سەركەوت زەكی: گۆڕانكارییەكانی یەكێتی جگە لەكەسەكان، پەیكەری رێكخراوەییش نوێدەكاتەوە
چاوپێکەوتن 10:59 AM - 2026-08-17
PUKMEDIA
سەركەوت زەكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاری حزبی و رێكخراوەییدا، ژمارەیەك گۆڕانكاری كردووەو پەیكەری رێكخراوەیی خۆی گۆڕیوە، بۆ ئاگاداربوون و وەرگرتنی زانیاری لەبارەی پڕۆسەی نوێبوونەوە لە كاری رێكخراوەیی، كوردستانی نوێ ئەم دیدارەی لەگەڵ سەركەوت زەكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی سازدا:
• هۆكاری ئەم گۆڕانكارییە نوێیانەی ناو یەكێتی لە كاری حزبی و رێكخراوەییدا چییە؟
- یەكێتی تایبەتمەندییەكی دیاری هەیە كە زیندوبوونیەتی لە كاروباری رێكخراوەیی خۆیدا، هەر كاتێك پێویست بێت گۆڕانكاری بكات، ریفۆرم بكات، پێداچوونەوە بە هەیكەل و سیاست و بەرنامەی خۆیدا بكات، دەیكات. ئێمە لەبەردەم قۆناغێكی تەواو جیاوازدا بووین لە دوای ساڵی 2021وە. كۆنگرەیەكی سەركەوتوومان بەست. هەڵبژاردنمان كرد و تێیاندا سەركەوتوو بووین و دەنگەكانمان زیادیان كرد، پەیوەندییەكانی خۆمان رێكخستەوە لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەكە.
لەناوخۆی كوردستاندا پێگە و جێگەی یەكێتی، رووی لە هەڵكشان و پێداچوونەوە و بەرزبوونەوە كرد، بۆیە پێویست بوو یەكێتی جارێكی تر بە شێوازێكی تر و جددیتر بە خۆیدا بچێتەوە. لەم پرۆسەیەی گۆڕانكارییانەدا، ویستمان سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكێتی رێكبخەینەوە لە مەكتەبەكان، مەڵبەندەكان، كۆمیتەكان، رێكخراوەكان. ئەم پێداچوونەوەیە رێكخراوەیی گشتگیر بوو بە پەیكەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، بۆ ئەوەی بتوانیین سەرجەم ئەو توانایانەی كە یەكێتی هەیەتی بەباشترین شێوە پێشكەشی بكات.
• بەپێی ئەم سەردەمە، ئەم گۆڕانكارییانە دەتوانێت وەڵامی خواستەكانی كۆمەڵگە بداتەوە؟
- لەو كاتەی كە لە مەكتەبی رێكخستن بووم، كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستنمان ئەنجامدا كە نیمچە كۆنگرەیەك بوو. لە كۆنفرانسەكەدا بەشێكی زۆری ئەم گۆڕانكارییانەی كە ئێستا دەكرێت، بە پرۆسەیەكی لەسەرخۆیی، قسەی لێكرا و گفتوگۆی لەبارەوە كرا و رای هەموو هەڤاڵانی یەكێتی، هەموو كادرانی یەكێتی دەكرێ بڵێین تەقریبی وەرگیرا.
قۆناغی یەكەم بە قسەكردن لەسەر ئەم گۆڕانكارییانە لە مەڵبەندەكانەوە دەستمان پێكرد. لە مەڵبەندی گەرمیان و لە هەندێك مەڵبەندی تر كۆنفرانسی بچووكمان كرد. لە هەندێك شوێنی تر بە تایبەت لەناو مەكتەبی رێكخستندا، لیژنەی جیاوازمان دروست كرد، راسپاردە و پێشنیازەكانمان هێنا، گفتوگۆمان لەبارەیەوە كرد، دواتر كۆی ئەو راسپاردانەی كۆنفرانسەك بچووكەكان، لە كۆنفرانسێكی گەورەدا لە هۆڵی شەهید شیهاب لە قەڵاچوالان، ماوەی دوو رۆژ گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
لەوێ گەشتینە بڕیاری كۆتایی كە ئەم گۆڕانكارییانەی ئێستا دەیانكەین بۆ یەكێتی پێویستییەكی زۆر گرنگن، بۆیە دەبێت میكانیزمێكی نوێ بچێتە وردەكارییەوە بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكان جێبەجێبكەین.
ئێمە بیرمان لە گۆڕانكاریی هەیكەل كردەوە و گۆڕیمان، هەندێك لە مەكتەبەكانمان هەڵوەشاندەوە و هێنامانە ناو مەكتەبی كاروباری رێكخراوەییەوە. لە هەندێك شوێن مەڵبەندمان هەڵوەشاندەوە و مەڵبەندی نوێمان دروستكرد. مەڵبەندمان خستە سەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان. هەموو قەزایەكی ئیداریمان كرد بە كۆمیتەیەك بۆ ئەوەی بتوانیین بەباشترین شێوە ئیدارەی كۆمیتەكانمان بدەین.
كەواتە ئەوەی ئێستا كردوومانە بە كۆمیتە، لە رووی پەیكەر یان ریزبەندی رێكخراوەییەوە، دەكرێت وەك مەڵبەندەكەی جاران بەراوردی بكەین. بۆ نموونە شارباژێڕ كاتی خۆی مەڵبەندێك بوو، دواتر كردمان بە چەند كۆمیتەیەك، ئێستا جارێكی تر شارباژێڕمان كردووەتەوە بە كۆمیتەیەك. كەواتە گرنگیی كۆمیتەی شارباژێڕ، گرنگیی مەڵبەندەكەی جارانە. كفری لە رابردوودا مەڵبەندی هەبوو، ئەم مەڵبەندە چەند كۆمیتەیەكی هەبوو، ئێستا بەپێی ئەم تەشكیلاتە تازەیە، جارێكی تر ئەمەمان كردووەتەوە بە كۆمیتەیەك. بۆ نموونە هەموو پێنجوێنمان كردووەتەوە بە كۆمیتەیەك.
كۆمیتەكانمان هەمووی لەسەر یەك ئاستن و وەك یەك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. گەورەن و ئەگەر جاران مەڵبەندەكان دوو جێگر یان سێ جێگری هەبووبێت و هەشت یان 10 كارگێڕی هەبووبێت، ئێستا لەهەر مەڵبەندێكدا 15 بەشمان هەیە، لەهەر كۆمیتەیەكیشدا 14 بۆ 15 بەشمان هەیە بە گوێرەی تایبەتمەندی كۆمیتەكە و رەچاوكردنی دۆخەكەی.
جاران كۆمەڵایەتیمان هەبوو لە دەرەوەی كۆمیتە و مەڵبەندەكان، ئێستا كۆمەڵایەتی بەشێكە لە كۆمیتە و مەڵبەندەكان. پێشتر تەشكیلاتێكمان نەبوو بۆ حكومەت، ئێستا بەشێك تایبەتكراوە بە كاروباری حكومەت لەناو مەڵبەند و لەناو كۆمیتەكاندا. پێشتر تەشكیلەی رێكخراوە دیموكراتییەكانمان لە دەرەوەی مەڵبەند بوو، ئێستا رێكخراوە دیموكراتییەكان هاتووەتەوە ناو مەڵبەند و كۆمیتەكان.كەواتە مەڵبەندەكانمان لە مەڵبەندەكانی جاران گەورەترن، كۆكەرەوەی هەموو توانای یەكێتیین لە سنووری جوگرافی خۆیاندا. كۆمیتەكانیش بە هەمان شێوە، چووەتە ئاستی قەوارەی مەڵبەندێكی جارانەوە و شوێنی كۆكەرەوەی هەموو هێز و سەرچاوەی مرۆیی یەكێتییە لە یەك ئۆرگاندا، لە یەك شوێنەوە، بە یەكەوە ئاراستە و سەرپەرشتی دەكرێن و تواناكانی یەكێتی دەخەنەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان.
ئومێدی زۆرمان هەیە كە ئەم گۆڕانكارییانە چەندین هەنگاو یەكێتی بباتە پێشەوە، لە رووی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ جەماوەر و بەهێزكردنی رێكخستن و ئاراستەكردنی تواناكانی ناو یەكێتی.
• لەم نوێبوونەوەیەدا تایبەتمەندیی سنوورەكە و پارێزگاكە لەبەرچاو گیراوە؟
- ئێمە ئەم گۆڕانكارییانەمان نەكردووە بۆ ئەوەی یەكێك بكەین بە لێپرسراو لە شوێنێك، واتا یەكێك دابنێین لە جێگەیەك. ئەمجارە بە دوای خەڵكێكدا گەڕاین كە سەرپەرشتیی ئەو ئۆرگانەمان بۆ بكات بەپێی ئەو پێوەرانەی كە خۆمان هەمانە. بۆیە رەچاوی تایبەتمەندیی ناوچەیی و لێهاتوویی و كارامەیی كراوە. بۆ نموونە لە شارێكی وەكو كەركوك پێكهاتەی توركمانمان و عەرەبمان هەیە، بۆیە حاڵەتێكی ئاساییە ئەگەر لەوێ بەشێكمان هەبێت بۆ ئەم پێكهاتەیە، بەڵام سلێمانی شارێكی كراوەترە، پێكهاتەیەكی تری تێدا نییە لە دەرەوەی پێكهاتەی نەتەوەی كورد. پێكهاتەی ئایینی جیاوازمان هەیە وەك مەسیحییەكان، دەمانەوێت ئەمان وەك نەسێجی كۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی جێگایان بكەینەوە، هەرواش بوون.
ئێمە پێشتریش ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگامان هەبووە لەسەر لیستی سلێمانی، خەڵكی تێكۆشەرمان هەبووە لەسەر لیستی سلێمانی كە لە یەكێتییەوە نزیك بوون، دۆست بوون، لەگەڵ مەسیحییەكانی سلێمانی پەیوەندییەكی زۆر باشمان هەیە و هەمیش بەشێك لەم پێكهاتەیەن. بۆیە ئێمە دەمانەوێت پێكهاتەی ئایینی مەسیحی لەناو مەڵبەندی سلێمانی جێگەیەكی دیاریان هەبێت.
• سلێمانی ژمارەیەك ئاوارەی ناوەڕاست و خوارووی تێدا دەژی، لە كاری رێكخراوەیی یەكێتیدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسییەدا دەكرێت؟
- مەڵبەندەكان ئەركیان ئیدارەدانی مەلەفی كۆچبەرەكان و ئیدارەدانی مەلەفی گەشتیارەكان نییە، مەڵبەند بۆ سنوورێكی جوگرافیایە، بۆ دانیشتوانی رەسەنی ناوچەیەكی دیاریكراوە. ئەوانە ئەگەر بەهۆی شەڕی داعشەوە هاتبنە ئەم ناوچانە، بە هۆكارێكی سروشتی یاخود هۆكارێكی سیاسی كۆچیان كردبێت بۆ ئەم ناوچەیە، هەركات كێشەكانیان كۆتایی پێهات دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
بەشێكی زۆری ئەم كۆچبەرانە دەنگەكانیان لە سنوورە جوگرافییەكانی خۆیانە كە لێرەش بوون، لە كەمپەكانی عەربەت بوون یان لە شوێنێكی تر لە سلێمانی، دەنگەكانیان لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و ئەنبار و بەغدا و ئەو شارانەی تر بووە. بۆیە دەنگەكانیان ناگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. بۆیە كۆچبەران كۆچبەری كاتین و دەگەڕێنەوە سنووری جوگرافیای خۆیان و پێویستیان بەوە نییە لێرە كاروباری رێكخراوەیی و رێكخستنیان لەناودا بكرێت. رەنگە بە حوكمی پێكهاتەكەیان ئینتیماشیان بۆ لایەنی سیاسی دیاریكراوی تر هەبێت. لە رووی بەڕێوەبردنەوە، نوێنەرەكانی خۆمان لە حكومەت راسپاردووە كە ئەوانە میوانی ئازیز و خۆشەویست و رێزلێگیراوی سنوورە جوگرافییەكانی ئێمەن، هی میللەت و حزبەكەمانن، بۆیە دەبێت ئەوەی پێویستیانە بۆیان بكرێت.
• ئایا ئەم گۆڕانكارییانە جێگای هەموو یەكێتییەكانی تێدا دەبێتەوە؟ ئایا وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو یەكێتییەكانە؟
- پڕۆسەكە نوێ و گەورەیە، دەستكاریی پەیكەری رێكخراوەییمان كردووە. بەڵام ئەو گۆڕانكارییانە و ئەو سەركەوتنانەی كە یەكێتی بەتایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە رابردوودا و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عیراق بەدەستی هێناون، دەرفەتی ئەوەی رەخساندووە كە هەموو كادرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم تەشكیلە تازەیەدا جێگەیان بێتەوە.
لێرەوە دەرفەت بۆ هەموو كادرێك دەڕەخسێنێت كە لە شوێنێكدا كار بكات. چونكە ئێمە لەم پرسەدا دەستمان بۆ زۆر شت بردووە و گۆڕانكاریمان لە زۆر شتدا كردووە. ئەرك و لێپرسراوێتییەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە هەڤاڵێكمان هەیە لە مەكتەبی سیاسی لێپرسراوی مەكتەبێكە، هەڤاڵێكی دیكەشمان هەیە لە مەكتەبی سیاسی سەرپەرشتیاری پارێزگایەك دەكات، هەڤاڵێكی دیكەشمان هەیە لێپرسراوی مەڵبەندێكە. گرنگ ئەوەیە تۆ لەم پڕۆسەیەدا لە ئیشدا بیت. ئەمە بۆ هەڤاڵانی سەركردایەتیش راستە. هەڤاڵانی سەركردایەتیمان هەیە لێپرسراوی بۆردێكە، هەڤاڵی سەركردایەتیمان هەیە لێپرسراوی مەڵبەندێكە، هەشمانە ئەركێكی تری پێ سپێردراوە لە دەرەوەی كاروباری رێكخراوەیی و رێكخستن. بۆیە شێوازی كاركردن بە پلە، گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەپێی ئەم ریزبەندییە نوێیە، هەموو هەڤاڵانی یەكێتی جێگەیان دەبێتەوە لە پڕۆسەی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی حزبدا.
هەڤاڵ و كادری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاراكتەری چالاكن، كادری باشن، ئەزموونێكی زۆریان لە كاری رێكخراوەییدا هەیە بە حوكمی تەمەنی كاركردنیان، ئەمە رێخۆشكەر بووە بۆ ئەوەی كە لێبوردوو و دڵفراوانیش بن لە قبووڵكردنی ئەو ئیشانەی كە یەكێتی بەسەریاندا دابەشی دەكات.
لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان، دەیان هەڤاڵمان هەبوو ئەندامی مەكتەب بوو، جێگری لێپرسراوی مەڵبەند بوو، بەڵام لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، ئەركی لێپرسراوێتی بنكەیەكی هەڵبژاردنمان پێسپاردووە و بە سنگێكی فراوانەوە پێشوازییان لێكردووە. لەم پڕۆسەیەشدا لەناو مەڵبەندەكان، لە ئەنجومەنی پشتیوانی، لە مەكتەبە جیاوازەكاندا، دەرفەتی ئەوە هەیە كە تەواوی كادران جێگەیان ببێتەوە و كار بكەن.
ئەگەر ئێستا لە ڕووی شكڵییەوە سەیری بنكەكانی رێكخستن بكەیت، بەرامبەرمان كردووە بە كەرتێكی رێكخستنی جاران كە لەلای ئێمە 150 بۆ 200 كەس بوو، لە باشترین حاڵەتدا رەنگە گەشتبێتە 300 بۆ 400 كەس. بەڵام بنكەیەكی رێكخستن كە ئێستا هەڤاڵێك رادەسپێرین بۆ قیادەكردنی، 2000 بۆ 2500 كەسە. بۆیە سنووری ئیشكردنەكە و مەودای ئیشكردنەكە و جوگرافیای ئیشكردنی هەڤاڵانی ئێمە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. گۆڕانكارییەكە سەرتاسەرییە. هەموو كادرانی ئێمە، مەرج نییە بەدڵی خۆیان بێت، بەڵام ئاخرجار حزب لەكوێ پێویستی بەمە بێت لەو جێگایەدا دایان دەنێت.
• لەڕووی داراییەوە، باسێك لەوە هەیە گرنگیی بدرێت بە باری ئابووریی كادرەكان، بەتایبەتی ئەوانەی لەو پلە بەرپرسیارێتییەدان؟
- كاری حزبایەتی كارێكی خۆبەخشی و ئارەزوومەندانەیە. لەسەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست دەبێت، ئەوانەی پەیوەندی بەم رێكخراوەوە دەكەن، ئارەزوومەندانە كاریانكرد. بۆیە ئەم پڕۆسەی كاری حزبایەتییە هەر بەو شێوەیە درێژەی هەیە. كەس كەس ناچار ناكات بۆ ئەوەی حزبێك هەڵبژێرێت، هەركەسە خۆی بە بژاردەی خۆی حزبێكی سیاسی هەڵدەبژێرێت. بەڵام كاتێك كادرێك تەرخان دەبێت بۆ ئیشوكاری حزبی، پێویست دەكات حزب یاریمەتیدەر بێت لە دابینكردنی بژێوی و پێویستییەكانی ژیانی.
هەڵەیەكی ستراتیژی لە رابردوودا كراوە، نەك تەنها لە هەرێمی كوردستان لە زۆر شوێنی تریش ئەم نموونەیە هەبووە و روویداوە. حزب بوو بە سەرچاوەی ژیانی هەندێك كەس، بوو بە بەدیلی حكومەت، بوو بە بەدیلی كۆمپانیاكان، خەڵك بۆ دۆزینەوەی كار رووی لە حزب كردووە. ئەمە سروشتی حزب نییە. حزب دیوە راستەقینەكەی ئەوەیە كە كارێكی ئارەزوومەندانەی تێدا بكەیت بۆ بەدیهێنانی خواست و ئامانجێكی دیاریكراو. دەبێت ئەو تێڕوانینە سەبارەت بە پرسی مووچە، پرسی ژیان، پرسی كاری خۆبەخشی و حزبایەتی لەیەكتر جیا بكەینەوە و تێبگەین كە ئێمە لە سەردەمێكی گۆڕاوداین و لە قۆناغێكی جیاوازدا ئیش دەكەین.
• لەم گۆڕانكارییانەدا، بیر لە هەڵبژاردن كراوەتەوە؟ ئایا ئەمە خۆئامادەكردنێكە بۆ هەڵبژاردن و چ هەنگاوێك نراوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردندا ئێمە ململانێیەكی دیموكراتیانەی مۆدێرن ببەینەوە؟
- حزب هۆكاری زۆری بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئامانجانەی كە خەباتیان بۆ دەكات، هەڵبژاردنیش یەك لەو هۆكارانەیە بەدەست حزبەوە كە دەیەوێت لە دەسەڵاتدا بێت و بەرنامەی سیاسی خۆی جێبەجێ بكات و بۆ خزمەتی خەڵك بەكاریبهێنێت، هەڵبژاردنیش ئامرازێكە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات. لەم بەرنامانەی ئێمەدا، بەڵێ حیسابیش بۆ هەڵبژاردن كراوە.
• لەم گۆڕانكارییانەدا بە چ هەنگاوێك حساب بۆ هەڵبژاردن كراوە؟
- هەنگاوی یەكخستن یان كۆكردنەوەی سەرچاوە مرۆییەكەی یەكێتی لە ئۆرگانێكدا، هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەڵبژاردن، چونكە هەموو سەرچاوەی مرۆیی یەكێتی لە یەك ئۆرگاندا كە پێی دەوترێت مەڵبەند، لە ئۆرگانێكی بچووكتردا كە پێی دەوترێت كۆمیتە، كۆكراوەتەوە. كە تۆ سەرچاوەی مرۆیی خۆت كۆبكەیتەوە، دەتوانیت بە شێوازێكی بەهێزتر بۆ هەڵبژاردن ئاراستەیان بكەیت.
• بەشێك لە كاری حزبی دیراسەكردن و چارەسەركردنە، ئایا یەكێتی تەركیزی لەسەر دیراسەكردنی كێشەكانە، یاخود چارەسەركردنی كێشەكان؟
- ئێمە ئۆرگانی تایبەتمان هەیە بە توێژینەوە و بە بەدواداچوونی كێشە و گرفت، نەك تەنیا بۆ ناو یەكێتی، لەسەر ئاستی كۆمەڵگەش. دەزگای لێكۆڵینەوە و توێژینەوەمان هەیە، مەڵبەندی دیراساتمان هەیە كە ئەم ئەركە لەئەستۆ دەگرن، واتا دیراسەی سیاسیەتی ناوچەیی و ئیقلیمیش دەكەن و پێشنیازیان هەیە بۆ مەكتەبی سیاسی حزب. دۆخی زیندوویی حزب وا دەخوازێت، لە یەك كاتدا بەدوای دۆزینەوەی كێشەكانەوە بین و بنبڕیان بكەین و لەگەڵیشیدا چارەسەریان بكەین، بۆ هەر رووداوێكی نوێش كە بەهۆیەوە گرفتێك بێنێتە پێشەوە، گرفتەكە پێویستی بە چارەسەرە. بەشێك لە ئەركی حزب ئەوەیە كە بە خێرایی نەهێڵێت كێشە هەبێت، تەشەنە بكات، بەڵكو خێرا چارەسەری بكات.
• كاتی دیراسەكردن و هەنگاونان بۆ گۆڕانكارییەكان، جەخت لەوە كرایەوە كە لەسەر بنەمای فكر و فەلسەفەی سۆشیال دیموكرات بێت؟
- لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسەندكراوی كۆنگرەی پێنجەم، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی سۆشیال دیموكراتە. ئەم پەیكەرە تازەیە رەچاوی ئەوەی كردووە كە پێچەوانەی پرەنسیپەكانی كاری رێكخراوەیی سۆشیالیست ئینتەرناسیۆنال نییە. لەگەڵ ئەمەشدا تێگەیشتن و رەچاوكردنی تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری تێدایە.
PUKMEDIA كوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
شەیبانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاوە
05:44 PM - 2026-08-23 -
عیراق زیندانییە بیانییەکان رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان دەکاتەوە
02:20 PM - 2026-08-23 -
ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی چەند پڕۆژەیاسایەك دەكات
11:59 AM - 2026-08-23 -
هاوخەمییەكان بۆ كۆچی دوایی فەیزوڵا حەمەڕەش
11:58 AM - 2026-08-23
ئەمانەش ببینە
ی ن ک 08:56 PM - 2026-08-23 سەرۆك بافڵ و حەلبووسی: چارەسەركردنی كێشەكان پێویستی بە بنەمای دەستوورییە
هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 7 دابەش دەكرێت
04:38 PM - 2026-08-23
جوتیارە كوردەكە: تانە لەبڕیارەكەی دادگای كەركوك دەدەین
01:38 PM - 2026-08-23
لیستی مووچەو تەرازووی پێداچوونەوە رادەستی دارایی عیراق كرا
12:28 PM - 2026-08-23
بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی یەكەمین بانكی جینی رووەكیی لەسلێمانی دەكرێتەوە
11:13 AM - 2026-08-23
زۆرترین خوێنراو
-
هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 7 دابەش دەكرێت
کوردستان 04:38 PM - 2026-08-23 -
عیراق زیندانییە بیانییەکان رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان دەکاتەوە
عیراق 02:20 PM - 2026-08-23 -
جوتیارە كوردەكە: تانە لەبڕیارەكەی دادگای كەركوك دەدەین
کوردستان 01:38 PM - 2026-08-23 -
لیستی مووچەو تەرازووی پێداچوونەوە رادەستی دارایی عیراق كرا
کوردستان 12:28 PM - 2026-08-23 -
ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی چەند پڕۆژەیاسایەك دەكات
عیراق 11:59 AM - 2026-08-23 -
هاوخەمییەكان بۆ كۆچی دوایی فەیزوڵا حەمەڕەش
پرسەنامە 11:58 AM - 2026-08-23 -
بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی یەكەمین بانكی جینی رووەكیی لەسلێمانی دەكرێتەوە
کوردستان 11:13 AM - 2026-08-23 -
لەنێوان عەشق، سیاسەت و بیرەوەریدا
بیروڕا 10:17 AM - 2026-08-23







دابەزێنە

