فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەستیپێكرد
کوردستان 03:58 PM - 2026-11-05
PUKMEDIA
فێستیڤاڵی گەلاوێژ
پاشنیوەڕی ئەمڕۆ 5ی 11ی 2026 ، 29 هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی بە دروشمی (گەلاوێژ سەكۆی كولتورە جیاوازەكان) لەژێر ناونیشانی خولی سامی هادی دەستیپێكرد.
سەرەتای مەراسیمەكە بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سرودی نیشتمانیی عیراق و كوردستان دەستیپێكرد، پاشان د. ئیبتیسام ئیسماعیل سەرۆكی بنكەی روناكبیری گەلاوێژ و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە وتاری دەستپێكردنی فێستیڤاڵەكەی خوێندەوەو پاش بەخێرهاتنی میوانان رایگەیاند: گەلاوێژ باوەڕی وایە كە كولتور بوارێكە بۆ دەربڕین و هێزێكی كاریگەرە بۆ گۆڕینی كۆمەڵگەو نزیككردنەوەی گەلان، دروشمی ئەمساڵیش پەیامی گەلاوێژە چونكە پێمانوایە گفتوگۆكردن رێگەیەكە بۆ دوستكردنی هاوبەشی گەلان.
راشیگەیاندووە: ئاشكرایە شاری سلێمانی مێژویەكی ئەدەبی و هونەریی گرنگی هەیە و گەلاوێژیش هەوڵدەدات ئەو ناسنامەیە بپارێزێت و سلێمانی بكاتە ناوەندێكی پڕ چالاكی و شوێنێك بۆ بیرمەندان و نووسەران و هونەرمەندانی جیهان، هاوكات هەوڵدەدات ناسنامەی كورد بەشێوەیەكی شارستانیی و هاوچەرخ بپارێزێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: فێستیڤاڵی ئەمساڵ جیاوازەو چەندین چالاكی جۆراوجۆری وەك شیعرو ئەدەب، موزیك و گۆرانی، شانۆ و هەڵپەڕكێ و پێشانگای شێوەكاری و كتێب و وێنەی فۆتۆ گرافی لەخۆدەگرێت.
دواتر وتاری نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، لەلایەن ئاسۆس عەلی نوێنەری سەرۆك كۆمارەوە خوێندرایەوەو رایگەیاند: فێستیڤاڵی گەلاوێژ تەها بۆنەیەكی ساڵانە نییە، بەڵكو پەیامێكی رۆشنبیریی و ئەدەبیی و ژوانگەی فەراهەمكردنی ئازادیی و هێنانەپێشەوەی بیرو هزری ئەدەبییە بۆ خزمەتكردنی ناسنامەی ئەدەبی و رۆشنبریی گەلەكەمان.
هەر لەدرێژەی فێستیڤاڵەكەدا، دەلیل جەمال بە نوێنەرایەتی حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری هەرێم، پەیامی وەزیری رۆشنبیری خوێندەوەو رایگەیاند: گەلاوێژ بووەتە مەشخەڵێكی گرنگ و كاریگەریی بزاوتی رۆشنبیری لە كوردستان و ناوچەكە و ساڵ بەساڵ گەشە و پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینێت.
وتیشی: فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەناو دەنگ و تەقەی تۆپ و شەڕی ناوخۆ دامەزراو مەشخەڵەكەی لە سلێمانی هەڵكرا، سەرۆك مام جەلال-یش پشتیوانی سەرخستنی گەلاوێژ بوو، هاوكات گەلاوێژ درێژكراوەی ئەو كاروانەیە كە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد مەشخەڵەكەی داگیرساند و شەوقەكەی گەیشتە هەموو كوردستان.
دواتریش دەست بەكارو چالاكییەكانی 29 هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ كرا.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

