riklam

زەیدی: تا 30ی6 ساڵی داهاتوو گروپەکان بە تەواوی چەک رادەست دەکەن

عیراق 08:57 AM - 2026-09-22
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق نوسینگەی راگەیاندن

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق، ئاشکرای دەکات رۆژی 30ی9 رێککەوتنی چەکدانانی گروپە چەکدارەکان رادەگەیەنرێت و تا 30ی6ی2027 بە تەواوی چەکدادەنێن، دووپاتیشی دەکاتەوە، کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی "پرسی شەرەف و پێویستییەکی حەتمییە نەک بژاردە".

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ڕایگەیاند، پرۆسەی سنووردارکردن و کۆکردنەوەی چەک سەرەتا بە 90 ڕۆژی ئاگربەست دەستپێدەکات، کە تێیدا هیچ هێرشێک لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی ئەمریکادا ئەنجام نادرێت.

زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت  بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمیە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش پرسی شەرەفە.

وتیشی: دەبێت سەرەتا چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکرێتەوە تا بتوانین ئابوورییەکی بەهێز بنیات بنێین، عێراق لە سایەی ئەم حکوومەتەدا دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتن نەک خاڵی دوژمنایەتی.

 هەر پەیوەست بە چەکدانانی گروپەکان، عەلی زەیدی ئاشکرای کرد، رێککەوتنی چەکدانان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان لە رۆژی 30ی9ی2026 رادەگەیەنرێت، پاشان پرۆسەکە بە 90 ڕۆژ ئارامی دەستپێدەکات، دواتر چەکدارەکان دەست بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەکەن و تا 30ی6ی2027  پرۆسەکە کۆتایی دێت، ئامانجی کۆتاییش نەهێشتنی ئەم گرووپانەیە وەک پێکهاتەی سەربەخۆ، بەجۆرێک ئەندامەکانیان وەک تاک دەچنە ناو ریزەکانی حەشدی شەعبییەوە و هەر گرووپێک دوای ئەو وادەیە بە ناوی گروپەکەیەوە کار بکات، وەک یاساشکێن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

لە ڕووی ئابوورییەوە، زەیدی ئاشکرای کرد کە عیراق نزیکەی 60 ملیار دۆلاری لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای پەیوەندییەکان، ئێران ڕێگەی بە کەشتییەکانی  نەوتی عیراق نەداوە بە گەرووەکەدا تێپەڕن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخی جیهانیی نەوت و دروستکردنی گوشار.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عیراق باسی لە هەوڵەکانی بەغدا کرد بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە، لەوانە ڕێککەوتنی ئەمساڵ لەگەڵ تورکیا بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی بۆریی و بەرزکردنەوەی توانای ئەو هێڵە، ئەمە جگە لەوەی لە سەردانەکەمان بۆ ئەڵمانیا و فەرەنسا باسمان لە ناردنی نەوت کرد، کە راستەوخۆ لەرێگەی بۆرییەوە بە تورکیادا رەوانەی ئەوروپای بکەین.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket