riklam

یەکێتى ژوورە بازرگانى و پیشەسازییەکانى هەرێم نیگەرانن لە بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار

کوردستان 01:38 PM - 2026-10-07
وێنەیەکى کۆنگرەکە PUKMEDIA

وێنەیەکى کۆنگرەکە

ئابووری

دواى ئەوەى ئەمڕۆ بە رەسمى نرخى دۆلار بەرامبەر بە دینار راگەیندرا و نرخەکان بەرزبوونەوە یەکێتى ژوورە بازرگانى و پیشەسازییەکانى هەرێمى کوردستان نیگەرانى خۆی لە چەند خاڵێکدا روونکردەوە و چەند داواکارییەکی ئاڕاستەى حکومەتى فیدراڵى کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ى10ى2026 یەکێتى ژوورە بازرگانى و پیشەسازییەکانى هەرێمى کوردستان لە شارى سلێمانى کۆبووەوە و لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە ناڕازین لەو نرخەى کە بانکە ناوەنى عیراق بەرامبەر دینار رایگەیاندووە، چونکە ئەمە کاریگەرى نەرێنى دەکاتە سەر بازاڕ و بازرگان و هاووڵاتییان و هەلومەرجى پیشەسازان و بازرگانان و هاووڵاتییان لەبەرچاو نەگیراوە.

ئاماژەی بە ئەوەشدا: داوا لە حکومەتى فیدراڵ و بانکى ناوەندى دەکەین پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکەن و بڕیارێک بدەن کە هەلومەرجى بازرگان و هاووڵاتى لە هەرێمى کوردستان و عیراق رەچاو بکەن، بڕیارەکەى ئەمڕۆ بۆ بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار بەرامبەرە دینار زۆر لەناکاو بوو، لەکاتێکدا پێویست بوو قۆناغ بە قۆناغ نرخەکان بەوجۆرە بگۆڕێت و بەرزببێتەوە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا روونى کردەوە: ئەم بڕیارە کاریگەرى نەرێنى لەسەر مووچەخۆرانیش هەیە، چونکە مووچەى ئەوان زیاد نەکراوە و بە دینارى عیراقى وەریدەگرن و هەژماردەکرێت، بەڵام بەهاى دینار بەهۆى ئەو بڕیارە دابەزیووە و مووچەکانیشیان هیچ زیاد نەکراوە بەراورد بە پێش دەرکردنى ئەم بڕیارە و ئامادەسازى بۆ بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار و دابەزینى بەهاى دینار نەکراوە.

داوایەکى دیکەی یەکێتى ژوورە بازرگانى و پیشەسازییەکانى هەرێمى کوردستان ئەوە بوو، کە ئەگەر ئەم نرخەى ئێستاى دۆلار جێگیر کرا، ئەوا بەیەکسانى بۆ هەموو بازرگانانى عیراق بانکى ناوەندى دۆلار دابینبکات، هاوکات نرخى دۆلار لەناو بازاڕەکانى دراو بەراورد بە نرخەکەى لە بانکى ناوەندى جیاوازییەکى زۆر لەنێوانیاندا نەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە هەرێمى کوردستان و عیراق لەم چەند رۆژەدا نرخى دۆلار بەرامبەر بە دینار ناجێگیرە و بەردەوام روو لەبەرزبوونەوە دەکات، کە بەگوێرەى شارەکان لە هەرێمى کوردستان و عیراقدا جیاوازى لە نرخەکان بەدیدەکرێت.

PUKMEDIA  




ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket