riklam

مانگانە دوو ملیار دۆلار زیان بە داهاتى نەوتى عیراق دەگات

عیراق 04:49 PM - 2026-09-24
پاڵاوگەى نەوت PUKMEDIA

پاڵاوگەى نەوت

نرخی نەوت

حکومەتى عیراق لە مانگى رابردودا 70 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە،بەڵام لە %60ى داهاتەکەى لەدەستداوە، پسپۆڕێکى بواری وزە و گرێبەستەکانی نەوت و گاز دەڵێت: بەهۆى ئەو بارودۆخەى کە لە گەروى هورمز هەیە حکومەتى عیراق هەموو بەرمیلێک نەوت بە 26 تا 28 دۆلار کەمتر لە نرخى رەسمى خۆى دەفرۆشێت، بەمەش بەشێکى زۆر لە داهاتەکەى لەدەستدەدات.

لەپێناو بوونى خواست لەسەر نەوت داشکاندن کراوە

بەهجەت ئەحمەد پسپۆڕ لە بواری وزە و گرێبەستەکانی نەوت و گاز بە PUKMEDIA  راگەیاند: ئەم بڕە بەراورد بە مانگەكانی دیكە زیاترە بەهۆی ئەو داشكاندنەی حكومەتی عیراق بۆ نەوتەکەی كردووە، لەپێناو ئەوەى كۆمپانیاكان خواستیان لەسەر نەوتەکە هەبێت و بیانەوێت ئەو نەوتە لە گەروی هورمز دەربازبكەن، بەڵام کاریگەرى کردوەتە سەر داهاتەکەى.

راشیگەیاند: حکومەتى عیراق لەپێناو ساغکردنەوەى نەوتەکەى، کە بەشێوەیەکى سەرەکى پشتى پێبەستووە، بڕیاریداوە بۆ هەر بەرمیلێک 26 بۆ 28 دۆلار کەمتر لە نرخى رەسمى خۆى بیداتە کۆمپانیاکان، بەمەش زیانى زۆر بەر داهاتەکەى کەوتووە.

داشکاندن لە مانگى ئابدا نزیکەى دوو ملیار دۆلار زیانى هەبووە

بەپێى راگەیەندراوى وەزارەتى نەوتى عیراق کە ئەمڕۆ 24ى9ى2026  بڵاویکردووەتەوە، لە مانگى رابردودا 70 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، کە رۆژانە دەکاتە دوو ملیۆن و 333 هەزار 333 بەرمیل نەوت، کە بەراورد بە مانگەکانى رابردوتر هەناردەکە بەرزبوەتەوە.

هەر لەو بارەیەوە بەهجەت ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: راستە مانگى ئاب حکومەتى عیراق توانیویەتى 70 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام هاوکات ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەى بە بێ داشکاندن بفرۆشتایە، بڕى یەک ملیار و 820 ملیۆن دۆلار زیاترى دەستدەکەوت.

بە پێى بە دواداچوونەکانى PUKMEDIA تەنها لە مانگى ئابدا حکومەتى عیراق رۆژانە 60 ملیۆن و 666 هەزار و 666 دۆلار زیانى لە داشکاندنى نەوت بەرکەوتوە، کە لە مانگەکەدا دەگاتە یەک ملیار و 820 ملیۆن دۆلار.

عیراق ناچارە داشکاندن بکات

هاوکات پسپۆڕەکەى بواری وزە و گرێبەستەکانی نەوت و گاز دەڵێت: نەوتی سوكی عیراق لە دەوروبەری نرخى نەوتی برێنت دەفرۆشرێت و نەوتی مامناوەند و قورسیش بە 10 دۆلار لە خوار نرخی نەوتی برێنتەوەیە، هەروەها سەرجەم ئەو كەشتیانەی بە گەروی هورمزدا تێدەپەڕن دەبێت پارەی زۆر بدەن، هەر بۆیە عیراق ناچارە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت ئەو بڕە داشکاندن بۆ کۆمپانیاکان بکات.

 کەمبونەوەى داهات پشتڕاست کراوەتەوە

هەروەها عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە لێدوانێکدا کەمبونەوەى داهاتى پشتڕاست کردوەتەوە و رایگەیاندووە: لە %60 ی داهاتی نەوتی عیراق كەمی كردووە، بەڵام عیراق ناچارە ئەو داشكاندنە بكات.

بەرزترین ئاستى هەناردەى نەوت لە مانگى ئابدا بووە

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەلیم ركابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق، رۆژی 4ی ئەیلولی 2026 رایگەیاندبوو: هەناردەكردنی نەوتی عیراق لە مانگی ئابدا نزیكەی 70 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، كە بەرزترین ئاستە لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەوە عیراق هەناردەى کردبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم ئامارانە رەنگدانەوەی گرنگیی كەرتی نەوتە، کە رۆڵى گرنگ دەگێڕن لە بەهێزکردنى ئابورى وڵات.

بەهۆى جەنگى ئەمریکا و ئێران و داخستنى گەروى هورمز وڵاتانى کەنداو بە گشتى زیانى زۆرى مادیان پێگەیشتووە ئەمەش بەهۆکارى ئەوەى نەیانتوانیوە وەک پێویست هەناردەى نەوتەکەیان بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا عیراق کە داهاتى سەرەکى نەوتە زیانى مادى زۆرى بەرکەوتوە و بەناچارى بۆ هەر بەرمیلێک بڕى 26 بۆ 28 دۆلار کەمتر لە نرخى خۆى دەداتە کۆمپانیاکان و بەمەش مانگانە نزیکەى دوو ملیار دۆلار زیانى بەردەکەوێت.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket