riklam

لە جەنگی ئێراندا 22 سەربازی ئەمریکی کوژراون و خەرجییەکانیش 43 ملیاری تیپەڕاندووە

جیهان 02:16 PM - 2026-09-19
زیانەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا Reuters

زیانەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا

زیانە گیانی و مادییەکانی ئەمریکا لە جەنگی وڵاتەکەی دژ بە ئێران زیادی کردووە و بەپێی دواین ئامار، لانیکەم 22 سەرباز کوژراون و 820 سەربازیش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی خەرجییە مادییەکانیش بە 43.6 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان کە پشتیان بە وتەی شەش بەرپرسی ئەمریکی بەستووە کە ئاگاداری تۆمارەکانی زیانە مرۆییەکانن، پێنج لەو بەرپرسانە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ژمارەی گیانلەدەستدانی سەربازەکان گەیشتووەتە 22 سەرباز، ئەمەش بە جیاوازیی چوار کوژراو زیاترە لە داتای گشتیی پێنتاگۆن کە 18 کوژراوی راگەیاندووە.

هاوکات، ئامارە رەسمییەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران، تاوەکو ئێستا 820 سەرباز بریندار بوون.

پەیوەست بە زیانە مادییەکانیش، ئەوە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کردووە،کە بەپێی خەمڵاندنەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا "سێنتکۆم" ، تێچووی جەنگی ئێران تا 3ی ئەیلول، نزیکەی 43.6 ملیار دۆلار دەبێت، بەپێی بەڵگەمانەیەک کە ڕۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە، ئەم بڕە پارەیە نزیکەی 28 ملیار دۆلار لەخۆ دەگرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو تەقەمەنییانەی کە بەکارهاتوون  لە جەنگەکەدا، هەروەها 4.3 ملیار دۆلاریش بەهای ئەو کەرەستانەن کە زیانیان پێگەیشتووە یان لەناوچوون.

هەر بەپێی بەڵگەنامەکە، هێزی ئاسمانی بە زیاتر لە 6.6 ملیار دۆلار زۆرترین خەرجی هەبووە،دواتریش هێزی دەریایی بە نزیکەی 2.2 ملیار دۆلار لە پلەی دووەم دێت، پاشان هێزی زەمینی بە نزیکەی 1.6 ملیار دۆلار لە پلەی سێیەمدایە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەم ئامارانە گوشارێکی سیاسیی گەورە دەخەنە سەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و پارتی کۆماری، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا، هەروەها ڕاپرسییە نوێیەکان دابەزینێکی بەرچاو لە پشتیوانیی جەماوەری نیشاندەدەن و  بەپێی ڕاپرسییەکان تەنها 28%ی ئەمریکییەکان پشتگیری لە سیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر دۆسیەی ئێران دەکەن، لە بەرامبەردا نزیکەی 62% دژی دەوەستنەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket