riklam

سەرەڕای رەتكردنەوەكەی ترەمپ،‌ تاران سوورە لەسەر دانوستان

جیهان 09:24 AM - 2026-09-27
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران AP

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

ئەمریكا ئیسرائیل و ئێران

ئێران رایدەگەیەنێت، كە دانوستان و دیپلۆماسی تاكە رێگەی چارەسەركردنی ململانێیە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل، ئەم هەڵوێستەی تاران دوای ئەوە دێت كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، رەتیكردەوە پێشنیازەكەی ئێران بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز و راگرتنی شەڕ پەسند بكات.

ئەمڕۆ 27ی 9ی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رایگەیاند: مەرجەكانمان روونن و هەر هەنگاوێك بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز بەندە بە جێبەجێكردنی ئەو مەرجانەوە، تەنها رێككەوتن دەتوانێت كۆتایی بەم چەقبەستوویە بهێنێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو ئێران لە میانی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك پێشنیازێكی ئاشتی لەڕێگەی ناوەندگیرە قەتەرییەكانەوە ئاڕاستەی ئەمریكا كرد، بەپێی وتەی عێراقچی، پێشنیازەكە بریتی بووە لەوەی لەماوەی حەوت رۆژدا شەڕ رابگیرێت و دووبارە جموجۆڵی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا دەستپێبكاتەوە، تا رێگە خۆش بكات بۆ دانوستانی فراوانتر.
 
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: كە پێشنیازەكەی رەت كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە كرد، كە بێهیوا بوونی تاران هۆكاری ئەم داواكارییەیانە، هاوكات ترەمپ لە كۆشكی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئەوان دەیانەوێت رێككەوتن بكەن بۆ كردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز، چونكە بە سەختی زیانیان بەركەوتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە كرد، تا ئێستا ناوەندگیرەكان بە رەسمی رەتكردنەوەی ئەمریكایان پێ رانەگەیاندوون و چاوەڕێی وەڵامی كۆتایین.
 
لەلایەكی دیكەوە مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی CBS رایگەیاند: كە تاران ئامادەیە بۆ دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی و بابەتەكانی دیكە، بەڵام هیچ جۆرە فشار و سەپاندنێك قبوڵ ناكات و وتی: ئێران داوای شەڕ ناكات، بەڵام بەرگری لە خۆی دەكات.

ئەمەش لەكاتێكدایە، كە ململانێی حەوت مانگەی ناوچەكە و گوشاری ئابووری سەر ئێران، رێڕەوی سەرەكی گواستنەوەی نەوتی جیهانی پەكخستووە و كاریگەریی نەرێنی گەورەی لەسەر ئابووری جیهان دروست كردووە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket