riklam

جیهان لەنێوان داڕمان و داڕشتنەوەدا، داهاتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە چی دەگات؟

جیهان 01:12 PM - 2026-09-28
جیهان لەنێوان داڕمان و داڕشتنەوەدا AI

جیهان لەنێوان داڕمان و داڕشتنەوەدا

جیهانى

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە سەردەمی نوێدا بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە گۆڕانكاریی سەرتاسەریدا تێپەڕدەبێت، سەردەمێك كە تێیدا زلهێزەكانی جیهان بە ئاشكرا رووبەڕووی یەكتریی دەبنەوە، لەلایەكی ترەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەك مەیدانی سەرەكیی ئەم رووبەڕووبوونەوانە دەردەكەوێت و لەبەردەم پڕۆسەیەكی سەرلەنوێ دارشتنەوەدایە، كە رەنگە نەخشەی جیۆپۆلەتیكیی ناوچەكە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو دیاری بكات، لەناو ئەم ئاڵۆزییانەدا، ململانێی وڵاتە گەورەكان لە رێگەی بریكارەكانیانەوە، دۆخەكەیان ئاڵۆزتر كردووە. 

نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست 


فەرید ئەسەسەرد نووسەر و سیاسەتمەدار پێیوانییە ناكۆكیی نێوان هەردوو جەمسەرەكە قووڵترببێتەوە، چونكە ئەگەر ئەزموونی رابردووی سەردەمی ئەمریكا و سۆڤیەت ئەوە بكرێتە پێوەر 40 بۆ 50 ساڵ ئەو دوو هێزە مانەوە بەبێ ئەوەی یەك سەربازی ئەو دوو وڵاتە بە شەڕ بێن لەسەر سنوور، بۆیە ئەوەی پێیان بكرێت هەوڵدەدەن كێشەكانیان ببەنە دەرەوەی سنوورەكانی خۆیان، ئەوەشی زەرەرمەند دەبێت هەمیشە وڵاتە بچووكەكانە، ئەو وڵاتانەی نزیكن لە ئەمریكا لەلایەن روسیاوە دژایەتی دەكرێن وەك ئێستا لە ئۆكرانیا دەیبینین، بەڵام ئەمریكا هیچ زەرەمەندە نابێت. هەروەها ئەو وڵاتانەی لەگەڵ روسیا دۆستایەتیان هەیە وەكو ئێران، ئەمریكا تائێستا نەیتوانیوە هێرشێكی زەمینی گەورەی بكاتە سەر، چونكە دەزانێت ئەمە بەزاندنی هێڵی سووری وڵاتە زلهێزەكانی دیكەی جیهانە و خۆیان لە یارییەكە تێدەگەن و دەزانن تا كوێ دەڕوات.

ئەسەسەرد وتیشی: ئەگەر تەماشای مێژووی نوێ بكەیت، دەبینیت لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تائێستا هەمیشە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژرێتەوە. ماوەی 20 بۆ 30 ساڵ جارێك رووداوێك روودەدات و نەخشەكە نوێ دەكرێتەوە، بەردەوامیش دەبێت و تاكە ناوچەیە كە ئەمجۆرە دینامیكییەی تێدایە، بەڵام تاكە كێشە كە هەیەتی ئەوەیە یەكە سیاسییەكانی ئەم ناوچەیە ناكۆكن لەگەڵ یەكتر، هەرچەندە كێشەكان كێشەی خۆیان نییە، بەڵكو بەرژەوەندیی زلهێزەكانە هاتۆتە ناوچەكە و بەهۆی ئەوەوە بابەتەكە زۆر ئاڵۆزبووە.

چارەنووسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

فەرید ئەسەسەرد بە پێداگرییەوە دەڵێت: ئەگەر وڵاتە زلهێزەكان بیانتوانیایە لە رێگەی بریكارەكانیانەوە كێشەكانی خۆیان چارەسەربكەن، بەدڵنیاییەوە چارەسەریان دەكرد، بەڵام ئەوان سنوورێكیان داناوە كە نابێت ئەو سنوورە ببەزێنرێت و ببێتەمایەی كێشە. نایانەوێت بگاتە ئەو رادەیەی كێشە لەنێوان ئەمریكا، روسیا و چین دروستبكات، چونكە هەریەكەیان كۆمەڵێك بەرژەوەندیی خۆیان هەیە، بۆ نموونە ئەمریكا حسابی ئەوە دەكات و ئەوەندە گوشار لە چین ناكات، تا چین بەهۆی ئەو گوشارانەوە بچێت لەگەڵ روسیا یەكگرتنێك دروستبكات، هەرچەندە میحوەرێك هەیە، بەڵام میحوەرێكی ناڕەسمییە و پشتگیریی یەكتر دەكەن و هاوئاهەنگییش لەنێوانیاندا هەیە.

پێشیوایە لەكۆتاییدا ئەو زلهێزانە هەر دەمێننەوە، بەڵام نازانرێت خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چی بەسەر دێت، چونكە ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی ئەم ناوچەیە دەدات، دانیشتوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵكو دانیشتوانی دەرەوەی خۆیەتی.

تاك جەمسەری، دوو جەمسەری و فرەجەمسەری 

لای خۆشییەوە ئەبوبەكر كاروانی نووسەر و سیاسەتمەدار رايگەیاند؛ هێشتا زووە ناوی جەمسەر لە بریكس بنێین (BRICS هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی كۆمەڵێك وڵاتی خاوەن ئابووریی گەشەسەندووی جیهانە)، چونكە زیاتر كۆبوونەوەیەكی كاردانەوە، هاوئاهەنگی ئابووری و لە ئاستێكی نزمیشدا سیاسییە، بەمەبەستی كەمكردنەوەی هەژموونی خۆرئاوا و بەتایبەتیش ئەمریكا و پێگەی دۆلار و كاركردن و زەمینەسازیكردن بۆ هێنانەكایەی دنیایەكی فرەجەمسەر لە داهاتوودا، یاخود سیستمێكی نێودەوڵەتی فرەجەمسەر لە داهاتوودا، واتا هێشتا ناوی جەمسەری بە سەردا نابڕدرێت، چونكە نەگۆڕاوە بە هاوپەیمانییەكی سیاسی و سەربازیی بەهێز، هێشتا دیدگای جیاواز لەنێوان ئەندامەكانیدا هەیە، لەوانەش چین و هیندستان سەبارەت بە كۆمەڵێك پرسی گرنگ ناكۆكن. هەروەها بەشێك لە دەوڵەتەكانی ئەندامی رێكخراوەكە، بەرژەوەندی لەگەڵ خۆرئاوا و هاوپەیمانەكانی كۆیاندەكاتەوە، هەموو ئەوەش پێمان دەڵێت، ئەوەی ئێستا دەیبینین نەگەیشتووە بە قۆناغی دوو جەمسەری، بەڵكو نیازنیشاندان، زەمینەسازكردن و هەنگاونانە بەرەو ئەو ئامانجە لەداهاتوودا، بەحوكمی ئەوەی بۆ سیستمێكی نێودەوڵەتی بە قۆناغێكی خۆڕاگوزەریدا تێپەڕدەبێت، سیستمی باوی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، كە لە سەرەتای نەوەدەكانەوە هەژموونی ئەمریكای زۆرتر بەسەردا زاڵبوو، دنیا لە سایەی تێزی كۆتایی مێژوودا بەرەو تاك جەمسەری و تاك زلهێزی رۆیشت، تا ئێستاش سیستمێكی نوێ و لەوانەش سیستمێكی فرەجەمسەری جێگای نەگرتووەتەوە. خۆرئاوا دەخوازێت سیستمە نوێیە چاوەڕوانكراوەكە لەژێر هەژموونی خۆیدا بمێنێتەوە، چین و روسیا و هاوپەیمانەكانیشیان دەخوازن هەردوو ئەزموونە كۆنەكەی سیستمی نێودەوڵەتی لە سەدەی بیستەمدا واتە دوو جەمسەری و تاك جەمسەری بەقازانجی هاتنەكایەی سیستمێكی فرەجەمسەری تێپەڕێت، كە لە سایەیدا پەیوەندیی نێوانیان رەق نەبێت و دەوڵەتەكان بتوانن لەنێوانیاندا پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان بكەن و نزیكی و دووری خۆیان دیاری بكەن.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كۆن، نوێ و كورد

وتیشی: ئەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەی تائێستا بەردەوام بووە، دەرهاویشتەی جەنگی یەكەمی جیهانە، واتە دوای رووخانی سوڵتاننشینی عوسمانی، سەرهەڵدانی قەوارە سیاسییە نوێیەكان لە بەرگی دەوڵەت-نەتەوەدا هاتەكایەوە. لەوكاتەوە تائێستا، هەمیشە ململانێیەكی توند لەنێوان هێز و جەمسەرە نێودەوڵەتییەكاندا لەسەر ئەم ناوچەیە هەبووە، ئەویش لە سۆنگەی ستراتیژی هەڵكەوتەی جوگرافیایی، سەرچاوە زۆرەكانی وزە، بوونی ئیسرائیل و كێشەكانی پرۆسەی نەتەوە-دەوڵەتسازی لەم ناوچەیەدا. هاتنە سەركار و سەركەوتنی شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش گۆڕانكارییەكی گەورەی لەناوچەكەدا دروستكرد؛ یان با بڵێین دەستكارییەكی گرنگی لە سیمای خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كۆندا كرد، بەڵام نەیتوانی بەتەواوی بیگۆڕێت و تەنها دەستكاریی هەندێك لە رێساكانی گەمەكە و هاوپەیمانییەكانی ناوی كرد. جەنگی یەكەم و دووەمی كەنداو، هۆكاری بە لەرزە خستنی زیاتری سیستمی باوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بوون. بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی داعش و ئەو جەنگەی بۆ تێكشكاندنی هاتەكایەوە،  بوونە هۆی  زۆرتر  هەڵوەشاندنەوەی بنەماكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كۆن.


رووداوی حەوتی ئۆكتۆبەر و پەلاماری غافڵگیرانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بوومەلەرزەیەكی جیۆسیاسی لە ناوچەكەدا هێنایەكایەوە، دەرفەتی بۆ ئیسرائیل و ئەمریكا رەخساند بۆئەوەی كار لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی روخسار، هاوپەیمانییەكان و هاوسەنگیی هێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بكەن، ئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە تیۆرسینەكانی هەردوولا هەر لە نەوەدەكانەوە بانگەشەیان بۆ كردبوو، نەخشەڕێگەیان بۆ دیاریكردبوو.

بەبڕوای كاروانی، ئێستاش ناوچەكە بە قۆناغێكی راگوزەری خۆیدا دەڕوات. ئەو جەنگەی لەئارادایە، لەپێناو كۆتاییهێنان بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كۆن، هاوپەیمانی و بەرەبەندییەكانیەتی؛ واتە لەپێناو كۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران و كەمكردنەوەی كاریگەریی گەورەی چین و روسیا و هێنانەدیی باڵادەستیی بێ ‌ركابەری ئیسرائیلە لە ناوچەكەدا.

وتیشی: چارەنووسی كۆتایی ناوچەكە لەم بڕگە مێژووییەدا، تا رادەیەكی زۆر روونیدەكاتەوە كە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ تاچەند بەتەواوی چانسی هاتنەكایەی لەبەردەمدایە، ئەگەرچی لەهەموو حاڵەتێكدا وێناكردنی گەڕانەوەی دۆخی ناوچەكە بۆ پێش جەنگەكە، ئاسان نییە.

سەبارەت بە ئێمەی كوردیش، ئەبوبەكر كاروانی دەڵێت: ئەگەر «خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كۆن» ئاماژەبێت بە سیستمی لۆزان و بێبەشكردنی كورد لە مافەكانی خۆی و سەركوتكردنی. ئەگەر وەك چوارەمین نەتەوەی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵنەستێتەوە و بە بەشێكی بنەڕەتی لە مافەكانی خۆی نەگات، ئەوا سەبارەت بە ئێمە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر نوێش ببێتەوە، نوێ نابێت، گرنگە لەم پێناوەشدا كورد تواناكانی خۆی كۆبكاتەوە، خۆی رێكبخات و ببێتە هێز؛ چونكە لە سیستمی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنها ئەو نەتەوە و هێزانەی كە توانای خۆڕاگرتن و دروستكردنی هاوسەنگیی هێزیان هەیە، دەتوانن لە داڕشتنەوەی داهاتووی ناوچەكەدا شوێنی خۆیان مسۆگەربكەن. 

جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست 

دەشڵێت: ئەمریكا، روسیا و چین، لە سایەی سیستمێكی نێودەوڵەتیی لاواز، پێشێلكردنی گەورە و بەرفراوانی یاسا نێودەوڵەتییەكان و چوونە ناو قۆناغێكی راگوەزی جیهانی، لە رووی سیستمی نێودەوڵەتییەوە، ئاسان نییە بتوانن بە تەواوەتی بەسەر كێشە و ناكۆكییەكاندا زاڵ بن و سەركەوتووبن. لە راستیدا هەر لەبنەڕەتەوە، قورسە بیر لە جیهانێك بكەینەوە كە تێیدا هیچ كێشە و ناكۆكییەك لەنێوان دەوڵەتان، هێزەكان و جەمسەرەكاندا نەبێت. بەڵام گرنگ ئەوەیە سیستم و مەرجەعێكی جیهانیی بەهێز هەبێت، بتوانێت رێگریی لەوە بكات ململانێ و ناكۆكییەكان لە شێوەی جەنگێكی خوێناوی و وێرانكەردا بتەقنەوە. ناكۆكییەكانی ئێستای جیهانیش، تەنها ناكۆكی لەسەر هەژموون و بەرژەوەندییەكان نین؛ بەڵكو ناكۆكیشن لەسەر خودی سیستمی جیهانی لە قۆناغێكی راگوزەردا. لەم قۆناغەشدا، توانای یاسا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان لاوازدەبن، مەترسیی قووڵبوونەوە و ئاڵۆزبوونی كێشەكانیش زیاتر دەبێت. چارەنووسی كۆتایی جەنگی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆكرانیاش، بەشێوەیەكی جیاواز، بەشداری لە دووبارە پێناسەكردنەوەی ناكۆكییەكان و مەترسییەكانی ئێستا دەكەن. هەرچەندە چاوەڕێ دەكرێت ناكۆكی و ململانێیەكان لەم قۆناغەدا بە شێوەیەكی سیاسی و دیپلۆماسیی ئیدارە بدرێن، بۆئەوەی زیاتر قووڵ نەبنەوە، بەڵام لەهەمانكاتدا مەترسیی خلیسكان و لەدەستدەرچوونی كۆنترۆڵی بارودۆخەكەش هەروا لەئارادادەبێت.

بریكس و G20

هەر دەربارەی ئەم پرسە، یاسین رەئوف نووسەر و نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میسر، لەسەر ئەم پرسە وتی: بریكس هێزێكی نوێیە و زۆر نییە دامەزراوە، بەڵام هێزێكی گەورەی ئابوورییە، هەروەها زۆرترین هاووڵاتی جیهان لە ناوچەكانی ئەندامانی ئەم گروپەدا كۆبوونەتەوە، كە ئەمەش مەترسییەكی گەورە لەسەر وڵاتانی ئەندامی گروپی G20 دروستدەكات، لەبەرئەوەی ئەمە هێزێكی تازەپێگەیشتووە، رۆژێك دێت دەبێت بە ركابەری گەورەی G20 و ئەمریكا، لەڕووی تەكنۆلۆژیا، ئابووری و چڕیی دانیشتووان، خۆرهەڵاتی گۆی زەوی لە ژێر دەستی ئەواندایە، زۆرترین كانزا بەنرخەكانی جیهان لە خاكەكانی ئەواندایە، هەروەها ئەگەر بێتو وڵاتانی كەنداو بەشداربن، ئەوا ئەم گروپە داهاتوویەكی روونی هەیە، بەڵام زۆر لەسەرخۆ كاردەكەن و بە ئاسانی هەموو هێزی خۆیان دەرناخەن، بەڵام ئەمریكای دۆناڵد ترەمپ و ئەو كەسانەی ستراتیژی ئەمریكا دادەڕێژن، لەمە تێگەیشتوون، بەڵام زیاتریان پێناكرێت لەوەی كە كردوویانە، چونكە سێ لە گەورەترین هێزەكانی ئەم گروپە وڵاتانی لەسەرخۆن كە ئەوانیش چین، هیندستان و ئێرانییەكانن، هەروەها میسر یەكێكە لە ئەندامەكانی و وڵاتێكە كە دژی هەموو جۆرە شەڕ، پشێوی و ئاژاوەیەكە، هەرچەندە لە چواردەوری شەڕە، بەڵام توانیویەتی خۆی بپارێزت، بۆ نموونە لە ئەسیوپیا كە كێشەی ئاوی بۆ دروستكردووە، ئەوەی لە غەززە روودەدات، ئەوەی لە لیبیا و سودان رووەدات، ئەو رووداوانەی لە بابولمەندەب و هورمز روودەدەن، لەبەرئەوەی چاوی لە هیچ شوێنێك نییە و بیر لە داگیركردنی هیچ وڵاتێكیش ناكاتەوە و خۆیشی لە هیچ شەڕێكدا نائاڵێنێت. هێزەكانی بریكس هێزی زۆر گەورەن، لەڕووی تەكنۆلۆژیا و رۆبۆت، چین ركابەرییەكی گەورەی ئەمریكا و G20 دەكات، AI ئەوەی پێی دەڵێن زیرەكی دەستكرد، زۆر پێشكەوتووە، هەرچی بابەتی ئۆتۆمبێلی كارەبایی و وزەی خاوێن هەیە، ئێستا لای چینییەكانە، هەروەها باشترین پرۆگرامداڕێژەكانی جیهان خەڵكی هیندستانن، جا ئەوانەی لە ئەمریكا بژین یان لە هیندستان بژین.

دابەشكردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست 


دەشڵێت: داڕشتنەوەی دووبارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خواستی كەسێكی وەك نەتەنیاهووە، بەڵام ئەوە خواستی ئینگلیز نییە، پێموانییە خواستی ئەمریكاش بێت، هەروەها دەبێت بزانین، كە ئەمریكا ئێستا بەتەمایە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەك خۆی بمێنێتەوە و دەوڵەتی ناوەندی هەبێت، باڵەكان و پەلوپۆكان نەمێنێت، هێزە چەكدارەكان نەمێنێت، جگە لەو هێزانەی كە لەبەردەستی دەوڵەتەكاندایە، وەك دەوڵەتە ناوەندییەكەی سوریا، عیراق، لوبنان و هەروەها توركیا و قەتەر تا ئەندازەیەك ئینگلیزیش لەسەر ئەم مەبەستە دەڕۆن، چونكە كەس لەگەڵ ئەو داڕشتنەوەیە نییە، كە هەندێك كەس باسی دەكەن و هەروەها كە نەتەنیاهوش بەتەمایە جێبەجێی بكات و خۆی ببێت بە كوێخای ناوچەكە. كێشەی ئێمە ئەوەیە هەموو جارێك بە حیسابی خۆمان لە ستراتیژە وردەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل تێدەگەین و شیكردنەوەی بۆ دەكەین، بەڵام بیرناكەینەوە ئەی بەرامبەرەكە چی دەكات؟ ئەی ئێران و ئەوەی كە لەگەڵ ئێراندایە چی دەكەن؟.

پێشیوایە دابەشكردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كارێكی وا ئاسان نییە. چونكە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا كرۆكی هەڵسووڕانی هەموو دنیایە لە رووی گەیاندن، گواستنەوەی كەلوپەل، نەوت و بازرگانییەوە. گرنگترین دوو دەریا كەوتوونەتە ئەم ناوچەیەوە، كە ئەوانیش دەریای سپی و دەریای سوورە، كە دەیبەستێتەوە بە دەریای عەرەب و لەوێوە بۆ خۆرهەڵاتی ئاسیا و خۆرهەڵاتی دوورەوە. لەم لایەشەوە بە زەریای ئەتڵەسی دەبەسترێتەوە بە خۆرئاوای هەموو دنیاوە. ئەمە بابەتێكی هەروا ئاسان نییە بتوانرێت قسەی لێ بكرێت كە ئایا دادەڕێژرێتەوە یان نا، دەبێت بەرژەوەندیی هەموولایەك بخرێتە بەرچاو. ئێستا ساڵی 1995 و 1996 نییە، كە ئەوكاتە جیهان یەك جەمسەر و جەمسەری ئەمریكا بوو بە راست و بە چەپدا خۆی دەكوتا، دەڕۆیشت، دەهات و دەچوو. ئێستا جەمسەری ئابووریی گەورە پەیدابووە بۆ نموونە گروپی بریكس، هەروەها روسیا بووە بە هێزێكی گەورە، كە ئێستا بەرامبەر بە ئەوروپا وەستاوە لە ئۆكرانیا. هەروەها چین بووە بەو هێزە گەشەسەندووەی كە رۆژ بە رۆژ گەشە دەكات و بووە بە ترس بۆ ئەمریكا. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە وڵاتێكی بچووكی وەكو ئێران كە بە ئیسرائیل و ئەمریكا دەڵێت نا، لەكاتێكدا هەموو دنیا تەسلیمی بەڵێ و فەرمانەكانی ئەمریكا بووە. بۆ ئێستا ئێران حەوت مانگە لە شەڕدایە و تا ئێستا تێكنەشكاوە، بەڵكو ئەمریكایە گیریخواردووە بە دەستییەوە.

كێ دەمێنێتەوە و كێ تیا دەچێت؟

هەروەها دەشڵێت: ناكۆكی نێوان ئەمریكا لە لایەك و ئەوانی تر، واتە خۆرهەڵات و خۆرئاوای گۆی زەوی، بە ئاسانی كۆتایی نایەت، ئەوە ململانێیەكی ئەزەلی و ئەبەدییە و لەمێژە هەیە و هەر دەمێنێت و تەواو نابێت. بۆ؟ چونكە ئەوە ململانێی بەرژەوەندییە، بەرژەوەندی لەنێوان هەردوولایە، ئینجا لەو نێوەندەدا ئەڵقە لاوازەكان تیادەچن یان ئەوانەی دەتوانن ئەڵقە لاوازەكان باش بەكاربهێنن، یان ئەوەی پێی دەڵێن جەنگ و نەبەردی، وەك بە عەرەبی پێی دەڵێن (حرب و معركە). (حرب) جەنگە، نەبەردی (معركە)یە. لە نەبەردێكدا لایەك دەیباتەوە و لایەكی تر دەیدۆڕێنێت، ئەمە ئەوە ناكات كە كۆتایی بە ململانێكە بێت. 


هەرچەندە چین پێشنیازێكی خستەبەردەستی جیهان لە كۆنگرەی پێشوو، وتی: با ئێمە هەوڵبدەین گەشەی جیهان كێبڕكێمان بێت نەك كێبڕكێی نەرێنی، بەو واتایە گەشەی تەكنۆلۆژیا، ئابووری، پیشەسازی و كۆمەڵایەتی، ئێمە لەسەر ئەمانە كێبڕكێ بكەین نەك كێبڕكێی ناشەریفانە و ئەمانە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە نە چین، نە روسیا، نە ئەوروپا، نە ئەمریكا و نە وڵاتە بچووكەكانی وەك دەوروبەری خۆمان لەو ململانێیە دەستهەڵبگرن، چونكە ململانێ یەكێكە لەوانەی كە ناوی دەنێن نهێنی دروستبوون. جیهان هەمووی لەسەر ململانێ بەندە. لەبەرئەوە ئەو ململانێیانە تەواونابن، بەڵام كێ تیا دەچێت و كێ دەمێنێتەوە، ئەوە كات بڕیاری لەسەردەدات.

PUKMEDIA كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket