ناوی زانكۆی سلێمانی چووە كتێبی گینسەوە
کوردستان 11:50 AM - 2026-09-03
PUKMEDIA
ناوی زانكۆی سلێمانی چووە كتێبی گینسەوە
زانكۆی سلێمانی بەهۆی دروستكردنی گەورەترین رستەی بە درەخت روێندراو، ناوی چووە كتێبی گینسەوەو ئەم هەنگاوە ژینگەییەش، لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆ، پارێزگاری سلێمانی و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆ نێودەوڵەتیكردنی زانكۆی دایك و بەرزكردنەوەی پێگەی سلێمانی لەسەر نەخشەی ژینگەیی و داهێنانی جیهانی هەڵسەنگێندرا.
پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، لەمەڕاسیمی راگەیاندنی چوونە ناو كتێبی گینسی زانكۆی سلێمانی، رایگەیاند: زانكۆی دایك لەڕیزبەندییە جیهانییەكاندا بەرەوپێشچوونی بەردەوامی تۆماركردووەو سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانیش لەبواری بەڕێوەبردن و كوالێتیدا هەنگاوی گەورەی ناوەو یەكەم زانكۆی هەرێمی كوردستانە كەتوانیویەتی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی سیستمی بەڕێوەبردنی كوالێتی (ISO) بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئاستی بەرزی بەڕێوەبردن و خوێندن لە زانكۆی دایك دەسەلمێنێت.
راشیگەیاند: ئەم پڕۆژەیە بەشێكە لەخواستەكانمان بۆ بەنێودەوڵەتی كردنی زانكۆی دایك و بە رواندنی شەش هەزار نەمامیش پەیوەندییەكی ناوازە لەنێوان مرۆڤ و سروشت، زانست و زانكۆو كۆمەڵگەدا دروستدەكات.
هەر لە مەڕاسیمەكەدا، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: ناوی سلێمانی بەڕووی جیهاندا كرایەوەو ئەم دەستكەوتەش هی هەموومانە، هاوكات لەمانگەكانی ئایندەدا چەندین دەستكەوتی دیكە بۆ سلێمانی دەبینن، چونكە تەنها لەم مانگەدا بەشداریی پێنج سێكتەری جیهانیی كارا دەكات.
راشیگەیاند: سلێمانیمان خستووەتە سەر نەخشەی جیهانیی داهێنانەكان و ئەمەش ناو و ناوبانگی كورد دەپارێزێت و لەدۆخی خۆ بەكەم زانین و چاوەڕوانی نێودەوڵەتی دەردەچین و دەبێت سلێمانی بكەینە بەشێك لەدابینكردنی سەرچاوەی وزەی نێودەوڵەتی و ژینگەو ئاوی پاك و كێڵگەی نێودەوڵەتی.
هاوكات د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: پیرۆزبایی لە سەرۆكی زانكۆو ستافەكەی دەكەم، هاوكات هەموو ئەو باخەوانانەی لەزانكۆی سلێمانی كاردەكەن، لەوەزارەتەوە پاداشتی ماددیی و مەعنەویان دەكەین.
زانكۆی سلێمانی كە بەزانكۆی دایك دەناسرێت، لەساڵی 1968 دامەزراوە، دێرینترین زانكۆی هەرێمی كوردستانەو رۆڵێكی مێژوویی و رێبەرایەتی هەبووە لە پێگەیاندنی هەزاران پسپۆڕو ئەكادیمی لەبوارە جیاوازەكاندا، هاوكات لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی بەردەوام لەڕیزبەندییە زانستییە بەرزەكاندایە.
هاوكات زانكۆی سلێمانی لەساڵانی دواییدا سەرنجی تایبەتی خستووەتە سەر پڕۆژەی سەوزكردن، روبەڕوبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكە، پڕۆژەی دروستكردنی گەورەترین رستە بە رواندنی شەش هەزار نەمام و چوونە ناو كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانییەكان، بەشێكە لەم روانگە ژینگەیی و زانستییە كە ئامانجی بەستنەوەی زیاتری زانستە بەسروشت و كۆمەڵگەوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

