ئەمڕۆ هەڵبژاردنی نیوەی خولی كۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت

جیهان 08:43 AM - 2026-11-03
هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس میدیاکان

هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس

ئەمڕۆ 3ی11ی2026، هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریكا  بە بەشداری 210 ملیۆن دەنگدەر دەستپێدەكات، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەنگدان لە رێگەی پۆستە و پێشوەخت دەستپێكردووە، هەڵبژاردنەکەش بۆ کۆماری و دیموکراتەکان یەکلاکەرەوەیە، هەرچەندە سەرۆکی تێدا هەڵنابژێردرێت.

لەو هەڵبژاردنەدا كێبڕكێ لەسەر 435 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران و 35 كورسی لە كۆی 100 كورسی ئەنجومەنی پیران دەكرێت، لە 36 ویلایەتیشدا پارێزگارە نوێیەكان هەڵدەبژێردرێن، بەڵام سەرۆکی وڵاتی تێدا هەڵنابژێردرێت و بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە، کە لە ئیستادا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات.

گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە كۆنتڕۆڵكردنی كۆنگرێس و دەسەڵاتی بانگهێشتكردن و سەرپەرشتیكردنی لیژنە گرنگەكان دەداتە پارتی براوە، ئەوەش رێگە بە پارتی براوە دەدات لێكۆڵینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی سەرۆكی وڵات بكەن یان رێگری لێبكەن.

لەم هەڵبژاردنەدا، ئەگەر دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی پیران بەدەستبهێنن، دەسەڵاتی رەتكردنەوە یان دواخستنی كاندیدەكانی ترەمپیان دەبێت بۆ پۆستە باڵاكان و دادگای فیدراڵی ئەمریكا.

 ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا دیموکراتەکان 214 کورسی و کۆمارییەکان 219 کورسییان هەیە، هەروەها بۆ ئەوەی نیوە کۆ یەکیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەبێت، پێویستیان بە 218 کورسییە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە