زەیدی : عێراق پردێکە بۆ هاوکاری و دیالۆگ و دەوڵەتیش خاوەنی بڕیارە
عیراق 09:31 PM - 2026-09-25
نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی عیراق
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رایدەگەیەنێت: عیراق دەیەوێت وەک هێزێکی ئابووریی کارا لە ناوچەکەدا کاریگەری خۆی بنوێنێت و ببێتە پردێک بۆ دیالۆگ و هاوکاری لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ هەینی 25ی9ی2026، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، رایگەیاند: بەردەوامین لەسەر ئەوەی دەوڵەت خاوەنی بڕیار بێت لە ئاشتی و جەنگدا و ڕوونیشی کردەوە، پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان نوێنەرایەتی دیدگای هەمەلایەنەی عیراق دەکات بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی و سەقامگیری ناوچەیی.
راشیگەیاند: عیراق وەک هەنگاوێک بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانی وزە لە جیهاندا، کار لەسەر هەمەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت دەکات لە ڕێگەی پەرەپێدانی هێڵەکانی گواستنەوە لەگەڵ تورکیا و ئوردن و سووریا بەرەو بازاڕەکانی جیهان، هەروەها پڕۆژەی ستراتیژیی "رێگای گەشەپێدان" خرایەڕوو کە لە بەندەری گەورەی فاوەوە دەست پێدەکات و داوای لە وڵاتانی جیهان و دراوسێ کرد بەشداری لەم دەرفەتە گەورەیەی وەبەرهێنان و بازرگانیدا بکەن.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، زەیدی ئاماژەی بەوەکرد، سەقامگیریی راستەقینە بە شەڕ دەستەبەر نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی دیپلۆماسی، ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و هاوبەشیی بەرژەوەندییەکانەوە دێتە کایەوە، هاوکات جەختی لەسەر پرسی فەلەستین کردەوەو ڕایگەیاند، هیچ ئارامییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر نابێت بەبێ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و داننان بە مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین.
سەبارەت بە ئاستەنگە ژینگەیی و ناوخۆییەکانیش، سەرۆکوەزیرانی عیراق دووپاتیکردەوە، پابەندن بە بەدەستهێنانی مافە ئاوییە رەواکان و داوای بەڕێوەبردنی هاوبەشی سەرچاوەکانی ئاوی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا، هاوکات داوای هەماهەنگیی بەهێزی نێودەوڵەتی کرد بۆ بنبڕکردنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، لەگەڵ بەردەوامیدان بە چاکسازیی ناوخۆیی لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئابووریی دیجیتاڵی، تواناسازیی گەنجان، بەهێزکردنی پێگەی ژنان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

