riklam

مەزڵوم عەبدی: زمانی کوردی ناسنامەمانە

کوردستان 05:22 PM - 2026-09-29
 مەزڵوم عەبدی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ANHA

مەزڵوم عەبدی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا

سووریا

 مەزڵوم عەبدی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، سەبارەت بە پرسی خوێندن بە زمانی کوردی و دۆخی قخوێندنگەکان و زانکۆی ڕۆژئاوا و زانکۆی کۆبانێ، پەیامێکی ڤیدیۆییبڵاوکردەوە و رایگەیاند: گەلی هێژامان، زمانی کوردی ناسنامەی ئێمەیە، پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی هەمیشە ئامانجێکی سەرەکیی تێکۆشانی ئێمە بووە تاوەکوو ئەمڕۆ، فێرکردن و خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سروشتیی هەموو گەلان و گەلی کوردیشە، لەم 14 ساڵەی ڕابردوودا، لە شۆڕشی رۆژئاوا هەوڵێکی گەورە بۆ فێرکردن و خوێندن بە زمانی کوردی درا، لە کاتێکدا ئێمە لە دۆخی جەنگدا بووین، سیستمێکی خوێندن دامەزرا، هەرچەندە کەموکوڕی و لاوازیی خۆی هەبوو، بەڵام شتێکی نوێ بوو و هەنگاوێکی مێژوویی بوو لە مێژووی ڕۆژئاوادا.

ناوەڕۆکی پەیامەکە:

"گەلی هێژامان، زمانی کوردی ناسنامەی ئێمەیە، پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی هەمیشە ئامانجێکی سەرەکیی تێکۆشانی ئێمە بووە تاوەکوو ئەمڕۆ، فێرکردن و خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سروشتیی هەموو گەلان و گەلی کوردیشە، لەم 14 ساڵەی ڕابردوودا، لە شۆڕشی رۆژئاوا هەوڵێکی گەورە بۆ فێرکردن و خوێندن بە زمانی کوردی درا، لە کاتێکدا ئێمە لە دۆخی جەنگدا بووین، سیستمێکی خوێندن دامەزرا، هەرچەندە کەموکوڕی و لاوازیی خۆی هەبوو، بەڵام شتێکی نوێ بوو و هەنگاوێکی مێژوویی بوو لە مێژووی ڕۆژئاوادا".

بەو بۆنەیەوە، گشت ئەو بنەماڵانەی کە سەرەڕای جەنگ و زەحمەتییەکان، منداڵەکانیان بۆ خوێندنی زمانی کوردی نارد، سڵاویان لێ دەکەم. گشت مامۆستا و فەرمانبەرانەمان کە لەم 14 ساڵەی ڕابردوودا ماندووبوون و زەحمەتییان لە فێرکردن و خوێندنی زمانی کوردی بینی، پیرۆزباییان لێ دەکەم.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ساڵێک و 8 مانگە هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە بەشێکی رەسمیی لە سیستمی پەروەردە لە سووریا، بۆ ئەم مەبەستە چەندین کۆبوونەوە، هەوڵ و دانوستان ئەنجام دراون. لە ئەنجامدا وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی لەبارەی زمانی کوردییەوە دا، بەڵام گەل و خوێندکارەکانمان چونکە ئەو بڕیارەیان بە گونجاو نەزانى، ناڕەزایەتییان دەربڕی، هەڵوێستی خۆیان نیشان دا و تێکۆشانیان کرد؛ ئەوان ئەمە بە مافی خوێندکاران دەزانن و ئێمەش پشتیوانیان دەبین.

بەڵام لەبەر ئەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێ کردووە و ئێمە لە قۆناغێکی گۆڕانکاریداین، پێویستە بە سەرکەوتوویی درێژە بە سیستمی خوێندن بدەین، بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی لە قوتابخانە کوردییەکاندا خوێندوویانە تووشی زەحمەتی نەبن، ڕێوشوێن و ئامادەکاری کراون، منداڵەکان تووشی زەحمەتی نابن و لە لایەکەوە فێری زمانی عەرەبی دەبن و لە لایەکی تریشەوە خوێندنەکەیان بە زمانی کوردی بەردەوام دەبێت.

داواکاریی ئێمە لە بنەماڵەکان و خوێندکارەکانمان ئەوەیە کە منداڵەکانیان بنێرنە ئەو قوتابخانانەی کە زمانی کوردی تێیاندا بنەمایە، بۆ ئەوەی ئەم ساڵی نوێی خوێندن لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت و لە ساڵی داهاتوودا بتوانین لە پرسەکانی زمانی کوردیدا ئاستێکی بەرزتر بەدەست بهێنین. ئەمە دەبێتە بناغەیەکی سەرەکی بۆ ئەوەی سەرجەم مافەکانمان لە بواری زمانی کوردیدا بەدەست بهێنین.
ئەمساڵ خوێندنی پۆلی ٩ و بەکالۆریا بەپێی سیستمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەڕێوە دەچێت.

لەبەر ئەوە، داوای من لە گشت خوێندکاران ئەوەیە کە خوێندنی خۆیان لەم دوو پۆلەدا، بەپێی سیستمی خوێندنی کوردیی پێشوو درێژە پێ بدەن بۆ ئەوەی داهاتووی خۆیان زیاتر گەرەنتی بکەن.

هێشتا گفتوگۆ و دانوستان بۆ فەرمیکردنی زانکۆی ڕۆژئاوا و زانکۆی کۆبانێ بەڕێوە دەچن و بڕیاری کۆتایی هێشتا دەرنەچووە، بەڵام ئێمە هیوادارین لەم بابەتیشدا بڕیارێکی گونجاو لە بەرژەوەندیی خوێندکارەکانی هەردوو زانکۆکەماندا دەربچێت.

داواکاریی ئێمە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی هەردوو زانکۆ ئەوەیە کە خوێندکارانی زانکۆکانمان کە تاقیکردنەوەکانیان بە زمانی کوردی ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان لە هەردوو زانکۆکەدا بگرن، بەڵگەنامەکانیان بەپێی ئەو سیستمە پێشکەش بکەن کە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەریکردووە.

لە کۆتاییدا ساڵی نوێی خوێندن پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ گشت لایەک دەخوازم."

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket