خالید شوانى: بە هەنگاوی پتەو کێشەی کوردی فەیلی چارەسەر دەکەین

عیراق 04:34 PM - 2026-10-29
خالید شوانى وەزیری دادى عیراق نوسینگەى راگەیاندن

خالید شوانى وەزیری دادى عیراق

خالید شوانی

خالید شوانی، وەزیری داد رایگەیاند: هەڵوێستی حکومەت نەگۆڕە لە هەڵگرتنی تەواوی ئەو ستەم و زۆردارییەی بەسەر کوردی فەیلیدا هاتووە و لیژنەی سڕینەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر کوردی فەیلی بە سەرۆکایەتیی وەزیری داد و بەشداربوونی ژمارەیەک لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی دیکە پێکهێنراوە.

خالید شوانى وەزیری دادى عیراق ئەمڕۆ پێنج شەممە 29ى10ى2026 جەختی کردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە هەڵگرتنی ستەم و نادادپەروەری لەسەر کوردی فەیلی و راشیگەیاند: لیژنەی سڕینەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر کوردی فەیلی، ڕاسپاردەکانی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەکاتەوە.

ڕوونى کردەوە: بەپێی فەرمانێکی دیوانی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە، لیژنەی سڕینەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر کوردی فەیلی بە سەرۆکایەتیی وەزیری داد و بەشداربوونی ژمارەیەک لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی دیکە پێکهێنراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئامانجی سەرەکیی ئەم لیژنەیە پێشکەشکردنی ڕاسپاردەی پێویستە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی سڕینەوەی ئەو ئاسەوارە خراپانەی بەهۆی سیاسەتە زۆردارانەکانی ڕژێمی پێشووەوە بەسەر کوردی فەیلیدا هاتوون، لەوانە ڕاگواستنیان، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە، دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی موڵک و ماڵیان و نایەکسانکردنیان لەگەڵ هاووڵاتییانی دیکەدا.

ئەوەشى خستەڕوو: کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم مافانە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە، چونکە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ستەمیان لێکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بە شێوەیەکی شایستە دادپەروەرییان بۆ دەستەبەر نەکراوە، بۆیە ئەم پرسە پێویستی بە گرنگیدانی تایبەت هەیە و هەڵوێستی حکومەتیش نەگۆڕە لە هەڵگرتنی تەواوی ئەو ستەم و زۆردارییەی بەسەر کوردی فەیلیدا هاتووە و بە هەنگاوی پتەو بەرەو پێش دەچین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

ئاماژەی بەوەش کرد: کۆبوونەوەکان و خستنەڕووی ڕاسپاردەکان بە شێوەیەکی خولیی دەبن، و لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوە و پێشکەشکردنی ڕاسپاردەی پێویست، لەگەڵ بەدواداچوونی ورد بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە