riklam

نۆ ساڵ بەبێ شكۆی نەتەوە و نیشتمان

کوردستان 09:48 AM - 2026-10-03
سەرۆك مام جەلال PUKMEDIA

سەرۆك مام جەلال

سەرۆک مام جەلال

پاشنیوەڕۆی رۆژی 3ی10ی2017 لە وڵاتی ئەڵمانیا سەرۆك مام جەلال كۆچی دوایی كرد و ساڵانەش لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان یادی ئەو کۆستە گەورەیە دەكرێتەوە.

مام جەلال كە یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمایی كوردستان بوو، رۆژی 17-12-2012 بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە لە بەغدادەوە رەوانەی ئەڵمانیا كرا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشیكی، بەداخەوە رۆژی 3-10-2017 دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و كۆچی دوایی كرد.

ئەمڕۆ نۆ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دوا كۆچی سەرۆك مام جەلالدا.
 
ژیاننامەی سەرۆك مام جەلال ...

مام جەلال كوڕ‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌ی شێخ نوری كوڕ‌ی شێخ غەفوور، هاوینی ساڵی 1932 لە گوندی (كەلكان)ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لەدایكبووە، كە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوكان، چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووە و دواتر باوكی بووە بە رێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە. لەوێ چووەتە خوێندنگای سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەك لێهاتوو بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نیشانەكانی سەركردایەتی بە جۆرێک‌ لێدەركەوتووە كە پێش هاوڕ‌ێكانی دەكەوت بۆ كۆڕ‌ی پرسە و ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕ‌ێوە دەچوون، بەیانیان لە كاتی ریزبوونی خوێندکاراندا، مامۆستاكان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی.

 لەوێوە بیرۆكەی نەتەوایەتی لای ئەو چەكەرەی كرد تا وای لێهات وردە وردە بەسەریدا زاڵ بوو، كە گەیشتە پۆلی چوارەمی سەرەتایی یەكێكبوو لە پێشەنگەكانی خوێندكاران كە بە پەرۆشەوە بەشداری لە چالاكییەكانی خوێندنگا دەكرد و بەشداری لە وتار خوێندنەوە و شانۆدا دەكرد.
 
ئەگەرچی جەژنی نەورۆز لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقەوە یاساخ بوو، بەڵام لەگە‌ڵ ئەوەشدا گەلی كوردستان لە 21 ی ئاداری هەموو ساڵێك بە ئاهەنگ یادیان دەكردەوە، ئەویش بەهۆی پیرۆزیی ئەم جەژنە لای كورد كە بە رۆژی سەركەوتنی گەلی كورد دادەنێن بەسەر ئەو زاڵمانەی دەیچەوساندنەوە.

* ساڵی 1945: ئاهەنگێكی میللی لە كۆیە بۆ نەورۆز سازكرا، سەرۆك تاڵەبانی كە لە تەمەنی 13 ساڵیدا بوو بەشداری تێدا كرد و وتەی حەماس ئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسوڕ‌مانی مامۆستا و بەشداربووان.

 * لە ساڵی 1946 دا لەگە‌ڵ چەند هاوڕ‌ێیەكی خوێندكار و بە ئامۆژگاری یەكێك لە مامۆستاكانی كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراند بە ناوی كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە  (k.p.x) و مام جەلال بە سكرتێری هەڵبژاردرا، ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.
 
* لەهەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16 ی ئابی 1946 كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانە.

* دوای چوونە ناو كاری سیاسییەوە، رۆژنامەی (رزگاری) كە پارتی دیموكراتی كورد بەنهێنی دەریدەكرد، كورتە وتاری لەژێر نازناوی (ئاگر)دا بۆ بڵاودەكردەوە.

* ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموكراتی كورد و چالاك و لێهاتوو بوو لەو ئەرك و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

* ساڵی 1948 خوێندنی سەرەتایی تەواو كرد و لە ناوەندی كۆیە بوو بە خوێندكار، ئەو ساڵە بە ساڵی (وەسبە) (راپەڕ‌ین) ناسرابوو، كە گەلی عیراق توانی پەیماننامەی (پۆرتسماوس) هەڵبووەشێنێتەوە و حكومەتی ساڵح جەبر بڕ‌وخێنێت و حكومەتی محەمەد سەدر دابمەزرێنێت و لەو كەشوهەوا ئازادییەدا كە لە سایەی ئەم (راپەڕ‌ینە) هاتەكایەوە، هەڵبژاردنێكی گشتی خوێندكاران ئەنجامدرا بۆ هەڵبژادنی نوێنەرانی كۆنگرەی گشتی.

ئەوە بوو سەرۆم مام جەلال تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندكارانی كۆیە هەڵبژێردرا و بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عیراقدا كرد كە لە نیسانی 1948 لە گۆڕ‌ەپانی (السباع) ی شاری بەغداد بەسترا.
 
* لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمینجار گوێی لە شاعیری مەزن (محەمەد مەهدی جەواهیری) بوو، كە شیعرە بەناوبانگەكەی (رۆژی شەهید)ی خوێندەوە، كە بۆ جەعفەری برای و بۆ شەهیدانی وەسبە وتبووی. ئەو ساتانە لە ژیانی سەرۆك تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وایكرد ببێتە یەكێك لە مریدەكانی شیعری ئەو و دواتریش بوو بە ئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتییە تا دواساتەكانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو.

 * ساڵی 1949 و لە سایەی حوكمی عورفی و تۆقاندن كە كوردستان و عیراقی گرتەوە، سەرۆك تاڵەبانی لە حزبدا سەركەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی كۆیە.
 
* لە شوباتی 1951 دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بە هەڤاڵێكی خۆی بەخشی كە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە كۆنگرەدا كردبوو.

 * لە ساڵی 1951 دا لەگە‌ڵ چەند هەڤاڵێكدا گیرا و بۆ شاری موسڵ دوورخرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوامبوو و دواتر چووە كەركوك بۆ تەواوكردنی خوێندن و سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی رێكخستنەكانی حزب و بووە بەرپرسی رێكخستنەكانی كەركوك. لەهەمان ساڵیشدا ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەكانی بە شێوەیەكی نهێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.
 
* ساڵی 1952 چووە كۆلیژی ماف (حقوق) لە بەغداد كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.

* لە كانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و لە كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردرا و لەهەمان ساڵیشدا یەكێكبوو لە دامەزرێنەرانی (یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان)، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشكراكانی عیراقی.

* ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

 * ساڵی 1955 سەفەری دەرەوەی عیراقی كرد و لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لە وارشۆ بەشداری كرد و لەوێوە سەردانی یەكێتی شوورەوی ئەوسا و چینی كرد.

 * ساڵی 1956 لەبەرچاوان ونبوو، كەوتە خەباتی ژێرزەمینی و ناچاربوو لە قۆناغی چوارەمی مافدا خوێندن بەجێبهێڵێت.

 * ساڵی 1957 سەفەری سوریا و مۆسكۆی كرد و لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ بەشداری كرد و هاتنی بۆ سوریا بە فرسەت زانی بۆ پەیوەندی بە كوردەكانی ئەوێوە و پەیوەندیەكی سیاسی دروستبوو. لەهەمان ساڵیشدا گەڕ‌ایەوە عیراق و بەشداری لە كارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یەكگرتوو كرد و بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی (خەباتی كوردستان) كە لە سلێمانی بەنهێنی دەریان دەكرد.

* لە یەكەمین رۆژی سەركەوتنی شۆڕ‌شی 14 ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی كرد و بە هاوكاری هەڤاڵانی حزب لەنێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداری لە كاروباری مەكتەبی سیاسی و دەركردنی گۆڤاری (رزگاری) (التحریر)دا كرد، هەروەها ئەركی ئەو خەباتەی لەئەستۆ گرت كە لەنێو ریزەكانی حزبدا فراوان دەبوو، وەك پێویستییەكی بوونی حزبێكی پێشڕ‌ەوی كوردستانی و رێكخراوە پێشەییەكان بەرهەڵستكاری كردنی ئەو هەوڵانەی كە دەیانویست پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە پاشكۆی حزبێكی عیراقی.

* ساڵی 1959 جارێكیتر بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا و لەهەمانكاتدا ئەفسەری یەدەكی كەتیبەی چوارەمی تانك بوو، هەروەها بەشداری لە دەركردنی رۆژنامەی (خەبات)دا دەكرد كە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو و بە ناوی (پیرۆت)ەوە وتاری تێدا بڵاودەكردەوە.
 
* ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو كە خولێكی هۆشیاری بۆ كادێرەكان كردەوە.
 
* ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی (كوردستان) و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆرییەت خوێندەوە و بەرگری لە بارزانی كرد كە ئەو سەردەمە قاسم كۆمەڵێك تاوانی دابووە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بەنهێنی گەڕ‌ایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد كە لە شەشەی ئەیلولدا كرا.

* لە ئەیلولی 1961 دا كە شۆڕ‌ش هەڵگیرسا، لێپرسراوی ناوچەی سلێمانی بوو، یەكەمین بنكەی شۆڕ‌شی لە چەمی رێزان كردەوە و سەرپەرشتی كرد و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی كرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووە هێزێكی گەورە، ئەوە بوو كرا بە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

 * لە نەورۆزی 1962 دا، سەركردایەتی ئەو هێر‌شە بەرفراوانەی كرد بۆسەر ناوچەی شارباژێڕ ‌و لە ماوەی چەند رۆژێكدا دەست بەسەر هەموو بنكەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و هێزەكانی بەرەو‌ قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەكەیان ئازاد كرد.

 بەمشێوەیە هەردوو ناوچەی شارباژێڕ ‌و پێنجوێن بوونە دوو ناوەندی شۆڕ‌ش و سەركردایەتی، لە 1962 ـ 1963 زۆربەی ناوچەكانی قەرەداغ و قەڵاسێوكە و گەرمیان و سەنگا و ئازادكران. ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی هێزی رزگاری بوو، لەهەمانكاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەكانی بەمۆ و هەڵەبجە و تەوێڵە و بیارەی دەكرد.

* ساڵی 1963 و دوای كودەتا رەشەكەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆكی وەفدی كوردی دەستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ لەگە‌ڵ حكومەتی تازەدا كە لەسەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی رەوای كورد نیشاندا، هەروەها سەردانی كۆماری میسری و جەزائیری كرد و چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا كەوت و لەهەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای كرد و نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی كوردستانی كرد و سەركەوتوو بوو بۆ ناساندنی كێشەی كورد و ئاشكراكردنی بارودۆخی كوردستان و كۆكردنەوەی یارمەتی و هاوكاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیكسلۆفاكیا و نەمسا.

* ساڵی 1964 گەڕ‌ایەوە كوردستان و ئەركی خۆی لە فەرماندەیی كردنی هێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.

* ساڵی 1967 بەشداری لە كۆڕ‌ی (ئیشتراكیەكانی عەرەب) كرد لە جەزائیر و لێكۆڵینەوەیەكی زۆر بەپێزی دەربارەی كێشەی كورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد و دۆستایەتی نێوان كورد و عەرەب پێشكەشكرد.

* ساڵی 1970 رۆڵی كاریگەری خۆی بینی لە یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناكۆكییەكی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا هەبوو.

 * ساڵی 1972 سەفەری دەرەوەی عیراقی كرد و ماوەیەك لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی كورد كە لە ئەنجامی رێكەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزاكرا، سەرۆك تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

 * لە 1-6-1975 لە دیمەشق لەگە‌ڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دامەزراند و نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا كە لە 1 ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنراو بووە سكرتێری گشتی یەكێتی.

* لە ساڵانی دوای دامەزراندنی یەكێتی لەسەر چالاكی سیاسی و سەركردایەتی حزب و شۆڕ‌ش بەردەوام بوو لەگە‌ڵ هەڤاڵەكانی لە چیا و ئەشكەوتەكانی كوردستاندا دەژیا.
 
* بە گەواهی زۆر لە چاودێرە سیاسییەكان یەكێك بووە لە بزوێنەری سەرەكی بۆ لێك نزیككردنەوەی بۆچوونەكان لەنێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە كۆنگرەكانی نیویۆرك و لەندەن و سەڵاحەدین و هەموو دانیشتنەكانی دوای ئەوانەش كە پەیوەندی بە رێكخستن و نزیكبوونەوەی ماڵی عیراقییەوە هەبوو، میوانداری زۆربەی زۆری هێزە عیراقییەكانی كردەوە لە كوردستان و پشتگیری هەمە جۆرەی كردوون.

* لەسەر گۆڕ‌ەپانی نێودەوڵەتیش، سەرۆك تاڵەبانی بەشداری چەندین كۆنگرە و كۆبوونەوەی ئیشتراكی نێودەوڵەتی كردەوە و چاوی بە سەركردە سیاسییە نێودەوڵە‌تییەكانی زۆر وڵاتانی جیهانی كەوتووە.
 
* جگەلەوەی كە كەسایەتییەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەند و نووسەر و یاساناس بوو، وەك رۆژنامەنووسێكیش لە رۆژنامەی نهێنی و ئاشكرادا نووسیویەتی و لەساڵی 1959 بە ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراقی هەڵبژێردرا كە شاعیری مەزن محەمەد مەهدی جەواهیری نەقیبی بوو.

* سەرۆك تاڵەبانی جگەلەوەی یەكێكە لە سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەنووسەرە دیارەكان، نووسەرێكی ناوداریشە و بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری لەتیشك خستەسەر تێكڕ‌ای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەكە و بزووتنەوەی سیاسی كوردی كردەوە، لەم بوارەشدا چەندین كتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە كە كتێبخانەی عەرەبی و كوردی دەوڵەمەند كردەوە و بوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی كوردی و عیراقیدا.

* دوای ئازادكردنی عیراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردراو لە مانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كردو لەم ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسوڕ‌اندنی كاروباری حوكم نیشاندا.

 * لە 6 ی نیسانی 2005 مام جەلال 227 دەنگی لە كۆی 248 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بەدەستهێنا و بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا، بەمجۆرە سەرۆك تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كوردو هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە.

*لەساڵی 2005  تا ساڵی 2014 بۆ دوو خول وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردراوە.
 
*لە 17-12-2012 لە بەغداد توشی جەڵدەی مێشك بوو، پاشان بۆ چارەسەر گەیەندرایە نەخۆشخانەیەك لە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش ماوەیەك بە تەندروستیەكی باشەوە گەڕایەوە شاری سلێمانی.

*لەو كاتەشەوە تا كۆچی دوایی كرد، چەند جارێك بۆ مەبەستی چارەسەر سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كرد و لە رۆژی 3-10-2017  دڵە گەروەكەی لە لێدان و كەوتوو و كۆچی دوایی كرد.
 
یەكێتی هەواڵی كۆچی دوایی مامی راگەیاند

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی رەسمی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر هەواڵی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاند. 
 
هاووڵاتیان پرسەی ماتەمیان گێڕا

 دواتر لە سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و بادینان و جەلەولا و گەرمیان و خورماتوو رۆژئاوا و خانەقین و كەلار و دهۆك و زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان لە چەندین شوێنی جیاجیا هاووڵاتیان پرسەی ماتەمیان بۆ سەرۆك مام جەلال گێڕا.هاوكات چەند گەنجێك لە پێنجوێنەوە بەپێ بەڕێكەوتن بۆ بەشداری لە پرسەی مام لە شاری سلێمانی. 

عیراق ماتەمینی سەرتاسەری بۆ كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال راگەیاند

 
 حكومەتی عیراقییش بۆ كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال سكرتێری گشتی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق بەرەسمی سێ رۆژ پرسەی لە سەرتاسەری عیراقدا راگەیاند.هیچ سەركردەیەكی كورد هێندەی مام جەلال لەناو میدیاكانی جیهاندا نەناسراوە، هەر‌ئەمەش وایكردووە كە میدیاكانی جیهان، بەگرنگییەوە باس لە ماڵئاواییكردنی سەرۆك مام جەلال بكەن و پانتاییەكی باش بۆ ئەم هەواڵە ناخۆشە تەرخانبكەن. 


حكومەتی هەرێم هەفتەیەك ماتەمی راگەیاند و ئاڵا داگیرا

وتەبێژی ئەوكاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی كۆچیی دوایی سەرۆك مام جەلال هەفتەیەك ماتەمی لەسەرجەم دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم راگەیاند و فەرمانیشكرا لەهەموو وەزارەت و دام و دەزگاكانی هەرێم ئاڵای كورستان و عیراق بۆ ماوەی هەفتەیەك هەتا نیوە دابگیرێت. 

تەرمی سەرۆك مام جەلال هێنرایەوە سلێمانی

سەعات 7:00ی بەیانی رۆژی 6-10-2017 لە فڕۆكەخانەی بەرلینەوە تەرمی سەرۆك مام جەلال بە فڕۆكەیەكی تایبەت بەڕێكەوت بۆ سلێمانی، هاوكات سەعات 11:30 ی پێش نیوەڕۆ ئەو فڕۆكە تایبەتەی تەرمی سەرۆك مام جەلالی هەڵگرتبوو گەیشتە فڕۆكەخانەی سلێمانی و بەپێی پرۆتۆكۆڵێكی جیهانی و لە مەڕاسیمێكی سەربازیدا و بە وتنەوەی مارشی نیشتمانی عیراق و مارشی نەتەوەیی كورد و تەقاندنی 21 تۆپ و رێڕۆشتنی پاسەوانانی شەرەف بە ئامادەبوونی فوئاد مەعسوم سەرۆككۆماری ئەوساى عیراق و مەسعود بارزانی  و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و هێرۆ خان و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی باڵای حكومەت و پەرلەمانی عیراق و باڵوێزانی وڵاتان و وەفدی باڵای ئێران و وەفدی باڵای نەتەوە یەكگرتوەكان و حزب و لایەنە سیاسیە عیراقی و كوردستانیەكان، لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی مام جەلال كرا.

دوای رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی سەرۆك مام جەلال بەپڕۆتۆكۆڵی سەربازی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی،  رێوڕەسمی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر تەرمی سەرۆك مام جەلال بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەكەدا هەریەك لە د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئەوكاتەی عیراق و مەسعود بارزانی و محەمەد جەواد زەریف وەزیری ئەوكاتەی دەرەوەی ئێران مەعروف بەخیت نوێنەری شا عەبدوڵڵای دووەم پاشای ئوردن ‌و قاسم ئەعرەجی وەزیری ئەوکاتەى ناوخۆی عیراق بەنوێنەرایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتەى عیراق و د.سەلیم جبوری سەرۆكی ئەوكاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و یان كۆبیچ نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان و دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و نوێنەرى یەكێتی ئەوروپا دیگری ئیستیری باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عیراق و یوسف محەمەد و جەعفەر ئیمنیكی و بێگەرد تاڵەبانی بەنوێنەرایەتی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و عوسمان بایدەمیر جێگری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەبەپە) و ئەنوەر موسلم سەرۆكی كانتۆنی كۆبانێ و نوێنەری رۆژئاوای كوردستان و نوێنەرانی كونسوڵخانەكانی وڵاتان لە هەولێر و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی ئەوكاتەی هێزەكانی 70، بە نوێنەرایەتی هێزەكانی پێشمەرگە و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و مەلا بەختیار و بنەماڵەی سەرۆك مام جەلال تاجەگوڵینەی رێزلێنانیان لەسەر تەرمی پیرۆزی سەرۆك مام جەلال دانا.

لە پاش دانانی تاجە گوڵینە لەسەر تەرمی پیرۆزی دوای سێ سەعات لە فڕۆكەخانەی سلێمانی كەژاوەی تەرمی سەرۆك مام جەلال بە ئاپۆڕایەكی جەماوەری گەورە لە هاووڵاتیان و ئامادەبووانی مەراسیمەكە بەشەقامی سالمدا بەرەو‌ مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەڕێكرا .

دوای گەیشتنی بەئامادەبوونی دەیان هەزار كەس، لەسەر تەرمی پیرۆزی لە مزگەوتی گەورە نوێژی مردووی لەسەر ئەنجامدرا و پاشانیش بەرە و دوامەنزڵی خۆی لە دەباشان بەڕێكرا.

دواتر لەنێو شیوەن و ئاپۆرای جەماوەریدا و بەبەشداری سەدان هەزار كەس و بەرپرس و كەسایەتی نێوخۆیی و بییانی تەرمی پیرۆزی گەیەندرایە گردی دەباشان و لە دوامەنزڵی خۆی و لە بەرزترین شوێنی شاردا بەخاك سپێردرا.
 

قوبادی مام وتاری بنەماڵەی خوێندەوە

دوای بەخاكسپاردنی تەرمی پیرۆزی سەرۆك مام جەلال قوباد تاڵەبانی وتاری بنەماڵەی تاڵەبانی خوێندەوە و رایگەیاند: "راستە مام جەلال باوكی من و بافڵ بوو، بەڵام مامی هەمووتان بوو".

قوباد تاڵەبانی وێڕای سوپاس و پێزانینی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ هاوسۆزی و پەرۆشی و هاوخەمی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆ كۆچی جەنابی سەرۆك مام جەلال راشیگەیاند: "پرسەكانتان لە چوار پارچەی كوردستانەوە بە دەستمان گەیشت، بەڵام پێویستە بۆ ئاسوودەیی رۆحی پاكی مام یەكڕیزی و یەكێتی نێوان كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بپارێزین، تا بتوانین پەیامە پیرۆزەكەی مام بگەیەنین كە هەمیشە ئەو هەوڵی بۆ دەدا".

وتیشی: "سەرۆك مام جەلال خەبات و رەنجیدا بۆ كوردستان، ئەو لە ژیانیدا كوردستانی هەڵبژارد لەبری ژیانی ئاسایی، خەباتی كرد بۆ هەموو گەلانی عیراق و لەو رێگایەش ماندو بوو، ئەو هەوڵی تەواوی دەدا بۆ سەرخستنی كوردستان و پارٍاستنی گەلی كورد، بۆیە ئێمەش وەك وەفایەك بۆ رۆحی پاكی مام بەدەر لە حزبایەتی و رای جیاواز و دەنگی جیاواز پێویستمان بەیەكڕیزییە لە پێناو خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

  پرسەی سەرۆك مام جەلال بەڕێوەچوو

دوایی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال و بەخاكسپاردنی لەگردی دەباشانی شاری سلێمانی، لەرۆژانی شەممە و یەكشەممە ( 7 و 8ی تشرینی یەكەمی 2017) مەراسیمی پرسەی مام جەلال، لەشار و شارۆچكەكانی كوردستان و‌ شارەكانی (سلێمانی، هەولێر، كەركوك، بەغدا، ئەمریكا/داڵاس، بەریتانیا، نەمسا، سوید، فینلاند، هۆڵەندا، ئیتاڵا، سویسرا، یۆنان، نەرویج، ئەڵمانیا، پاریس) بەڕێوەچوو.

  ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال لە دیدی میدیاكانی جیهانەوە

بی بی سی: مام جەلال كاریگەری گەورەی لەسەر مێژووی سیاسی مۆدێرنی عیراقدا هەبووە

ئاژانسی بی بی سی بەریتانیا كە یەكێكە لە ئاژانسە گەورە و‌ ناسراوەكانی بەریتانیا و جیهان، بە زۆربەی زمانەكانی جیهان هەواڵی كۆچی دوایی مام جەلال- ى بڵاوكردووەتەوە ‌و راپۆرتی لەسەر ژیان و خەباتی سیاسی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت: "مام جەلال سیاسییەكی بەتوانا و رێزدار بوو، خاوەنی ئەزموونێكی درێژی سیاسی بووە و كاریگەری گەورەی لەناو مێژووی سیاسی مۆدێرنی عیراق گێڕاوە و لەسەردەمی حوكمی شانشینی و كۆماریدا لەعیراق ژیاوە و خەباتی كردووه".


گاردیان:  تاڵەبانی كلیلی قۆناغی تێپەڕاندنی پێكهێنان و دووبارە داڕشتنەوەی عیراقبوو

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیاش، كە ناسراوترین رۆژنامەی بەریتانیا و جیهانیشە، راپۆرتێكی لەمبارەیەوە بڵاوكردوەتەوە و تیشكی خستوەتە سەر ژیانی سیاسی و تایبەتی مام جەلال و دەڵێت:  "تاڵەبانی دەرچووی بەشی یاسا، كلیلی قۆناغی تێپەڕاندنی پێكهێنان و دووبارە داڕشتنەوەی عیراقبوو دوای لەناوچوونی سەدام لە 2003، پاش هەڵبژاردنەكان راسپێردرا بۆ سەرۆك كۆماری عیراق كە پۆستێكی گەورەی تەشریفاتی بوو، لەلایەن پەرلەمانی تازە پێكهاتووی عیراق لەساڵی 2005".

گۆڤاری شپیگڵی ئەڵمانیا
 
گۆڤاری شپیگڵی ئەڵمانیا كە ناسراوترین گۆڤاری ئەڵمانیایە، لەسەر سایتەكەی خۆی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت: "مام جەلال یەكەمین سیاسەتمەداری كورده، كە دەبێتە سەرۆكی عیراق"، دواتریش لەبارەی رەوشی تەندروستییەوە‌ قسە دەكات و‌ دەڵێت: "مام جەلال تەمەنی 83 ساڵە ماوەی پێنچ ساڵە نەخۆشە و‌ لە نەخۆشخانەی (چاریتە) لە بەرلین چارەسەر وەردەگرێت".

خودا حافیزی لە مام جەلال
 
كەناڵی یەكی ئەڵمانیا كە بەربڵاوترین كەناڵی تیڤی ئەڵمانیایە و كەناڵێكی رەسمییە، راپۆرتێكی چوار دەقیقەیی لەبارەی ژیاننامە و خەبات و كاری سیاسی مام جەلال لەژێر ناوی (خودا حافیزی لە مام جەلال) بڵاوكردووەتەوە، لەو راپۆرتەدا تیشكی خستوەتە سەر زۆر خاڵی گرنگی ژیانی مام جەلال.

دژی حوكمی سێدارەدان و سەربەخۆیی بووە

لە درێژەی راپۆرتەكەیدا هاتووە: "مام جەلال ناسراوترین كەسایەتی سیاسیی كورد بووە، پیاوێكی دەوڵەتمەداری رێزدار و سەنگین و دووربین بووە، ئەو یەكەمین سیاسیی كورد و عیراقی بووە كە دژی حوكمی سێدارە وەستاوەتە‌وە، جگە لەوەش لەگەڵ جیابوونەوەی كوردەكانی عیراق نەبووە".

یەكەم سەرۆكی ناعەرەب
 
رۆژنامەی سوید دۆیتچە تسایتوونگ، كە رۆژنامەیەكی ناسراوی ئەڵمانیاییه ‌و زیاتر مەیلی موحافیزكەرانەی هەیە، راپۆرتێكی لەبارەی كۆچیی دوایی مام جەلال بڵاوكردوەتەوە و دەڵێت: مام جەلال یەكەمین سەرۆكی عیراقی بووە كە عەرەب نەبووە و سیاسەتەمدارێكی ناسراوی كورد بووە كە هەتاوەكو ساڵی 2014 سەرۆكی عیراق بووە.

سەمامی ئەمان


كەناڵی دۆیتچە ڤێلە كە كەناڵێكی نێودەوڵەتیی ئەڵمانیایەوە لەلایەن حكومەتەوە پشتگیری دەكرێت و به زیاتر لە 30 زمان ، بەرنامەكانی پەخش و بڵاودەكاتەوە، راپۆرتێكی درێژی لەبارەی كۆچی دوایی مام جەلال ئامادەكردووە و لە سایت و‌ تەلەفزیۆنەكەی بڵاویكردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: كوردەكان پێیاندەوت مام جەلال، عیراقییەكانیش زۆر رێزیان لێدەگرت و پێیاندەوت، (سەمامی ئەمان).

هەوڵی كەمكردنەوەی كێشەكانی نێوان كورد و عەرەبی دەدا، لەدرێژەی راپۆر‌تەكەی كەناڵی دۆیتچە ڤێلەدا هاتووە: هەمیشە مام جەلال رۆڵی هێوركردنەوەی كێشەكانی نێوان كورد و عەرەبی دەدا، هەر‌ئەمەش وایكرد كە عەرەبەكانیش رێزی لێبگرن و نازناوی سەمامی ئەمانی پێبدەدەن. جگەلەوەش هەمیشە مام جەلال هەوڵیداوە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، پەیوەندی دۆستانە و باشی هەبێت.

 
گۆڕینی نەهجی سیاسی

لەبارەی تێڕوانین و ئەندێشەی سیاسیی مام جەلالەوە ئەو كەناڵه ‌ئەڵمانییە دەڵێت: هەمیشە مام جەلال  لەكاتی دروستبوونی تەنگەژەكاندا، دەیتوانی تێڕوانین و رێبازی سیاسی خۆی بگۆڕێت، كە ئەمەش زۆرجار دەبووە مایەی ئەوەی، كە رووبەروی رەخنە و لۆمەی زۆركەس و لایەن  بێتەوە.


نیۆرك تایمز

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، كە یەكێكە لە رۆژنامە ناسراوەكانی ئەمریكا و جیهان، راپۆرتێكی لەبارەی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلالەوە بڵاوكردووەتەوە و‌ تێیدا هاتووە:  سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بەپێی دەستوور تەشریفاتییە، بەڵام تاڵەبانی بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە توانیبووی پردێكی پەیوەندی دروست بكات و خۆی خاوەنی پێگەكەیبێت، لە 2005 بۆ 2012 وەك سەركردەیەكی پایە بەرزی بێ سنوور و بەهێز و كاریگەر سەرۆكایەتی كرد.

لۆس ئەنجلیس تایمز


رۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمزیش كە ئەویش رۆژنامەیەكی لیبڕاڵی ناسراوی ئەمریكایە، راپۆرتێكی لەمبارەیەوە بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت:  تاڵەبانی سەرۆكی یەكێك لە سەرەكیترین پارتی كوردی عیراقە، لە دوای 2003 و روخانی سەدام حسێن بوو بە سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە، هەمیشە وەك كۆكەرەوەی سیاسی و سیاسەتمەدارەكان بینراوە، توانیویەتی بە نەرمی كورد و شیعە و سوننەی كورد رێكبخات و كۆبكاتەوە.


سی ئێن ئێن

كەناڵی تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێن كە ناسراوترین و بەربڵاوترین كەناڵی تیڤی ئەمریكا و جیهانیشە، راپۆرتێكی لەمبارەیەوە بڵاوكردوەتەوە و تیشكی خستوەتە سەر ژیانی سیاسیی و شەخسی سەرۆك مام جەلال، بەتایبەتی لایەنی تەندروستی و  دەڵێت: مام جەلال  سیاسەتمەدارێكی كوردە و‌ لە 12 نۆڤەمبەری 1933 لە پارێزگای سلێمانی لەدایكبووە و لەساڵی 2007 تووشی نەخۆشی بووە و سەردانی نەخۆشخانەی  (الحسین)ی لە ئوردون كردووە و دواتریش لەساڵی 2008 چووەتە ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكەی، دواتریش لەساڵی 2012 ەوە رەوشی تەندروستی تەواو خراپبووه و چووەتە ئەڵمانیا‌، لەلایەكی ترەوە  ئەویش باس لەوە دەكات، كە سەرۆك مام جەلال، یەكەمین سەرۆكی عیراقی بووە كە عەرەب نەبووە.

 
جێگەی رەزامەندی هەمووان بووە

كەناڵی (روسیا تودەی) كە كەناڵێكی روسییە و بەچەندین زمانی جیهانی بەرنامەكانی پەخش دەكات، لەمبارەیەوە راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و دەڵێت:  جەلال تاڵەبانی ناسراوترین سەركردەی كورد بووە لە جیهاندا، هەروەها كەسێكی بەئەزموون و سەنگین بووە و لەلای هەموو لایەنە سیاسییەكانی عیراق ، مایەی رێز و حورمەت بووە.


حەوت وێزگەی ژیانی

ئاژانسی سپوتنیكی روسیا كە یەكێكە لە ئاژانسە ناسراوەكانی روسیا و بە چەندین زمانی جیهانی هەواڵەكانی بڵاودەكاتەوە، راپۆرتێكی گرنگی لەمبارەیەوە بڵاوكردووەتەوە و تێیدا باسی لە حەوت وێزگەی گرنگی ژیانی سیاسی مام جەلال باسكردووە، تێیدا خەباتی مام جەلال لەسەردەمی شانشینی و كۆماری باسكردووە.

كەسایەتییەكی تەوافقی

لەدرێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە: لەپاش رووخانی رژێمی سەدام حسێن لەساڵی 2003ەوە، جەلال تاڵەبانی، لەمەیدانی سیاسی عیراقدا، باشترین كەسایەتی تەوافقی بووە، كە دەیتوانی هەموو لایەنە سیاسییە ناكۆكەكانی عیراق كۆبكاتەوە.

دۆستی ئێران وئەمریكاش بووە

دواتریش باسی حیكمەتی مام جەلال دەكات و دەڵێت: جەلال تاڵەبانی لەیەك كاتدا دەیتوانی دۆستی ئەمریكا و ئێرانیش بێت، ئەمە لەكاتێكدا ئەو دوو دەوڵەتە زۆر دوژمنی یەكترین.

رۆیتەرز

ئاژانسی رۆیتەرز كە ناسراوترین ئاژانسی هەواڵییە لەجیهاندا، راپۆرتێكی درێژی لەبارەی ژیانی سیاسی وشەخسی سەرۆك مام جەلالەوە بڵاوكردوەتەوە و دواتریش باسی لە ئەندێشەی سیاسی دەكات و دەڵێت: مام جەلال پەیوەندیەكی زۆر باشی لەگەڵ ئێران‌ و لایەنە سیاسییە شیعەكانی عیراقدا هەبوو، كەلە راستیشدا هەرئەوانەش دەسەڵاتداری راستەقینەی عیراقن.

دانوساتكارێكی زیرەك بوو

كەناڵی فرانس 24ی فەرەنساش كە بەچەندین زمانی جیهانی بەرنامەكانی پەخش دەكات، راپۆرتێكی درێژی لەبارەی ژیانی سیاسی و شەخسی سەرۆك مام جەلال بڵاوكردوەتەوە و دەڵێت: جەلال تاڵەبانی سیاسییەكی سەنگین و ناسراو بوو، جگە لەوەش دانوسانكارێكی زۆر زیرەك بوو، لەلای زۆربەی لایەنە سیاسیەكانی عیراق، رێزی لێدەگیرا و جگەلەوەش دەیتوانی هەموو لایەنە ناكۆكەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبكاتەوە.

رۆژنامەی گەلی چینی

رۆژنامەی گەلی چینی كە ناسراوترین رۆژنامەی كۆماری چینە و لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگیری دەكرێت و بە چەندین زمانی جیهانی پەخش دەكرێت، راپۆرتێكی لەبارەی كۆچی دوایی مام جە‌لالەوە ئامادەكردووە و تێیدا تیشكی خستوەتە سەر ژیانی سیاسی مام جەلال و دەڵێت: لەساڵی 1975 ەوە پارتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دروستكرووە و لەساڵی 2005 ەوه ‌بوەتە سەرۆكی عیراق و ‌یەكەمین كورد بووە و بگاتە ئەو پۆستە.

فرانس پرێس

ئاژانسی فرانس پرێس كە یەكێكە لە ئاژاسنە ناسراوەكانی  فەرەنسا و جیهان، راپۆرتێكی لەمبارەیەوە بڵاوكردوەتەوە و تێیدا تیشكی خستوەتە سەر ژیانی سیاسی مام جەلال و دواتریش لەناو راپۆرتەكەیدا لێدوانی كۆمەڵێك سەركردە و بەرپرسی كوردستانیی و عیراقی لەبارەی مام جەلالەوە  بڵاوكردوەتەوە و دەشڵێت: مام جەلال دوژمنی سەرسەختی رژێمی سەدام حسێن بووە.

ئەمڕۆش 3-10-2026 دوای نۆ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال دا، ئەو یادە كرایەوە و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و هاووڵاتییەكی زۆر سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلالیان كرد و ماتەمینی خۆیان دووپاتكردەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket