riklam

پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لەنێوان پێداویستیی کۆمەڵایەتی و وەبەرهێنانی ئابووریدا

کوردستان 09:17 AM - 2026-09-26
وێنەى پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون homele

وێنەى پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون

کوردستان ئابووری

كەرتی خانووبەرە و پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بە یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی ئابووری و شادەماری سەرمایەگوزاریی هەر وڵاتێك دادەنرێت، گەشەسەندنی خێرای پرۆژەكانی نیشتەجێبوون تەنها دیاردەیەکی ئابووری نییە، بەڵكو رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكانە، ئەم گەشەسەندنە روخساری شارەكانی هەرێمی كوردستانیشی گۆڕیوە، لە دوای ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابوورییەكانی ناوچەكە، ئەم سێكتەرە گۆڕانكاریی ریشەیی بەخۆیەوە بینیوە لە دروستكردنی خانو و باڵەخانە بەرزەكان. 

لەم راپۆرتەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر واقیعی ئێستای كەرتی خانووبەرە و پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان.

بانكەكان و كەرتی خانووبەرە
لەو بارەیەوە د. ماکوان جەمیل بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کورستان، رایگەیاند: تەنها وەگەڕخستنەوەی بانکی خانووبەرە پێویست نییە، بەڵكو پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ پێكەوە بەستنەوەی سەرجەم بانکە پسپۆڕەکان، ئەوەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە خواست و داواکارییەکانی وەبەرهێن و هاووڵاتی و بانک لە چوارچێوەی یاسایەکی ورد و دروست و رۆشندا رێکبخرێتەوە، هەروەها پێویستە دەوڵەت، وەبەرهێن، کەسانی پسپۆڕ لەبەر رۆشنایی ئەو خاڵانە بنەمایەکی دروست بۆ بانکی خانووبەرە دابنێین، تا بتوانێت بە ئاسوودەیی و بە دڵنیاییەکی زیاترەوە پارە بدات بە هاووڵاتیان.
هاووڵاتی و وەبەرهێنان 
دەشڵێت: پێویستە هەلومەرجێکی لەبار بڕەخسێنن بۆ خودی وەبەرهێنەرەکە، تا بتوانێت بە ئاسوودەیی و بە دڵنیاییەکی زیاترەوە وەبەرهێنان بکات، هەروەها گرنگە هاووڵاتی لەوە دڵنیا بێت کە مافەکانی لە چوارچێوەی هاووڵاتییبوون و دەستووردا لە عیراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوە، مووچەی بەردەوام بێت، ئاسانکارییەکانی بۆ بکرێت، لە باج ببەخشرێت تا ئەو کاتەی کە دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بەش و کەرتەکانی دیکەی ئابووریدا پرۆژەکەی بەرەو پێشەوە ببات.
قەبارەی وەبەرهێنان 
ئامانج جەلال بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، رایگەیاند: قەبارەی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانیدا ئێستا لە 23 ملیار دۆلار زیاترە، زیاتر لە 395 پرۆژە مۆڵەتیان پێدراوە، %50ی کۆی گشتی ئەم پارەیە لە کەرتی پیشەسازیدایە کە کەرتێکی پێشەنگە لە سلێمانی، %38یشی لە کەرتی نیشتەجێبووندایە و ئەوەکەی تریشی لە کەرتەکانی تردایە، ئێمە لە کەرتی پیشەسازیدا پێشەنگین، بەڵام کەرتی نیشتەجێبوونیش لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشە و بەرزبوونەوەیەکی خێرای لە سەرمایەگوزاریدا بەخۆیەوە بینیوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەین هاوسەنگی کەرتەکان رابگرین و کەرتی نیشتەجێبوون بکەین بە فاکتەرێک بۆ گەشەی کەرتی پیشەسازی بە تایبەتی پیشەسازی خانووبەرە.

داهاتووی كەرتی خانووبەرە 
وتیشی: داهاتووی کەرتی خانووبەرە بە کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکارەوە بەستراوەتەوە، گرنگترین فاکتەر لە هەموو جیهاندا کە کەرتی خانووبەرەی لەسەر راوەستاوە بریتییە لە بوونی سیستمی بانکی، ئەگەر بتوانین سیستمی بانکی بەرەو پێشەوە بەرین و پەرەی پێبدەین، ئەوا داهاتووی کەرتی خانووبەرە رۆشنە، فاکتەرێکی تر کە کەرتی نیشتەجێبوونی لەسەر وەستاوە بریتییە لە باشبوونی مووچە، پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، نەمانی کێشەی دارایی، زیادبوونی بودجەی پەرەپێدان و وەبەرهێنان و چارەسەربوونی کێشە داراییەکانی خەڵک و هەرێمی کوردستان، ئەمە فاکتەری سەرەکییە بۆ ئەوەی کە کەرتی نیشتەجێبوون لەو مەترسییانەی دێتە بەردەمی رزگاری بێت.

بەخشینی وەبەرهێنەران 
ئامانج جەلال دەشڵێت: لە ساڵی 2022وە لەسەر راسپاردە و بیرۆکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم وەبەرهێنەرەکان هەرکەسە و بە پێی توانای خۆی پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی گشتی پێشکەش بە شاری سلێمانی کردووە، بە پێی داتاکانی لای ئێمە تا ئێستا زیاتر لە 150 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ئاو و ئاوەڕۆ، رێگاوبان، شۆستە، پرد و بەرزەپرد، سەوزایی، خزمەتگوزاریی کەرتی تەندروستی، کەرتی کارەبا و کەرتی رۆشنبیری خەرجکراوە، هەروەها ئەوەی کە لە چەند مانگی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت قەبارەکەی زیاتر لە 30 ملیار دینارە، كە خۆی دەبینێتەوە لە دروستكردنی بەرزەپرد، قیرتاوكردن و خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكە دوورەدەستەکان، یان ئەو گەڕەکانەی کە خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە، ئەوانیش خزمەتگوزاریان پێدەگات لە رێگەی بەخشینی وەبەرهێنەرانەوە.

لە 1000 دۆلارەوە بۆ 600 دۆلار 
هەر دەبارەی ئەم پرسە قسەمان لەگەڵ مەلا یاسین سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان كرد و ئەویش وتی: کەرتی خانووبەرە سێکتەرێکی گرنگە، دەبێ حکومەت زۆر چاودێری بکات، چونكە لە دوای پیشەسازی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ، سێکتەری خانووبەرەیە، قەبارەی ئەم سێكتەرە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا گەیشتووەتە نزیکەی 340 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، سەرمایەی وەبەرهاتوو تێیدا لە 30 ملیار دۆلار زیاترە، لە هەر وڵاتێك سێكتەری خانووبەرە بكەوێت قەیرانی دارایی دروست دەبێت، ئەو کاتەش بازاڕی پیشەسازی و بازاڕی گەشتیاری و هەموو شتێک تێکدەچێت، حکومەت درکی بەمە کردووە، هەر بۆیە مۆڵەتی نیشتەجێبوون وەستاوە، ئێستا کەس ناتوانێت مۆڵەتی نیشتەجێبوون وەربگرێت، ئەمەش وایکردووە نرخی خانووبەرە زۆر هاتووەتە خوارەوە، ئەوەی کە پار بە هەزار دۆلار دەفرۆشرا، ئەمساڵ بە 600 دۆلار دەفرۆشرێت، ئەمەش وایکردووە ئێستا خواست لەسەر کەرتی خانووبەرە بە رێژەی %40 دابەزیوە، بۆیە کۆمپانیاکانی خانووبەرە ئێستا بیر لە پێشکەشکردنی دەیان ئۆفەری جۆراوجۆر دەکەنەوە، بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن وابکەن هیچ نەبێت، پرۆژەکانیان نەبێت بە کۆنکرێتێكی تەواونەکراو و دوایی سەرمایەی نیشتمانی ئەم وڵاتە لەو سێکتەرەدا بووەستێت، ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا کەرتی بانکی و کەرتی خانووبەرە هیچ پەیوەندییەکیان نییە، چونکە بانکەکانمان توانایان نییە قەرز بدەن، بەڵام لە شارەکانی تری عیراق بە پێچەوانەوەیە، ئەمە وایکرد ئەو ستراتیژییەتە لەدەستبدەین، ئێمە ئەو رۆژانەی کە سندوقی نیشتەجێبوون قەرزی عەقاری دەدا، ئەم سێکتەرە زۆر گەشەی دەکرد، بەڵام ئێستا لە گەشەکردن وەستاوە. دەبێت ئێستا ئێمە چاوەڕوان بین یەکێک لە دەرەوە بێت، یاخود هاووڵاتییەک پارەی هەبێت بیخاتە خانووبەرەوە، بەڵام خەڵک ئێستا بۆ نایخاتە خانووبەرەوە؟ چونكە هەرچییەک بکڕێت بۆ بەیانی زەرەر دەکات، لەبەر ئەوەی سیستمی بانکیمان نییە، پێویستە ئێمە ئیدارەی ئەم پرۆژە جوانانەی سلێمانی بکەین، چونكە جوانترین پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە عیراق کەوتووەتە شاری سلێمانییەوە.

دابەزینی نرخەكان 
مەلا یاسین راشیگەیاند: دەبێ دان بەوەدا بنێین، هۆکاری زۆریی پرۆژە ئەوەیە، سەرەتا بەبێ بەرنامە مۆڵەتێکی زۆر دراوە بە یەکەی نیشتەجێبوون، ئێستا خواستێکی کەم لەسەر پرۆژەکان هەیە، ئێستا وەک جاران عەرەب نایەت یەكەی نیشتەجێبوون بكڕێت، ئەی باشە ئەم پرۆژەیە تەواو بێت و کەس نەیکڕێت، ئەم وەبەرهێنەرە قەرزارە، چی بکات؟ ناچارە نرخی خانووەکانی دابەزێنێت، بە ناچاری دەستبەرداری بەشێك لە قازانجەکەی دەبێت، ئێستا لە کوردستاندا ئەوەی ئەمڕۆ یەکەی نیشتەجێبوون بکڕێت، سبەی پارەکەی خۆی ناکاتەوە، بەڵام ئەم دابەزینەش سنوورێکی هەیە، دابەزینی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سنوورێکدا دەوەستێت، من باوەڕ ناکەم ئەم دابەزینەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا لە نرخی یەکەی نیشتەجێبووندا روویداوە لەوە زیاتر دابەزێت. بێبازاڕیی بە زەقی بە پرۆژەکانەوە دیارە، دوو ساڵ پێش ئێستا لە یەکێک لە پرۆژەكان یەكەی نیشتەجێبوون هەبووە بە 230 هەزار دۆلار فرۆشراوە، ئێستا 130 هەزار دۆلار دەکات، نرخەکەی 100 هەزار دۆلار دابەزیوە. ئەمانە هەمووی کاریگەریی نەرێنین لەسەر ئەم سێکتەرە، بەڵام ئێستا ئاوڕێکی زۆر جددی دراوەتەوە، لە پارێزگای سلێمانی چاودێرییەکی باشی پرۆژەکان دەكرێت، ئێستا سیاسەتێک پەیڕەو دەکرێت کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی وەزیران خۆی چاودێری دەکات و کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە نابێت هیچ وەبەرهێنێک و پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئیفلاس بکات، چونکە ئیفلاسبوونی یەک وەبەرهێن لەم سنوورە لێکەوتەکانی ئەوەیە كە هەزاران هاووڵاتی زیانی گەورە دەکەن.

دروستكردنی دامەزراوەی تایبەتمەند
هەر لەسەر سێكتەری خانووبەرە، بیلال سەعید، بەڕێوەبەری دامەزراوەی موڵك و رۆژنامەنووسی ئابووری، وتی: ئەگەر بمانەوێت باس لە سێکتەری خانووبەرە بکەین لە هەرێمی كوردستان، دەکرێت بڵێین دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە سێ ئاراستە کاری لەسەر کراوە، یەكەمیان وەزارەتی شارەوانی مۆڵەت دەدات بەو جێگایانەی کە زەوی تاپۆیان هەیە و هاووڵاتی خۆی، یان چەند هاووڵاتییەک پێکەوە دەتوانن بڕیار لەوە بدەن وەبەرهێنەرێک بێت و یەکەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروست بکات، دووەمیان ئەوەیە كە دەستەی وەبەرهێنان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، دەکرێت بڵێین زۆربەشی لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، ئاراستەی سێیەم ئەوەیە كە لە ساڵانی رابردوودا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە ناوی چینی هەژار و کەم دەرامەتەوە دروستیکردووە، لە راستیدا ئەوەیان کەمێک كێشە و گرفتی تێدایە و تا ئێستا نەکەوتووەتە سەر پێی خۆی، ئەمە ئەو چوارچێوەیەیە کە لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی رابردوودا کاری پێکراوە و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە لە هەرێم دامەزراوەیەکی تایبەتمەند دروستبکرێت و ئەمانە پێکەوە گرێبداتەوە بۆ ئەوەی بزانین پێویستی و خواستی بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان چەندە؟ چەندمان پێویستە؟ بە چ نرخێک پێویستمانە؟ لە چ شوێنێکدا پێویستمانە؟

بژاردەیەکی جیاواز
هەروەها وتی: چۆن دەتوانین جیاوازی لە یەکەی نیشتەجێبووندا لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی تر دروست بکەین، بۆ ئەوەی هاووڵاتی چەند بژاردەیەکی جیاوازی لەبەردەستدا بێت، لە راستیدا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئێستا جۆرێک لە فەوزای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون هەیە، راستە لە رووی دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوونەوە بۆ بازاڕ گرنگە، بەڵام ئەگەر ئاگامان لێی نەبێت دیوێکی نەرێنی بۆ بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات و ئێستا بەشێکی زۆر گله‌یی و گازندەکان لەو چوارچێوەیەدایە کە دەڵێن ژمارەی یەکەی نیشتەجێبوونەکان لەگەڵ زۆربوونی خواستی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان یەک ناگرێتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆرمان هەیە و خواستێکی دیاریکراو و سنووردارمان هەیە کە ئەمە پێویستی بە رێکخستنەوەیەکی زیاتر هەیە.
پەلەکردن لە دروستكردنیدا 
بیلال سەعید دەشڵێت: بەشێکی زۆر لەو پرۆژانەی کە دروستدەکرێن زۆر جار بێ بەرنامە و روانگەیەکی روون دروست دەکرێن، راستە وەبەرهێنەرەکە زەوییەکی پێدراوە، بەڵام ئەمە وای لێ ناکات کە بتوانێت خواست لە بازاڕدا دروستبکات یان پڕی بکاتەوە، بەشێکی فشاری حکومەت لە سەریان ئەوەیە کە پێی دەگوترێت، ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو زەوییەی پێیاندراوە یەکەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروستنەکەن، زەوییەکەیان لێوەردەگیرێتەوە، وەبەرهێنەریش لە ناچاریدا دەستدەکات بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە کاتێکدا خواستی بازاڕ لاوازە. 

لە ژێر ئەم کاریگەریی و فشارەدا جاری وایە دەگاتە دەستی بەشێک لە بەڵێندەرەکان و نرخەکانیان لە نێو بازاڕدا دادەبەزێنن بۆ ئەوەی پارەی پێویستیان لە بەرەستدا بێت بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، چونکە زۆر جار وەبەرهێنەر لە ئەنجامی نەبوونی پارەدا دەست دەبات بۆ دوو سێ رێگەی جیاواز، یەکێک لەوانە ئەوەیە ئەو کەسەی شیش و چیمەنتۆ و پێداویستییەکانی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون دەدات بە وەبەرهێنەرەکە، لە بەرامبەردا شوقەیەک یان خانوویەک، یان ڤێلایەک وەردەگرێت، ئەویش لە بازاڕدا بە نرخێکی کەمتر دەیفرۆشێتەوە، هاووڵاتییەکیش کە پێشتر یەكەكەی بە نرخێکی گرانتر كڕیوە، ئەو جیاوازی نرخە گرفت بۆ بازاڕ دروستدەکات.

PUKMEDIA   / کوردستانى نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket