شەپۆلی باران بارینی بەهێز و هەورە بروسکەی توند هەرێم دەگرێتەوە

کوردستان 10:59 AM - 2026-11-07
باران بارینی بەخوڕ میدیاکان

باران بارینی بەخوڕ

 لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی باران بارینی بەخوڕ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و شارەزایەکی کەشناسیش رایدەگەیەنێت: چەقی شەپۆلەکە ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجەیە، دەشڵێت: ئەگەری دروستبوونی لافاو لەو ناوچانە هەیە و لە ئەمڕۆوە شەپۆلەکە دەستپێدەکات.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی رایگەیاند، لە رۆژی شەممە 7ی11ی2026 ،هەر لەبەیانیەوە تا شەو بەهێزترین ماوەی کاریگەریەکانی دەبێت کە لەو قۆناغەدا هەوری زۆر بەهێز لە کاتی جیاوازدا لەسەر ناوچەکان چڕ دەبێتەوە کە بروسکەی توند و تاوە باران و تەرزەی بەهێزیان لەگەڵدایە.

دەشڵێت: لەوانەیە لە هەندێ شوێندا گەردەلولی تۆرنادۆ دروستببێت ئەوەی زیاتر چاومان لەسەری بێت ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجەیە کە بەئەگەری زۆر دەبێتە زۆنی سەرەکی بۆ دروستبوونی کەڵەکە هەوری زۆر بەهێز و گەورە، بۆیە مەترسی دروستبوونی لافاوی گەورە و خێراش هەیە هەر وەک ئەو حاڵەتەی ساڵی رابردوو کە لە چەمچەماڵ روویدا.

 هاوکات، بەپێی پێشبینیە کەشناسییەکان لەو ماوەیەدا لە هەولێر 25 ملیم، سلێمانی 35 ملیم، دهۆك 25 ملیم، كەركوك 15 ملیم و هەڵەبجەش 37 ملیم باران دەبارێت.

لەلایەكی دیکەوە، دەستەی كەشناسی عیراق بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلەوە ئەگەری هەیە بەیانی هەتا ئێوارە باران ببارێت و تەنانەت ئەگەری بارینی تەرزەش هەیە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە