riklam

کوردسات جوانترین خزمەتی پێشکەش بە منداڵانی کوردستان کرد

کوردستان 02:02 PM - 2026-08-16
 وێنەی یەكێك لە فیلم كارتۆنەكان كوردستانی نوێ

وێنەی یەكێك لە فیلم كارتۆنەكان

كوردستان

هەموومان ئەو رۆژانەمان لەبیرە كە لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەكاندا بەدیار فیلم كارتۆنەكانەوە دادەنیشتین و بە دیار دیمەنە پڕ لە رەنگ و موزیكە جادووییەكانەوە سەرسام دەبووین. كێ هەیە لە ئێمە گۆرانییە كۆنەكانی ناو فیلم كارتۆنە دۆبلاژكراوەكانی لە هزردا نەمابێت؟ دەستەواژەی وەك (ترلی ترلی تریلە، سوتا ماڵی پشیلە) یان دەستەواژەی (ئاخر زاواكە بۆقە)، هەروەها كەم كەس هەیە (كەی دەمان كوتن)ی كەركەدەنە ترسنۆكەكەی لە بیر نەمابێت. چەندین دیمەنی دیكەی ئەو سەردەمەی منداڵی لە خەیاڵماندا دێن و دەچن.

ئەگەر بە وردی سەیری مێژووی سینەما و فیلم كارتۆن بكەین، دەبینین فیلم كارتۆنی سۆڤیەتی و روسی خاوەن زمانێكی رەخنەیی و فەلسەفی زۆر باڵابووە، زۆرجار لە رێگەی ئاژەڵەكانەوە رەخنەی توندیان لە سروشتی مرۆڤ و كۆمەڵگە دەگرت.

تێكستەكان سنووری تەمەنیان شكاندبوو، بۆ هەموو نەوەكان شیاوبوون، لەم راپۆرتەدا، گەشتێك دەكەين بەناو مێژوو، تایبەتمەندی و گرنگی فیلم كارتۆنی روسی و ئەم قوتابخانە هونەرییە گەورەیە. تیشك دەخەینەسەر رەهەندە گرنگەكانی، چونكە ئەم فیلم كارتۆنانە تەنها بۆ كات بەسەربردن نەبوون، بەڵكو پەیامی قووڵی مرۆیی و كۆمەڵایەتییان لەپشتبوو.


كێشەكانی وەرگێڕان 



لەبارەی وەرگێڕانی فیلم كارتۆنی روسی، ڤالانتینا پترۆڤنا وەرگێڕی بەشێك لە فیلم كارتۆنە روسییەكان بۆ سەر زمانی كوردی، سەرەڕای هەڵكشانی تەمەن و ماندوێتی بەدەست نەخۆشییەوە، قسەی بۆ كردین و باسی لە كارەكانی وەرگێڕانی دەقەكان كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، سەرەتا سەیری فیلم كارتۆنەكانی كردووە و دواتر دەستی بە وەرگێڕان كردووە و پاشان پێداچوونەوەی بۆ كردووە. وتیشی؛ بەرامبەر ڤیدیۆكان دادەنیشتم و یەك بە یەك گوێم لە رستەكان دەگرت و وەرگێڕانم بۆ دەكرد و دەمنوسییەوە، بەهۆی ئەوەی تەكنەلۆژیا زۆر پێشكەوتوو نەبوو، كۆمپیوتەری پێویست نەبوو، بە دەستنووس دەقەكانم دەنوسییەوە، واتە بە قەڵەم و وەرەقە، دواتر دەمنارد بۆ كەناڵی كوردسات، بەڵام پێشنیازم كرد كە پێویستە كەسێكی شارەزا و زمانەوانێكی كوردی پێداچوونەوەی بۆ بكات. ئەو كەسەش دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا بوو، كەوا پێداچوونەوەیەكی زۆر باش و جوانی بۆ دەكرد، ئەوكاتە پێكەوە زۆر دادەنیشتین و لەسەر دەقەكان قسەمان دەكرد، ئەوەی پێویستبوو كردمان و تەئكیدم لەوە دەكردەوە نابێت دەقەكان تەنها لەلایەن منەوە لە روسییەوە بكرێن بە كوردی، چونكە وەرگێڕانێكی وشك دەبێت و ئەو تاموچێژەی نابێت، بۆیە لەگەڵ دكتۆر شێركۆ زۆر قسەمان كرد بۆئەوەی تەنها وەرگێڕانی دەق بۆ دەق  نەبێت و زیاتر كوردەواریانە بێت بۆئەوەی بۆ منداڵی كورد ئاسانتر بێت و باشتر لێی تێبگات. دەرئەنجام من تەنها وەرگێڕانم بۆ دەكرد، دكتۆر شێركۆ ئازادی تەواوی هەبوو لە دەستكاریكردنی دەقەكان و هەڵبژاردنی دەستەواژە كوردییەكان، چونكە روسی زمانێكی دەوڵەمەندە.

هەروەها داوای ئەومان كرد كەوا پێویستە ئەكتەری باش بە دەنگ بەشداری لەو كارانەدا بكەن، چونكە باشترین ئەكتەرەكانی روسیا لەو سەردەمەدا بە دەنگ بەشداری ئەو كارانەیان دەكرد و بەشێكی دەقە روسییەكانیش شیعر بوون، شیعری زۆر جوان و ئەكتەری دەنگخۆش رۆڵەكانیان بەرجەستە دەكرد، بۆیە من تەنها وەرگێڕانم دەكرد، حەزیشم دەكرد وەك دەقە ئۆرجیناڵەكەی بە شیعر دەربچێت، بەڵام چونكە من شاعیر نەبووم، نەمتوانی، هەروەها بەهۆی ئەوەی من زمانی كوردی زمانی من نییە و راستەوخۆ كارەكەیان هێنایە بەردەستم، ئەوانیش دەیانوت پێویستە زوو كاسێت بە كاسێت وەرگێڕانی بۆ بكرێت، منیش سەیرم دەكرد و رستە بە رستە وەرگێڕانم بۆ دەكرد.


كاتەكانی وەرگێڕان 




ڤالانتینا پترۆڤنا باس لەوە دەكات، ئەوكاتە دۆخێكی ناخۆش و ئاستەنگێكی زۆر هەبوو، لە كوردستان چەندین كێشە هەبوو، دۆخەكە زۆر ناخۆشبوو، زۆرجار رۆژانە تەنها چەند سەعاتێكی كەم كارەبا هەبوو، هەندێكجار كە كارەبا دەهاتەوە بەهۆی ئەوەی دەترسان كارەبا ببڕێت، دەبوو یەكسەر واز لە هەموو كاروبارێكی خۆمان بهێنین و دەستبكەین بە سەیركردنی ڤیدیۆكان بۆئەوەی وەگێڕانی بۆ بكەین و دواتر پێداچوونەوەی بۆ بكەین، زۆرجار بەهۆی نەبوونی كارەباوە لەبەر مۆم ئیشمان دەكرد.

لەبارەی بیرۆكەی وەرگێڕانی ئەو فیلم كارتۆنانەش، دەڵێت: بیرۆكەی بەڕێوەبەرایەتی ئەوكاتەی كوردسات بوو، نازانم چۆن دەستیانكەوت و هێنایان بۆ من، ئەوكاتە زۆرم پێخۆشبوو، زۆر دڵخۆشبووم بە كاركردن و وەرگێڕانی ئەو كارە، بەڵام كارەكە بێ ئاستەنگ و رێگری نەبوو، زەحمەتیەكی زۆری هەبوو، وەك ئێستا لە رووی تەكنۆلۆژیا و كۆمپیوتەرەوە پێشكەوتوو نەبوو.


كاردانەوەی خەڵك



لە كۆتایی قسەكانیشیدا، ڤالانتینا پترۆڤنا وتی: بەشێكی فیلم كارتۆنەكانم دوای وەرگێڕان و بڵاوكردنەوەی نەبینیوە، بەڵام ئەوەی جێگای شانازی بوو بۆ من ئەوەبوو، دەچوومە هەر كوێ بەهۆی ناوەكەم و وەرگێڕانی ئەو فیلم كارتۆنانە دەناسرامەوە و دەزانرا من ئەو كارانەم كردووە، زۆر رێزیان لێ دەگرتم و باوەشیان پێدا دەكردم و ناوم لەسەر زاریان بوو، بەهۆی كاردانەوەی خەڵك زانیم ئەو كارە سەركەوتووبووە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە. بەشێكی زۆری هەوڵ و ماندووبوونەكان و ئەو سەركەوتنەی ئەو فیلم كارتۆنە روسیانە بەدەستیاندەهێنا ئەو كاتە و تەنانەت ئێستاش، دەگەڕێتەوە بۆ دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا، كە پێداچوونەوەی بە دەقەكاندا دەكرد، چونكە من پێم دەوت تۆ سەیری دەقەكان دەكەیت و ڤیدیۆكانیش دەبینیت، پێویستی بە هەر شتێكبوو دەتوانی دەستكاری دەقەكان بكەیت و وشەكان پاش و پێش بخەیت. 


رۆڵی هێرۆ خان 



هەر لەسەر ئەم پرسە،  قسەمان لەگەڵ دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا نووسەر و تەنزنووس كرد، ئەو كەسەی پێداچوونەوەی بە دەقەكاندا كردووە و كورداندن و شیعراندنی بۆ دەكرد. ئەو وتی: لە سەرەتای دامەزراندنی كەناڵی كوردسات بوو، هێرۆخان دوو كاسێتی هێنا و وتی: «ئەمەم لە روسیا كڕیوە و فیلم كارتۆنن، زۆر پەروەردەیین، سەیری بكە بزانە دەتوانین هیچی لێ بكەین». منیش سەیرم كرد، هەر بە شێوە و رەنگەكانیدا زانیم كارێكی جوانە، پێم وت كەسێك هەیە وەرگێڕان بۆ ئەم كارە بكات، ئەویش خزمی لیدیاخانە «لیدیا شاسوار» و كاتی خۆی لە ساڵی 1990ەوەكان لەگەڵمانبوو لە كەناڵی گەلی كوردستان، بەو دەڵێین وەرگێڕانی بۆ بكات، كەسێك كە خەڵكی روسیا بێت و بیەوێت وەرگێڕان بۆ كوردی بكات، دەبێت چۆن بێت، بەڵام ویستمان بیرۆكەی كارەكەمان بۆ بكات، چونكە ئێمە وەرگێڕانی دەقەكەمان نەكردووە، یەكەم كاریان كە كردمان و بڵاوكرایەوە (سوتا ماڵی پشیلە) بوو، ئەو دەیوت ئەمە وایە و وا دەڵێت و منیش هاتم دامڕشتەوە و ئەگەر ئێستاش كەسێك سەیری بكات، هەست ناكات ئەم فیلم كارتۆنانە روسین. بابەتەكانی زۆر پەروەردەیی بوون، هەڵبەتە تەنها كارەكە هی من نەبوو، هی هەموومان بوو پێكەوە، چیرۆكی فیلم كارتۆنەكانیش زۆر جوان بوون، بۆ ئەو سەردەمە و تا ئێستا بەشێكی زۆری وشەكانی لەسەر زاری خەڵكن وەك (حەپەلوش، كچە وردیلە و من بەراز و تۆ بەراز)، ئەوانە هەمووی خۆم كردوومن بە شیعر و دەقە ئۆرجیناڵەكە وانییە.


فیلم كارتۆنەكان پەروەردەیی بوون 



دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا دەشڵێت: پێشبینی ئەوەم نەدەكرد لەوكاتەوە تا ئێستا بەشێكی زۆری ئەو وشانە لەسەر زاری خەڵك بمێنێتەوە و بەردەوام باسبكرێت، بەڵام دەمانزانی ئەوە شتێكی بەهێزە و كارێكی باشە بۆ ئەو سەردەمە، منداڵی كورد هیچی نەبوو، ئەوەشی كە هەبوو، هەمووی شەڕە بۆكس و شەڕی پشیلە و مشك بوون، بەڵام ئەم فیلم كارتۆنە روسیانە زۆر پەروەردەیی بوون، بەشێكی زۆری سەركەوتن و هونەری ئەو كارە دەگەڕێتەوە بۆ هێرۆخان، چونكە زۆر دووربینبووە و دەیویست منداڵی كورد چێژی لێببینێت و ئاشنایان بكات بە كۆمەڵێك بەها و بابەتی بەسوود بۆ كۆمەڵگە و پەروەردەیەكی جوانیان هەبێت، دووربن لە زەبروزەنگ و ئەوەی لە فیلم كارتۆنەكانی تردا باوە و زیاتر ئەكشنن.

راستە سۆڤیەت ئێستا رووخاوە، بەڵام پێویستە بە ویژدانەوە باسی بكەین، چونكە شارستانیەتێكی گەورەبوون، فیلم كارتۆنی روسی زۆر پەروەردەیی بوون، ئەگەر كەسێك روسی بزانێت، ئەوا هەستدەكات ئەو فیلم كارتۆنانەی بەرهەمهاتوون، زمانی منداڵبوون، زۆر فەلسەفی و بەو زمانە قورسەی روسی قسەیان نەكردووە، بەڵام ئەو یاریكردنە بە رەنگ و بوونی كارەكتەری جیاواز، وایلێكردین وەكو فیلم كارتۆنێكی كوردی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و بۆ منداڵی كورد بگونجێت.


جادووی وەرگێڕان



لە كۆتاییدا دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا باسی ئەوكاتەی كرد و لەسەر ئاستەنگ و كۆسپەكان قسەی كرد و وتی: ڤالانتیناخان لەماڵەوە وەرگێڕانی دەكرد، دواتر دەیهێنا بۆ من و دەستوخەتیشی زۆر جوان نەبوو، بەڵام روونكردنەوەی پێدەدام لەسەری و قسە و مناقەشەمان دەكرد، منیش بە ئەندێشەی شێوازی خۆم، دامدەڕشتەوە، بەڵام ئەگەر لە دەقەكان تێنەگەیت، ناتوانیت كارەكە بكەیت و ئەویش دوای وەرگێڕانی، بیرۆكەكانی پێدەوتم و ئەوەی هەیە زۆر كوردانەیە، بۆیە جادووی وەرگێڕان ئەوەیە تۆ رۆحی ئەو زمانەی تێبكەیت، كە وەریدەگێڕیت بۆی.  


خولیا و ئارەزووی وەرگێڕان




ئەو كارەكتەرانەی بە دەنگ بەشداربوون لە فیلم كارتۆنەكاندا، توانییان شوێنی خۆیان لە دڵی منداڵانی كورددا بكەنەوە و بە دەنگە پڕ سۆز و منداڵ ئاساكانی خۆیان، ئەوەندەی تر تاموچێژ بە فیلم كارتۆنەكان ببەخشن.

سەوسەن عومەر بە دەنگە تایبەتەكەی، كارەكتەری سەرەكی بەشێك لەو فیلم كارتۆنانەیە، كە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی كوردی بە تایبەتی (كچە وردیلە). ئەو وتی: لە راستیدا هەم رێكەوتبوو، هەم خوازیاری و خولیاشبوو. رێكەوتبوو، چونكە لە رێگەی دوو هاوڕێی نزیكمەوە هەلی كاركردنم لە هونەری دەنگ و ئەكتینگ لە كەناڵی خاك تیڤی وەرگرت. خوازیار و خولیاشم بوو، چونكە خۆم لەوكاتەدا تازە لە بەشی نواندنی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی دەرچووبووم و ئارەزووم لە گۆڕینی دەنگ و دروستكردنی كارەكتەری جیاواز هەبوو، هەمیشە كاتێك فیلم كارتۆنەكانم دەبینی، سەیری ئەوەم دەكرد چۆن دەنگ دەتوانێت رۆح ببەخشێت بە كارەكتەرێكی وێنەكراو، ئەو ئارەزووەم هۆكاری سەرەكی بوو بۆ ئەوەی هەنگاو بنێمە ناو بواری دۆبلاژ.

لەگەڵ كاتدا سەوسەن عومەر دەرفەتی كاركردنی لەسەر بەرهەمە روسییەكان بۆ رەخساوە. ئەو دەڵێت: ئەمجۆرە فیلم كارتۆنانە تایبەتمەندییەكی جیاوازیان هەیە، چونكە هەم لە رووی چیرۆكەوە و هەم لە رووی كارەكتەرەكانەوە جیاوازن. كاتێك بۆ یەكەمجار پێشنیازی ئەوەم بۆ كرا ببمە دەنگی كارەكتەرێكی سەرەكی، لە یەك كاتدا هەستێكی خۆشی و ترسێكی جوانم هەبوو. خۆشی لەبەرئەوەی دەرفەتێكی گەورەبوو، ترس لەبەرئەوەی هەستم دەكرد پێویستە بەرپرسیارێتییەكی گەورە هەڵبگرم و بتوانم ئەو كارەكتەرە بە باشترین شێوە بگەیەنمە بینەر.


مانای سەرەكی بپارێزێت 




دەشڵێت: بەڕاستی یەكێك لە ئاڵۆزترین بەشەكانی كاركردن لەسەر كارتۆنە روسییەكان، گونجاندنی دەنگە لەگەڵ جووڵە و دەربڕینی دەم و چاوی كارەكتەرەكان. زۆرجار پێویست دەبوو نەك تەنها وشەكان بە دروستی بڵێم، بەڵكو هەمان هەست و هەمان دەربڕینی كارەكتەرەكەش بگوازمەوە. هەندێكجار بۆ یەك دێڕی بچووك چەندینجار تۆماركردن دووبارە دەبووەوە، تا دەنگ و جووڵەكان تەواو لەگەڵ یەكدا بگونجێن.
سەوسەن باس لەوە دەكات، لە كاتی كاركردندا هەندێك جیاوازی كەلتوریی هەبوون. هەندێك دەربڕین یان تەنز تایبەت بوو بە كەلتوری روسی، بینەری كورد راستەوخۆ تێنەدەگەیشت، بۆیە زۆرجار لەگەڵ دەرهێنەر و تیمی وەرگێڕان گفتوگۆیان دەكرد تا دەربڕینێك هەڵبژێرن مانای سەرەكی بپارێزێت و لەهەمانكاتدا لەگەڵ ژیانی رۆژانەی بینەری كوردیش بگونجێت. ئەمە یارمەتیدەربووە كارەكە زیندووتر و نزیكتربێت لە هەستی بینەر.



لەرێگەی دەنگەوە دەناسرێتەوە  



 
لە كۆتایدا سەوسەن عومەر وتی: دوای ماوەیەك كاركردن لەسەر هەر كارەكتەرێك، جۆرێك لە پەیوەندیی دەروونی لەنێوان تۆ و ئەو كارەكتەرەدا دروست دەبێت، بگرە دوای بەرهەمگەلێكی ناوازە و جیاواز و سوودبەخش كە بۆتە بەشێك لە مێژووی هونەری و میدیایم، ئێستا خۆم كارەكتەرێكی زیندوو و راستیم، لە بیر و هەست و یادگاریی زۆرێك لە هاوتەمەن و بە تایبەت نەوەی ئێستا كە لە ئەوجی ژیان و كاركردندان. رۆژانە و بەردەوام ئەو كەسانەی بەركەوتەم دەبێت لەگەڵیان بە تایبەت كە گوێیان لە دەنگم دەبێت، خورپەیەكی یادگاری و منداڵییان وەبیردێتەوە و بە روویەكی گەشەوە رووم لێدەكەن و سڵاو دەكەن. جوانترین بەشی ئەم كارەش ئەوەیە كە لە رێگەی دەنگەكەتەوە دەتناسنەوە. كاتێك ئاوها كەسانێك بە بیستن و بینینم هەست و نەستیان پڕ دەبێت لە خۆشی و سەرسوڕمان، بەڕاستی هەست دەكەم هەموو ماندووبوونەكانی كارەكە نرخ و بەهای خۆیان هەبووە. ئەو ساتانە بەردەوام لە یادم دەمێنن، چونكە تێیدا دەبینم دەنگێك چۆن دەتوانێت ببێتە بەشێك لە بیرەوەرییە خۆشەكانی چەند نەوەیەك.



لەگەڵیان گەورەبووین 



محەمەد قاسم، ئێستا تەمەنی 33 ساڵە و بیرەوەری زۆری لەگەڵ فیلم كارتۆنە روسییەكانی تەمەنی منداڵی هەیە. دەڵێت: ئاشنابوونی من و بەشێكی زۆری منداڵانی كورد لەگەڵ فیلم كارتۆنی روسیدا، لە شاشەی كەناڵی كوردساتەوە دەستیپێكرد، ئێمە لەگەڵ ئەو فیلم كارتۆنانە گەورەبووین، چونكە وەك ئێستا هەموو شتێك نەبوو، بەڕاستی ژیان زۆر سادەبوو، ئێمەش تەنها بۆ كات بەسەربردن و چێژوەرگرتن لە رەنگ و جووڵەكان و قسەكردنە كوردی و رێكخستنی قسەكان بە شێوازی شیعری سەیری ئەم فیلم كارتۆنانەم دەكرد، بەشێكی زۆری دەقە كوردییەكانی ئەو فیلم كارتۆنانەم لەبەربوو، بە ئێستاشەوە زۆرجار كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەیبینم، تەماشای دەكەم. ئەوكات ئێمە تەنها وەك بینەر و بۆ پێكەنین و بەدواداچوونی سەركێشییەكان و كات بەسەربردن سەیرمان دەكرد و لە مانا قووڵەكانی تێنەدەگەیشتین، بەڕاستی دۆبلاژە كوردییە ناوازەكەش وایكردبوو هەست نەكەین ئەم كارانە، لە وڵاتێكی تر بەرهەمهێنراون، چونكە كورداندنەكەیە و شێوازی بەرهەمهێنانەكەی زۆر نزیك بوو لە كەلتور و ژیانی كوردەوارییەوە. ئەوكات فیلم كارتۆنەكان ببوونە بەشێك لە ژیانی رۆژانەمان و لەگەڵ دەستپێكردنی پەخشی كەناڵەكان سەیرمان دەكرد، ئێستا بۆم روونبووەتەوە ئەوەی پێشتر ئێمە تەنها بۆ كات بەسەربردن و چێژ وەرگرتنی منداڵی دەمانبینی وانییە، بەڵكو قوتابخانەیەكی گەورەی فەلسەفی، هونەری و پەروەردەی قووڵە و فراوانە و تەنها هۆكارێك نییە بۆ كات بەسەربردن.



پەیامێك بۆ دایكان و باوكان



  
گوتیشی: گەشتی سەیركردنی من بۆ فیلم كارتۆنە روسییەكان تەنها گەشتێكی ئاسایی نییە، بەڵكو پڕە لە چێژ بۆ سەردەمی منداڵی. ئێستا كە خۆم باوكم، پەیامم بۆ دایكان و باوكان و تەنانەت ئەو كەناڵە كوردیانەش هەیە كە سەرقاڵی دۆبلاژكردنی فیلم كارتۆنن، رێگە مەدەن منداڵەكان بینەری ئەو فیلم كارتۆنە مۆدێرنانە بن، كە پڕن لە توندوتیژی، هاواركردن و دیمەنی بێ مانا و دروستكردنی هەستی شەڕانگێزی، بەڵكو پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەو جۆرە فیلم كارتۆنانەی، كە گەڕانەوەیە بۆ بەها مرۆییەكان و پەروەردەیەكی ئارامتر و ئاسوودە بۆ منداڵەكانمان، چونكە بەشێكی ئەو فیلم كارتۆنانەی ئێستا منداڵ فێری توندوتیژی و شەڕ دەكات و وا دەكات منداڵ گوێڕایەڵی دایك و باوكی نەبێت.  


پەیامی فیلم كارتۆنەكان 



دەربارەی كاریگەرییەكانی فیلم كارتۆنی روسی-یش لەسەر منداڵان، پەیام ئیبراهیم پەروەردەكار و نووسەری ئەدەبی منداڵان، بە كوردستانی نوێ-ی گوت:  بێگومان فیلم كارتۆنەكان كاریگەریی گەورەیان لەسەر منداڵان هەیە. سەبارەت بە چیرۆكی فیلم كارتۆنە كۆنەكان و ئەوانەی ئێستاش وەكو (ماشا و ورچەكە) تایبەتمەندی و رەهەندی فەلسەفی، كەلتوری و ئایدۆلۆژی جیاوازیان هەیە. فیلم كارتۆنەكانی سەردەمی سۆڤیەت پەیامی سەرەكییان بریتی بوو لە هاوكاری، كاركردنی بەكۆمەڵ، دڵسۆزی، دۆستایەتی بۆ وڵات و كۆمەڵگەكە و زیاتر پیشاندانی كەلتور و جوانییەكانی كاری بەكۆمەڵ، ئەمەش كاریگەریی هەبوو لەسەر رەفتاری منداڵ و پابەندبوونی كەلتوری تێدادەچاند، هەرچەندە پەیامەكانی بەگشتی دڵسۆزی و پابەندیی بوو بۆ كۆمەڵگەی سۆڤیەتی جاران. 



كاریگەریی فیلم كارتۆن 



پەیام ئیبراهیم دەشڵێت: فیلم كارتۆنە نوێیەكان وەك (ماشا و ورچەكە) هێز دەدات بە (ژن) و تێڕوانینی كۆمەڵگە سەبارەت بە كچ دەگۆڕێت، ئەمەش پەیامێكی باشی جیاوازینەكردنە بۆ كۆمەڵگەی كوردی، كاریگەرییە نەرێنیەكان ورچەكە لەم فیلم كارتۆنەدا گەر منداڵ وێنای بكات بە دایك و باوك یان یاسا و دەسەڵات، ئەمە لەژیانی راستیدا تاقیبكاتەوە كە خێزان و پابەندی كەلتوری یاسا و رێسا هەیە، هەموو جارێك لێخۆشبوون نییە، منداڵ وابیردەكاتەوە كە دەتوانێت بە ویستی خۆی سنوور ببەزێنێت. لێرەدا منداڵ توشی سەرسەختی دەبێت، پێیدەچێت هەتا تێدەگات ژیانی راستی لەگەڵ فیلم كارتۆنەكاندا جیاوازن، بەڵام بەگشتی و تاڕادەیەكی باش فیلم كارتۆنە كۆنەكان و نوێییەكانیش لەگەڵ كەلتور و كۆمەڵگەی كوردیدا گونجاون.

PUKMEDIA كوردستانی نوێ – هیوا كازم 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket