عەلی زەیدی: مووچەی فەرمانبەران دابینکراوە

عیراق 01:41 PM - 2026-08-21
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عیراق

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق

عیراق مووچە

سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت: مووچەی فەرمانبەران و پێدانی پارە حکومییەکان دابینکراون و بەردەوامین لەسەر جێبەجێکردنی پلانێک بۆ ساڵانی داهاتوو.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە وتارێکیدا لە میانەی بەشدارییکردنی لە هەشتەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد، کۆمەڵێک تەوەر و بابەتی سەبارەت بە لایەنی ئابووری و ئەمنی و سیاسی خستەڕوو رایگەیاند: توانیمان مووچە دابین بکەین و چارەسەری جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بدۆزینەوە، هەروەها بودجەیەک پێشکەش دەکەین کە وەک نەخشەرێگایەکە بۆ ئایندەی ئابووری عیراق و بودجەی ساڵی داهاتوو، سەرنج دەخاتە سەر کەرتی کارەبا لە بوارەکانی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و گواستنەوە، جێبەجێکردنی وزەی خۆریش فراوانتر دەکات.

راشیگەیاند: چاکسازییمان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەکارهێنانی سووتەمەنی ناوخۆییدا کردووە، بەپێی مۆدێلێکی ئابووری نوێ کە لە ماوەی ساڵێکی تەواودا بڕی 17.8 تریلیۆن دیناری زیادەی دارایی بەدەستدەهێنێت و تەواوی هێزە سیاسییەکان بە تەواوی هاوڕان لەسەر بەردەوامبوون لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و کارکردنیش لەسەر ئالیەتەکانی ڕادەستکردنی چەک و کۆتاییهێنان بەم دۆخە بە تەواوەتی بەردەوامە.

زەیدی ڕوونیشیکردەوە: هیچ نەتەوەیەکی و ئەگەرێک بۆ هیچ ڕووبەڕوبوونەوەیەکی سەربازی نییە و ڕێگە بە دوژمنانی عیراق نادەین هیچ دەرفەتێک بقۆزنەوە، هیچ پاشەکشەیەکیش لە دژایەتیکردنی گەندەڵی نییە و حکومەت لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە پاڵپشتییەکی بەرفراوانی هەیە، هاوکات مووچەی فەرمانبەران و پێدانی پارە حکومییەکان دابینکراون و بەردەوامین لەسەر جێبەجێکردنی پلانێک بۆ ساڵانی داهاتوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، کار دەکەین لەسەر فراوانکردنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە، هەروەها کارکردن هەیە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بانیاس و عەقەبەوە، هەروەک کار دەکەین بۆ زیادکردنی پشکی هەناردەکردنی عیراق لە ڕێگەی ئۆپێکەوە و هەوڵدەدەین لە ماوەی 6 ساڵدا بگەینە 8 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق راشیگەیاند: عیراق بە وەکالەت لە جیاتی ناوچەکە و جیهان جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش کردووە و لە دادپەروەرییەوەیە کە پشکێکی هەناردەکردنی نەوتی خاو بەدەستبهێنێت کە هاوتا بێت لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان و یەدەگی نەوتەکەی، هەروەها بیر لە دروستکردنی حکومەت ناکەینەوە بەقەد ئەوەی بیر لە دروستکردنی دەوڵەت و ئابووری دەکەینەوە.

وتیشی: ئەگەر پاڵپشتی کەرتی تایبەت نەکەین، هیچ گەشەپێدانێک ڕوونادات، و هەوڵدەدەین ئالیەتێک دابنێین کە هانی کۆچکردن لە کەرتی گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەت بدات و لەسەر ئاستی هەرێمیش، پاڵپشتیمان لە گۆڕینی ڕۆڵی عیراق کردووە لە گۆڕەپانی ململانێوە بۆ پردێک بۆ دانوستان و لێکگەیشتن و قورسایی و سەنگی وڵاتەکەمان کاریگەر و یەکلایکەرەوەیە لە سەقامگیری ناوچەکەدا و پرۆژەی ملیۆنێک پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەم زووانە دەبێتە واقيع و ئەو هاووڵاتییانە بەئامانج دەگرین کە خاوەنی هیچ خانوو یان زەوییەکی نیشتەجێبوون نین.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە