riklam

نرخی نەوت لە بەرزیدا جێگیرە

جیهان 10:57 AM - 2026-10-02
نرخی نەوت میدیاکان

نرخی نەوت

ئەمڕۆ 2ی10ی2026، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە بەرزیدا بە جێگیری مایەوە، هۆکارەکەشی بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە هەیە.

لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا، نرخی  یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 0.2% بەرزبووەوە و گەیشتە 102 دۆلار و 55 سەنت، هاوکات گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە رێژەی 0.1% رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 92 دۆلار و 92 سەنت، بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە هەردوو جۆرەکەی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشابوون، بە جۆرێک برێنت زیاتر لە 4 دۆلار و خاوی تەکساسیش زیاتر لە 2 دۆلار زیادی کردبوو.

ئەم بەرزبوونەوەیە دوای راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" هات کە تێیدا ئاشکرای کردبوو واشنتن تاوتوێی بڵاوەپێکردنی کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر و هێزی سەربازیی زیاتر دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش نیگەرانیی ئەوەی دروست کردووە کە هەر کردەیەکی سەربازیی نوێ ، رەنگە هەڕەشە لەسەر رێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت لە ناوچەکە دروست بکات.

ئەگەری پەرەسەندنی ململانێکان، سەرنجی بازرگانانی بە تەواوی لەسەر گەرووی هورمز هێشتووەتەوە کە شاڕێی سەرەکیی گواستنەوەی وزەیە لە جیهاندا، هەرچەندە هەناردەی وڵاتانی کەنداو ئاماژەی بووژانەوەی پێوە دیارە، بەڵام بازاڕەکان هێشتا بەرامبەر هەر پەککەوتنێکی هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکان یان ژێرخانی ناوچەکە هەستیارن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket