسەر داهاتی خۆیان دەبێت، نەک داهاتی گشتی.
سروە
محەمەد لە کۆتاییدا لە بارەی دامەزراندنی فەرمانبەرانەوە، رایگەیاند: ئەگەر پشکی
هەرێم بکرێتە %14، ئەوە پشکی هەرێم لە دامەزراندن دەبێتە ئەو رێژەیە لە دامەزراندنی
ئەو 500 هەزار کەسی کە لە عیراق دادەمەزرێن، جگە لەوەش داوای ئەوەمان کردووە، کە
یاسای تایبەت هەیە لەسەر دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، دابمەزرێنرێن، یان بەپێی پشکی
هەرێم دابمەزرێنرێن.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

