سوریا.. بەهۆی لافاو 7 کەس گیان لەدەستدەدەن

جیهان 11:27 AM - 2026-10-31
وێنەیەکى دواى لافاوەکە AP

وێنەیەکى دواى لافاوەکە

سووریا

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە چەند پارێزگایەکی سووریا، 7 کەس گیانیان لەدەستدا و 4 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

بارانبارینی بەخوڕ، ڕەشەبا و دروستبوونی لافاو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دۆخێکی ناسەقامگیریی کەشوهەواى لە چەند پارێزگایەکی سووریای دروستکرد و زیانی گیانی و مادیی زۆری لێکەوتەوە.

بەپێی ئامارە رەسمییەکان، تاوەکو ئێستا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە (کە پێنجیان منداڵن) و چوار کەسی دیکەش بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە و لافاوەکە بەزۆری لافاوەکە ناوچەکانی دێرەزۆر، ڕەقە، حەسەکە و چەند پارێزگایەکی دیکەی گرتووەتەوە و چەندین پرد و ڕێگاى سەرەکى خاپوور کردووە.

رائید ساڵح، وەزیری فریاکەوتن و ئیدارەدانی قەیرانەکانی سووریا، ڕایگەیاند: کە سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر کارەساتی لافاوەکەدا، هێشتا تیمەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا نە و تا ئێستا 550 پەیوەندیی فریاکەوتنیان پێگەیشتووە، لە گرنگترین کار و ئامارەکانی فریاکەوتنیشدا ئەمانەی خوارەوە ئەنجام دراون:

1- 60  هاووڵاتی لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان کە لە ناو لافاوەکەدا گیریان خواردبوو، ڕزگارکراون.

2- 375 خێزان لەو کەمپانەی ڕەقە کە مەترسییان لەسەر بووە، گوازراونەتەوە بۆ شوێنی سەلامەت، هەروەها دوو خوێندنگەش بەهۆی مەترسیی ڕووخان چۆڵکراون.

3- تیمەکانی بەرگریی شارستانی 250 خانوو و شوێنی گشتییان پاککردووەتەوە، 150 ئۆتۆمبێلیان لە قوڕ ولیتەی لافاوەکە دەرهێناوە و 100 ڕێگە و شەقامی سەرەکییان خاوێنکردووەتەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە