رێکخراوی پاڵپشتی کفرى: رێنەدرێت راگەیاندنکار تۆمەت ببەخشێتەوە بە خەڵکى و شارێک لەکەدار بکات

کوردستان 11:24 PM - 2026-10-31
هەواڵ PUKMEDIA

هەواڵ

گەرمیان

رێکخراوی پاڵپشتی کفری راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و ئاڕاستەى داواکاری گشتی (گەرمیان و کفری )  و لایەنی پەیوەندیدارى دەکات و رایدەگەیەنێت: چیتر بوار نەدرێت هیچ کەس ولایەن و ڕاگەیاندنکارێک تۆمەتی بێ بنەما ببەخشێت بە خەڵکی و ناو و ناوبانگی شارێک لە کەدار بکات.
 
دەقى راگەیەندراوەکە:

 
بۆ داواکاری گشتی (گەرمیان و کفری )
بۆ لایەنی پەیوەندیدار

بابەت/ ناڕەزایی
 
هەمووان ئاگادارن کە دانیشتوانی کفری هەمیشە لە خەمی ئارامی شارەکەیان و گەرمیان و هەموو کوردستان بوونە و چەندین ساڵە لە پێناو ئاوەدانی و پرۆژەی خزمەتگوزاری و دابینکردنی هەلی کار تێدەکۆشن.

بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامان وسەرنجە ڕۆڵی نیگەتیڤی بەشێکی بەرچاو لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پەیجەکان لە کاتی روودانی شتێکی نەخوازراو لە شارەکەدا وەها ڕەفتار دەکەن ئەڵێی هەنگیان لە شانەدا دۆزیوتەوە.

بۆیە زۆربەی جار بە مەبەست و کەم جار بێ مەبەست کار بۆ ناشیرین کردنی ناو و نازناوی شاری  کفری  دەکەن.

ئەوەی لای ئێمە جێگەی تێڕامانە زۆربەیان لە ئاستی کفری زۆر ناپڕۆفیشناڵی و نا پیشەیی کار دەکەن وبێ بەدواداچوونی ورد تۆمەتی بێ بنەما دەبەخشن کاتێک گرفتێک لە شاری کفری ڕوودەدا ئەمەش لای ئێمە جێگەی پرسیارە.

چونکە «کاری ڕۆژنامەوانی ئەبێت لەسەر بنەمای زانیاری ورد بێت بێ تۆمەت بەخشینەوە».

کە دواترینیان قۆستنەوەی هەڵەی گەنجێک و وێنا کردنی وەک داعشێک و هۆنینەوەی چەندان چیرۆکی نا ڕاست و بێ بنەما تەنها لە پێناو ناوزڕاندی شارێک و دەستکەوتنی تۆزێک پارەی ڕاپۆرت  وهەندێک لایک وڤیو بەرزکردنەوەی ئاکتیڤی پەیجەکانیان.

ئێمە داوا لە داواکاری گشتی گەرمیان ولایەنی پەیوەندی دار لە ئیدارەی گەرمیان دەکەین بە زووترین کات بێتە سەر خەت و ئەو دەستێوەردانەی ڕاگەیاند لە کاری (دادگا و پۆلیس و ئاسایش بوەستێنێت) و ناکرێت پێش یەکلایی بوونەوەی کەیسەکان خەڵکی بکرێن بە دڕندە و داعش و بەدڕەوشت .

هەروەها ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە نهێنی ڕەوشی لێکۆڵینەوەکان بپارێزێت چونکە زۆر جار میدیا و سۆشیاڵ میدیا لەم وڵاتە ڕێگە بۆ تاوان و فەوزار خۆش ئەکەن .

دووپاتی ئەکەینەوە کە پێویستە سنوورێک بۆ ئەم فەوزایەی ڕاگەیاندنە دابنرێت کە بە ناوی ئازادییەوە هاتووەتە کایەوە.

چونکە ئەوەی ئەوان بە هەست و نەستی خەڵکی دەیکەن لە هیچ شوێنێک دنیا نەبووە و چیتر بوار نەدرێت هیچ کەس ولایەن و ڕاگەیاندنکارێک تۆمەتی بێ بنەما ببەخشێت بە خەڵکی و ناو و ناوبانگی شارێک لەکەدار بکات.

ڕێکخراوی پاڵپشتی کفری

31/10/2026
 
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە