پەرلەمانتارێكی یەكێتی هەوڵی كۆتاییهێنان بەشێواندنی ناوی كورد لەبەڵگەنامەكانی عیراق دەدات
کوردستان 10:52 AM - 2026-09-17
PUKMEDIA
پۆڵا شەهید سیروان دێڕەشەیی
لەپێشهاتێكی سیاسی و كارگێڕی گرنگدا كە راستەوخۆ پەیوەستە بە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و كلتوریی گەلی كورد لەعیراق، پەرلەمانتارێكی یەكێتی هەوڵێكی چڕو رەسمی دەستیپێكردووە بۆئەوەی لەدامەزراوە رەسمییەكانی دەوڵەتدا پیتە تایبەتەكانی زمانی كوردی لە سەرجەم سیستمە ئەلیكترۆنی و بەڵگەنامە رەسمییەكاندا جێگیر بكەن بە تایبەتی لە سنووری ماددەی 140.
پۆڵا شەهید سیروان دێڕەشەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: لە دەستپێشخەرییەكمدا كە بە نوسراوی رەسمی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی عیراقم كردووە، داوامكردووە كە عیراق لەدامەزراوە رەسمییەكانی دەوڵەتدا پیتە تایبەتەكانی زمانی كوردی لە سەرجەم سیستمە ئەلیكترۆنی و بەڵگەنامە رەسمییەكاندا جێگیر بكات، لەپێناوی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەیەكی تەكنیكی و كارگێڕییە كە چەندین ساڵە بووەتە هۆی شێواندنی ناوی هاووڵاتیانی كورد لە بەڵگەنامە گرنگەكانی وەكو كارتی نیشتمانی، پاسپۆرت و كارتی زانیاری و فۆڕمی خۆراك.
راشیگەیاند: لە نووسراوەكەدا ئاماژەم بە ماددەی (4 / بەشی یەكەم) لە دەستووری هەمیشەیی عیراق كردووە، كە بەڕوونی زمانی كوردی وەك زمانێكی رەسمی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا چەسپاندووەو جەختم لەوە كردووەتەوە كە نەبوونی پیتەكانی (پ، چ، ژ، گ، ڵ، ۆ، ێ، ڕ، ڤ، وو) لە سیستمە ئەلیكترۆنییەكانی دەوڵەتدا، تەنها كێشەیەكی تەكنیكی نییە، بەڵكو پێشێلكارییەكی ئاشكرای دەستوور و نادادپەروەرییە بەرامبەر بە مافی هاووڵاتیبوون.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەمدا، بە بەڵگەی سەلمێنەرەوە ئاماژە بە چەندین نموونە كراوە كە چۆن ئەم كەموكوڕییە تەكنیكییە دەبێتە هۆی گۆڕینی یەكجاری مانای راستەقینەی ناوەكان، بۆ نموونە، ناوی رەسەنی (ژیان) بەهۆی نەبوونی پیتەكانەوە دەگۆڕدرێت بۆ (زیان)، كە لە زمانی عەرەبیدا زیان پێچەوانەی مانای ژیانە، (پشتیوان) دەبێتە (بشتیوان)، (ڕزگار) دەبێتە (رزكار)، و (گەوهەر) دەبێتە (كوهر)، هەڵاڵە دەبێت بە ( هلالە) كە هیچ مانا و مەبەستێك نابەخشن و زیانێكی دەروونی و مێژوویی لە ناسنامەی كەسی و نەتەوەیی كورد دەدەن.
پۆڵا شەهید سیروان دێڕەشەیی، ئەوەشی خستەڕوو: نووسراوەكە لەلایەن بریكاری وەزیری ناوخۆی عیراقەوە هامشی كارگێڕی پێویستی لەسەر كراوە و ئاڕاستەی بەشی یاسایی كراوە بۆ مەبەستی بەدواداچوون و جێبەجێكردن.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

