riklam

هەڵکشانی دۆلار و داڕمانی دینار توانای کڕین کەمدەکاتەوە و هەژاری زیاد دەکات

کوردستان 04:12 PM - 2026-10-07
بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی PUKMEDIA

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی

حکومەتی فیدراڵی عیراق، بە رەسمی بەهای یەک دۆلاری بەرامبەر بە هەزار و 500 دینار جێگیرکرد، ئەمەش بازاڕی کاغەزە داراییەکانی ناسەقامگیر کرد و ترس لە هەڵئاوسانی زیاتر و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری هەیە، فەرمانبەرانیش زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، بەو پێیەی داهاتیان جێگیرە، بەڵام نرخی شمەک بەرزدەبنەوە، لەم نێوەندەدا بەرێژەی 22% توانای کڕینیان کەم دەبێتەوە.

سەرەتای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار

دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، وەک یەکەم پەرلەمانتار ئەم زانیارییەی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حکومەتی فیدڕاڵی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بودجەی 2027دا بەرز دەکاتەوە.

لە بودجەی 2027دا کە رەشنوسەکەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵییەوە ئامادەکراوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عیراق  لە 27ی9ی2026، پەسەند کراوە، کورتهێنانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لەنێوان 43 بۆ 49 تریلیۆن دینارە، بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە، حکومەتی فیدڕاڵی بەهای دۆلاری بەرزی کردەوە، چونکە فرۆشی نەوت بە دۆلارە کە سەرچاوەی سەرەکی ئابوری عیراقە، لە بەرامبەریشدا دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بە دینارە، لەم نێوەندەدا حکومەتی فیدراڵی داهاتێکی زیاتر بۆ خۆی کۆدەکاتەوە.

دینار بەرێژەی 13.13% بەهاکەی لەدەستدا

دوێنێ 6ی10ی2026،بە نوسراوێکی رەسمی و بە ئیمزای حەمید غەزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق،ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا بڕیاری ژمارە 544ـی دەرکرد، ناوەڕۆکی بڕیارەکە بەم جۆرەیە:
  - نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
- نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
-  نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتیان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.

ئەمڕۆش لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نوسراوەکە، بەهای دینار بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک 100 دۆلار تا 171 هەزار دینار بەرزبووە، بەمەش راستەوخۆ دیناری عیراقی بەرێژەی 13.13% بەهاکەی لەدەستدا، ئەمە جگە لەوەی هێشتا بازاڕ ناسەقامگیرە و ترس لە بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار هەیە، بۆیە لە ئێستادا جیاوازی بەهای کڕین و فرۆشی دۆلار تا 14 هەزار دینارە.

هەڵئاوسان زیاد دەکات

ناسەقامگیری بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، لە ئێستاوە کەلوپەل و شمەکەکان نرخیان گران بووە، بەشێوەیەک شمەکی وشکە لە بازاڕەکان نرخیان تا چوار هەزار دیناری دیکە بەرزبووەتەوە، هاوکات پۆشاک و جل و بەرگ نرخیان لە نێوان 1000 دینار بۆ 4000 بەرزبووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی نرخی حەواڵە بەرزبووەتەوە، لەو بارەیەوە ئەرکان پێنجوێنی خاوەنی کۆمپانیای سروشتی کانی میران، لە بازاڕی دراوی سلێمانی بە PUKMEDIA ی راگەیاند: پێشتر ئەگەر 10 هەزار دۆلارت وەک حەواڵە بناردایە بۆ دوبەی ئەوا (-20) بوو، واتە 20 دۆلارت وەردەگرتەوە، بەڵام ئێستا لە هەمان بڕدا پێویستە 110 دۆلار بدەیت.

وتیشی: ئەم دۆخەی کە بەهۆی بەهای دۆلارەوە دروست بووە، بازاڕ تا رادەیەکی زۆر راگیراوە، ترس لە کڕین و فرۆشتنی دۆلار هەیە.

  فەرمانبەران زەرەرمەندترین توێژن

گۆڕانکاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار، زیانێکی زۆر و  ڕاستەوخۆ بە هێزی کڕینی موچەخۆران دەگەیەنێت، بەشێوەیەک ئەگەر بە نموونە مووچەخۆرێک مووچەکەی یەک ملیۆن دینار بێت، ئەوە 13.13% بە نرخی رەسمی توانای کڕین لەدەستدەدات،چونکە دینار بەو رێژەیە بەهاکەی لەدەستداوە، بەمەش مووچەکەی لە یەک ملیۆنەوە بۆ 868 دینار دادەبەزێت، خۆ ئەگەر بە نرخی بازاڕی ئازاد ئەژماری بکەین، ئەوە تا 220 هەزار لە مووچەکەی کەمدەکات، بەمەش مووچەکەی بۆ 780 هەزار دینار دادەبەزێت.

بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار سودی هەیە

بەهجەت ئەحمەد پسپۆڕی ئابوری بە PUKMEDIA ی راگەیاند:  بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار چەند سودێکی ھەیە بۆ ئابووری عیراق و ھاووڵاتیان، لەوانە کەم کردنەوەی رێژەی گەندەڵی کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو کراوە بەھۆی جیاوازی نێوان نرخی رەسمی دۆلار و نرخی بازاری ئاڵوگۆری دراوەکان، کە بەشێکی زۆری بۆ رۆتین و کێشەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا دروست ببوو.

دەشڵێت: حکومەتی فیدڕاڵی لە یەکەم ھەنگاوی بۆ رێگری لەو جیاوازیە بڕیاریدا بە ھەڵوەشاندنەوەی بریاری وەرگرتنی پێشوەختی گومرگ لە کاڵەی ھاوردەکراو.
لە بارەی سودەکانی دیکەش، ئەو شارەزایەی ئابوورییە ئاماژەی بەوەشکرد: کەمکردنەوەی کورتھێنانی بوودجەی گشتی وڵات، کە عیراق تووشی ھاتوە بەھۆی ئاڵۆزی ناوچەکەوە، ئەمە جگە لەوەی پشتیوانی و ھاندانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی ناوخۆ و بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا ھاوردەکان تا ھانی ھاووڵاتیان بدات روو لە بوژانەوەی ئەو دوو کەرتە ئابوریە بدەن، چونکە ھەموو ووڵاتانی خاوەن نەوت ئەو کێشەیان ھەیە و دەرئەنجامی ئابووری بەرخۆرە کە تووشی ئابووری ووڵاتانی خاوەن نەوت دەبێت کە عیراق لێیبەدەر نەبووە.

 رێژەی هەژاری زیاد دەکات

 بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق، لە رۆژی 11ی5ی2026، رێژەی هەژاری لە 22% بۆ 17% دابەزیوە، بەڵام چینێکی زۆر لە هاووڵاتییان لە سنووری نزیک لە هەژاری دەژین، واتە خەرجی ڕۆژانەیان تەنها 10% بۆ 20% لەسەرووی هێڵی هەژارییەوە، کە ئەم چینە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بۆیە بۆ خەمڵاندنی ڕێژەی نوێی هەژاری لەسەر بنەمای گۆڕانکارییەکانی بەهای دراو، هەڵئاوسان و دابەزینی داهاتی ڕاستەقینە، لە ئابووریناسی و لێکۆڵینەوەکانی بانکی نێودەوڵەتیدا چەمکی نەرمی گەشەی هەژاری یاخود پەیوەندی نێوان دابەزینی داهاتی ڕاستەقینە و هێڵی هەژاری بەکاردەهێنرێت، کە پشت بە سێ هەنگاو دەبەستێت، ئەوانیش بریتین لە لێکدانەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، هاوکێشەی نەرمی هەژاری، شێوازی چڕیی دانیشتووان لە دەوری هێڵی هەژاری، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت، کاتێک رێژەی هەژاری 17%یە توانای کڕین دابەزیوە بۆ %20، ئەوە بە خەمڵاندنێکی زانستی ڕێژەی هەژاری لە عیراق لە 17%ـەوە بۆ نێوان 21% تا 22.5% بەرز دەبێتەوە، واتە زیادبوونی نزیکەی 4 تا 5.5 خاڵی سەدی.


بانکی ناوەندی دڵنیایی دەدات

بانکى ناوەندیی عیراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، له چوارچێوەی پابەندبوونی بانکی ناوەندیی عیراق و حکومەتی فیدراڵ بە بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووریی بەردەوام و پاڵپشت بە ئەحکامەکانی یاسای بانکی ناوەندی ژمارە (56)ـى ساڵی 2004ـى هەموارکراو، بانکی ناوەندی ڕایگشتی ئاگادار دەکاتەوە لە ڕۆژی چوارشەممە،7ی10ی 202ەوە نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دەگۆڕێت.

دەشڵێت: دەستكاریكردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندایە و كەرتی تایبەت دەجوڵێنێت و دەستكاریكردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە چوارچێوەی چاكسازییە ئابورییەكاندایە.

PUKMEDIA /گۆران قادر



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket