ئێران لێکۆڵینەوە لە پێشنیازەکانی ڤانس دەکات و دانوستانی ئاشتی دەستپێدەکاتەوە

جیهان 03:27 PM - 2026-10-31
دانوستانی ئەمریکا و ئێران AI- PUKMEDIA

دانوستانی ئەمریکا و ئێران

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیازێکی نوێی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ئامادە کردووە و ئێرانیش لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات و سەرچاوەیەکیش ئاشکرای دەکات کەشێکی ئەرێنی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات هاتووەتە ئاراوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ئێران خەریکی لێکۆڵینەوەی پێشنیازێکی ئەمریکایە  کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکادا  بۆ ئەو وڵاتەی ناردووە.

کەناڵی ئەلعەرەبیە لەو بارەیەوە لە چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند: پێشنیازەکانی ڤانس لەناو ئێراندا وەڵامدانەوەی ئەرێنییان هەبووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشنیازەکە بنەما و هێڵە گشتییەکانی گفتوگۆی لەخۆگرتووە، بەڵام پلانی تەواوی تێدا نەبووە.

بەپێی کەناڵەکە تاران لیژنەی پێکهێناوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارە ئەمریکییەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە کاتێکدا نوێنەرایەتییەکی ئێرانی لە قەتەرە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو بابەتانەی پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە ئێران داوای گەرەنتیی کردووە بۆ وەستاندنی هەمیشەیی و گشتگیری جەنگ، لە بەرامبەر کردنەوەی گەروی هورمزدا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە کە چاوەڕێ دەکرێت خولێکی نوێی دانوستانەکان بەرێوەبچن، بەڵام هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی کاتی ئەنجامدانی.

هەروەها سەرچاوەکان بۆ کەناڵی ئەلعەرەبیە ئاشکرایان کردووە کە بەرپرسانی ئێران لەسەر وەستاندنی تەواوی جەنگ پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان سوورن.
لەلایەکی دیکەوە، وەفدێکی ئەمریکا ئامادەن جارێکی دیکە سەردانی دەوحەی پایتەختی قەتەر بکەن، ئەگەر لەسەر ئەو نەخشەرێگایە رێکبکەون یان پێشکەوتنی زیاتر لە گفتوگۆکان بێتە دی.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە