گۆڤارێكی زانكۆی سلێمانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا

کوردستان 12:08 PM - 2026-10-29
كۆنگرەی رۆژنامەوانی پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی PUKMEDIA

كۆنگرەی رۆژنامەوانی پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی

زانکۆی سلێمانی

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت: بە هەوڵ و ماندووبوونی چەندین ساڵەی ستافی ئەكادیمیی زانكۆكە، زانكۆی سلێمانی دەستكەوتێكی دیكەی بەدەستهێنا و رەزامەندی درا لەسەر وەرگرتنی یەكێك لە گۆڤارە زانستییەكانمان لە پلاتفۆرمی جیهانیی سكۆپەس (Scopus)، كە ئەمەش ئاستی بەرزی توێژینەوە زانستییەكانی زانكۆمان دەسەلمێنێت.

پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: زانكۆی سلێمانی شەش گۆڤاری هەیە و هەوڵیداوە پلاتفۆڕمێكی ئۆنلاینیان بۆ دروستبكات بۆ ئەوەی بتوانین بچینە ناو پلاتفۆرمە جیهانییەكانی وەك سكۆپەس و كلاریڤەیت و خۆشبەختانە ئەمڕۆ گۆڤاری (Sulaimani Dental Journal) كە یەكێكە لە جۆرناڵەكانمان لە پلاتفۆرمی سكۆپەس وەرگیرا.

راشیگەیاند: بڵاوكردنەوەی گۆڤاری زانكۆی سلێمانی لە سكۆپەس دەرخەری ئەو راستییەیە كە توێژینەوەكانی زانكۆی سلێمانی گرنگن، چونكە دەستكەوتی كارو ماندووبوونی چەندین ساڵەی ستافێكی گەورەی زانكۆی سلێمانییە لە توێژەرەوان و ئەكادیمستان و زانستخوازان.

وتیشی: سكۆپەس گەورەترین داتای ئۆنلاین و پلاتفۆرمێكی جیهانییە بۆ پوختە و پێڕستكردنی توێژینەوە زانستییەكان، كە لەلایەن كۆمپانیای بەناوبانگی Elsevier لە ساڵی 2004 ەوە بەڕێوەدەبرێت.

پلاتفۆرمی سكۆپەس (Scopus)، هەزاران گۆڤار لە بوارە جیاوازەكانی وەك پزیشكی، ئەندازیاری، زانستە مرۆییەكان، كۆمەڵایەتی و هونەر لەخۆ دەگرێت و جگە لە گۆڤار، پێڕستی كتێبی زانستی و وتاری كۆنگرە نێودەوڵەتییەكانیش لەخۆ دەگرێت.

هاوكات زانیاری و پوختەی هەموو وتارەكان، لەگەڵ رێژەی بڵاوكردنەوە و چەند جار هێنانەوەی سەرچاوەكەیان (Citations) پیشان دەدات، بۆیە  بڵاوكردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤارە بڕواپێكراوەكانی ناو سكۆپەس نیشانەی كوالێتی و بەرزی ئاستی زانستیی توێژینەوەكەیە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە