وەزارەتی دارایی هەرێم روونكردنەوەیەک لەبارەی لێبڕینی پارەی خانەنشینی بڵاودەکاتەوە

کوردستان 10:17 PM - 2026-10-31
وەزارەتى دارایى هەرێم راگەیاندنى وەزارەتى دارایى هەرێم

وەزارەتى دارایى هەرێم

ئابووری

ئەمڕۆ شەممە 31ى10ى2026 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتى هەرێمى کوردستان روونكردنەوەیەک لەبارەی لێبڕینی پارەی خانەنشینی بڵاودەکاتەوە.

دەقى راگەیەندراوەکە:

روونكردنەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی لێبڕینی پارەی خانەنشینی:

بەپێی یاسای ژمارە ( ٩ ) خانەنشینی یەکگرتووی عیراق لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێک بریتییە لە ( ٢٥ ٪ ) ، کە لەو ڕێژەیە حکومەت لە ( ١٥ ٪ ) ی دەدات و لە ( ١٠ ٪ ) لەسەر فەرمانبەرە، لەساڵانی ڕابردوودا پێش جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ( ٩ ) حکومەتی هەرێم بە یاسا کۆنەکە تەنها لە ( ٧ ٪ ) وەک لێبڕینی خانەنشینی لەفەرمانبەران بڕی بوو، کە بڕیاری جێبەجێکردنی یاساکە درا لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیش ڕەزامەندی نیشاندا، پێویستە ئەو جیاوازییە کە پێشتر نەبڕدرابوو جێبەجێ بکرێت.

١- بەو پێیەی هەموو خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێم سوودمەند دەبن لە یاساکە، پێویستە هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان ئەو جیاوازییە کە بۆ ماوەی ( ١٠ ) ساڵ وەک قەرز هەژمار کرابوو بدەنەوە بە حکومەتی فیدراڵ کە بریتییە لە ( ٣٪ ) .

٢- لەسەر ئەم بابەتە تیمێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ماوەی چەند مانگێک لە گفتوگۆدا بوون بۆ دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو لێبڕینی لە ( ٣ ٪ ) یە، کە کۆنووسەکەیان هاوپێچە لە خوارەوە.

٣-لەم بابەتەدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوور و نزیک پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەو پارەیەی لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە مانگانە لە تەمویلی مووچەی هەرێم بۆ ئەو لە ( ٣ ٪ ) یە بڕدراوە و بۆ هەر مانگێک زیاتر لە ( ٢٦ ) ملیار دینارە ، کە بەپێی یاسا بەرکارەکان پێویست بوو لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرایە بۆ سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی عیراق.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری
٣١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦

PUKMEDIA



ئەمانەش ببینە