سەرۆک بافڵ: ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستان روویدا لەبیرناکرێت
کوردستان 11:05 AM - 2026-11-12
PUKMEDIA
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی
کۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی دەستیپێکرد و قوباد تاڵەبانی وتاری دەستپێکی
کۆڕبەندەکەی پێشکەشکرد و لەیەکەم گفتوگۆشدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: ئەو
رووداوەی رۆژانی پێشوو لە پەرلەمانی کوردستان روویدا بێڕێزی و پێشێلکاری بوو
بەرامبەر پەرلەمان و رای خەڵک و لەبیرناکرێت.
قوباد تاڵەبانی لە وتاری دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا وتی: هیوادارین گفتوگۆکانی
ئەم کۆڕبەندە یارمەتیدەربن و بەرچاوڕونیمان بدەنێ لەسەر چۆنییەتی روبەرووبونەوەی ئەو
ئاڵەنگارییانەی روویان لە ناوچەکە کردووە، سلێمانیش باشترین شوێنە بۆ ئەم گفیوگۆیانە،
هەم لەرووی کلتور و لەرووی جوگرافیاشەوە هەمیشە ئاماددە بووە بۆ گفتوگۆ و
رەخنەگرتن و گوێگرت، لەوانەش گرنگتر هەمیشە ئامادەی روبەروبونەوەی زوڵم و زۆرداری
و نەهامەتی و غەدر بووە.
دواتر لەیەکەم گفتوگۆدا کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان تێیدا بەشداربوو، رایگەیاند: حکومەتی هەرێم
دەبێت بەتەواوی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، ئەوەی لەم دواییانە لە پەرلەمانی کوردستان روویدا هەنگاوێک بوو بۆ
تێکدانی دۆخەکە و ئاڵۆزی کرد، ئەوەی لە رۆژانی پێشوو روویدا لەبیر ناکرێت و بێڕێزی
و پێشێلکاری بوو بەرامبەر پەرلەمان و رای خەڵک و پەرلەمان کرایە مەیدانی بازرگانی
بە ڕاو دەنگی خەڵکەوە، لەهەر وڵاتێکی تر روویبدایە ئەنجامدەرانی دەخرانە زیندانەوە، بۆیە هیچ لێخۆشبوونێک نییە بۆ ئەو هەڵانە.
ئەوەشی وت: کە ئێستا کوردستان هیچ پەرلەمانێکی نییە و ئێمە دانیپێدا نانێین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەت و حزبەکانی تریش کەمن قسەم لەگەڵ کردوون ، نابینە بەشێک لەم پرۆسەیە و دەبێت بوەستینرێت، ئەو داڕمانە لەبیرناکرێت کەلە پەرلەمان روویدا، بۆ ئەم مەبەستانەش داوا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکەین، ئەگەر نایەوێت کێشەکانمان چارەسەر بکات، با لەدورەوە بوەستێت و سەیر بکات خۆمان چارەسەری دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەغداد و بەتایبەت سەرۆکوەزیران دەیەوێت رۆڵێکی باش بگێڕێت و پرسیار دەکەن کە بۆچی نرخەکان لێرە لەنەوت و بەنزین و غاز زۆر بەرزن و لە بەغداد وا نییە؟ بۆچی نەوتی خۆتان بە دوو هێندەی نرخ دەفرۆشنەوە بە خەڵکی خۆتان؟ وتیان وەرن با ڕێک بکەوین و ببینە هاوپەیمان و هاوبەش، بەڵام کەمینەیەکی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان گوێ پێنادات، بۆیە هەموان کێشەکان دەبینن و دەزانن گەندەڵی و نائومێدی هەیە.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەی هەموو کارەبای هەرێمی کوردستان لە چەمچەماڵ بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا چەمچەماڵ 40 ساڵ لەدوای هەولێرەوەیە و ئاوی نییە و بەتەنکەر ئاوی پێدەگات، ئەمەش خۆپەرستیی و نادادییەکی گەورەیە، بۆیە ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم جیاوازییانە پێویستمان بە دوو ئیدارەیی هەیە.
لەبارەی پرۆژەی روناکیشەوە، سەرۆکی یەکێتی جەختیکردووە پڕۆژەی روناکی لە پرۆژەیەکی خزمەتگوزارییەوە بوەتە پڕۆژەیەکی بازرگانی، لەژێر ناوی ئەم پرۆژەیەدا پارەی خەڵک دەخورێت و چەند بنەماڵەیەک لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە بە ملیۆنان دۆلار قازانج و داهات پەیدا دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاووڵاتییان باری داراییان قورسە.
سەبارەت بە رەوشی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش ئاماژەی بەوە کرد، کە رۆژئاوا بەهەڵە لە رای ئێرانییەکان تێدەگەن و دورن لە راستییەکان و بەخەڵکانی خۆبەزلزان دەیانبینن، بەڵام بۆ ئێمە قورس نییە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و لەکۆتا سەردانمدا قسەمان لەسەر چەندین بابەتی ئەمنی و دبلۆماسی گرنگ کرد، لەو روەشەوە دەزانم ئەمریکاش دەتوانێت لەگەڵ ئێران دابنیشێت و رێککەوتن بکات، هەموو کێشەکانیش بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێت.
لەبارەی هێرشەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆریشەوە وتی: ناتوانین بڵێین کێ لەپشتیەوەیەتی، بەڵام ئێرانییەکان گەرەنتی ئەوە دەدەن کە دەستیان لەو کارەدا نەبووە، دەبێت بەجدی لێکۆڵینەوە لەسەر کات و چۆنێتی هێرشەکە بکرێت و متمانەمان بە حکومەتی فیدراڵ و سەرۆک وەزیران هەیە لێکۆڵینەوە بکات.
لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد ئاماژەی بەوەکرد: رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغداد و کیشەکانی هەڵەیە و ناتوانێت رۆڵێکی بونیادنەر و رێنیشاندەری هەبێت و پارتی پێی وایە عیراقێکی هەژار مانای هەرێمی کوردستانێکی دەوڵەمەندە و ئەمە بۆ ئێستا زۆر پیچەوانەیە و دەبێت یەکگرتوو بین لەبەغداد بۆ بەهێزیمان.
ئەوەشی وت: من پەیامێکم بڵاو کردەوە کە ٪80 بۆ ٪90 ی خەڵکی لەگەڵی رەزامەند بوون، ئەمەش مانای ئەوەیە کەخەڵک چەند بێزارە لەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستان چەند بێتاقەتن لەم گەندەڵییە.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی وت: هەستەکەم چارەسەری کێشەکانی جیهان چارەسەر دەبێت بەوەی ئێران و ئیسرائیل با رقیان لەیەک بێت بەس شەڕ نەکەن، بەم جۆرەش وڵاتانی دەوروپشتیان تێوەناگلێنن.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

