riklam

یاسای یەکپارچەیی.. کۆتایی خەباتی چەکداری و چوونە ناو قۆناغی سیاسی

کوردستان 04:22 PM - 2026-08-11
پەرلەمانی تورکیا AA

پەرلەمانی تورکیا

یاسای پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی ، لە پەڕلەمانی تورکیا بەدەنگی 468 پەرلەمانتار پەسەندکرا و 88 پەرلەمانتاریش پرۆژە یاساکەیان رەتکردەوە، کە لە 12 ماددە پێکدێت و خۆی لە چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە و لابردنی بەشێک لە سزاکان دەبینێتەوە،هەرچەندە بە دەق باس لە پرسی کورد نەکراوە، بەڵام بەرپرسانی کورد بەدەستکەوتی گەورە بۆ کورد ناوی دەبەن.
 

بڕگە سەرەکییەکانی یاساکە

 یاساکە لە 12 ماددە پێکدێت و مادەی یەکەم تایبەتە بە دواخستنی  لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکان،لەگەڵ دواخستنی جێبەجێکردنی سزاکان و ئەو کارانەی دیکەیە کە دەبێت ئەنجام بدرێن،ئەمەش دوای ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە چەک دانراوە.
 
لە بڕگەی دووەمدا، باس لەوە دەکرێت حوکمەکانی ئەم یاسایە ئەم تاوانانە دەگرێتەوە: دامەزراندن یان بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی پەکەکە/کەجەکە، ئەندامێتی لە ڕێکخراوەکە، یان بە زانایی و ویستی خۆت هاوکاریکردنی ڕێکخراوەکە و پڕوپاگەندەکردن بۆی، ئەو تاوانانەی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەدا کراون، هەروەها ئەو تاوانانەی لە بەرژەوەندیی ئەم ڕێکخراوەدا بەپێی یاسای بەرگرتن لە دابینکردنی دارایی (ژمارە 6415 لە 7ی2ی2013) ڕێکخراون.
 

دواخستنی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکان

هەروەها ئەو تاوانانەی کە پێش ساڵی 2005 بە زیندانی هەتاهەتایی قورس یان زیندانی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، لە چوارچێوەی ئەم یاسایە بێبەشن.
هاوکات، ئەو تاوانانەی سزای کەمتر لە 15 ساڵ زیندانییان لەسەرە، سزای دواخستنی پێنج ساڵیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، هەروەها ئەو تاوانانەی سزای زیاتر لە 15 ساڵ زیندانییان لەسەرە، سزای دواخستنی دە ساڵیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، دوای ئەوە سزاکە هەڵدەوەشێتەوە.
 

ڕێوشوێنەکانی پاراستن و دۆسیەکانی قۆناغی پێداچوونەوە

لە ماددەی چوارەمدا هاتووە، ڕێوشوێنەکانی وەک دەستگیرکردن و چاودێریی دادوەری بۆ ئەو تاوانانەی بڕیاری دواخستن دەیانگرێتەوە، لەلایەن دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەڵدەسەنگێندرێن و ئەگەر مەرجەکان گونجاو بن، هەڵدەوەشێندرێنەوە.

ڕادەستکردنی چەک لەلایەن ناوخۆ و بەرگرییەوە بەڕێوە دەبرێت

هاوکات ماددەی هەشتەم تەرخانکراوە بۆ ڕادەستکردنی چەک و کەرەستەکان، کە سەرجەم ئەو چەک و تەقەمەنی و ئامراز و ماددە تەقەمەنییانەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە ڕادەستی دەکەن، تۆمار دەکرێن، ئەم پرۆسەیە لەلایەن وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگرییەوە بە ڕاوێژ لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان دیاری دەکرێن.

ماددەی نۆ ئاماژە بە کاتێکی دیاریکراو دەدات بۆ سودوەرگرتن لەم یاسایە، کە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە لە ماوەی شەش مانگدا دوای بڵاوبوونەوەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، بە نووسراو داواکاری پێشکەش بە داواکاری گشتی یان لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ سوودمەندبوون لەم یاسایە.
 ماددەکانی کۆتایی یاساکە، پەیوەستە بە لایەنی جێبەجێکردن، کە لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەیدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەلایەن سەرۆککۆمارەوە جێبەجێ دەکرێن.
 

یاساکە هەمووان ناگرێتەوە

بەپێی یاساکە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەکەکە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان، بەڵام ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە یاساکە نایانگرێتەوە، لەگەڵ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە تۆماتبارن بە کوشتن، ئەمە جگە لەو ئەندامانەی پێش 2005 بە زیندانیی هەمیشەیی سزادراون یاساکە نایانگرێتەوە.
 

وەڵامی رەخنەکان دەدرێتەوە

ڕەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی-گەل، بە ئاژانسی فوراتی رایگەیاند: لەناو ڕای گشتیدا هەندێک پرسیار دەکرێن، وەکو: ئادەی کوا، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک هێنرا، تێکۆشانی چەکداری نەما، دەوڵەت چی دا، کورد چی بەدەستهێنا؟ ئەوانەی لە پرۆسەکە تێناگەن، دەشێت پرسیاری لەم شێوەیە بکەن. بەڵام لە بنەڕەتدا کورد دەستکەوتێکی گەورەی هەیە.

سیاسەتەکانی ئەم پرۆسەیە نکۆڵی و لەناوبردن ڕادەگرێت

وتیشی: کورد لەگەڵ دامەزراندنی کۆماردا ڕووبەڕوی سیاسەتەکانی نکۆڵی و لەناوبردن بووەوە، ئەم پرۆسە نوێیە، ئەو مەرجانە دەئافرێنێت کە کورد بتوانێت لەسەر زەمینەی سیاسی-دیموکراتیک تێبکۆشێت، كەواتە ئەم پرۆسەیە سیاسەتەکانی نکۆڵی و لەناوبردن ڕادەگرێت، ئەم هەنگاوە یاساییە و گەیشتنی ئەم پرسە بە پەرلەمانی تورکیا، کردنەبنەمای زەمینەی سیاسی-دیموکراتیک بە مانای کۆتاییهاتنی نکۆڵی و لەناوبردن دێت.
 

 ئاشتی تەنها بە یاسایەک نایەتە دی

هاوکات، گوڵستان کلچ کۆچیگیت سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، ڕایگەیاند، یاساکە سەرەڕای کەموکوڕییەکانیش، سەرەتایەکە بەرەو بوون بە کۆماری دیموکراتیک و وتی: بەرپرسیارێتیی ئێمە ئەوەیە کە ئەم سەرەتایە فراوان بکەین، لەبەرئەوەی ئاشتی تەنها بە یاسایەک نایەتە دی، ئاشتی لە هەموو بوارەکاندا بە هەنگاوی دیموکراتیک مسۆگەر دەبێت، بە بەجێهێنانی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم خوێندن بە زمانی کوردی مسۆگەر دەبێت، بەوەی کە هەموو نەتەوە و باوەڕییەکان بتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن.

دەرفەتێکی گەورە بۆ ئارامی هەیە

وتیشی: ئاشتی کلیلی ئەوەیە کە گەنجان بتوانن بە هیواوە لەم وڵاتە بژین، ژنان بگەنە مافەکانیان و ئارامی بڕەخسێت، دەرفەتێکی گەورەمان بۆ ئارامی لە بەردەمە، ئێمە باوەڕمان وایە کە تورکیایەکی دیموکراتیک پێکەوە بنیاد بنێین.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، یاسای پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی، دوای پەسەندکردنی دەبێتە تاقیکردنەوەیەک لە بەردەم لایەنە تورکییەکان و تەواوی لایەنەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، بەوەی دەتوانن لە چوارچێوەی یاسایەکدا و بە ئاشتی پرسی کورد چارەسەر بکەن، یان جێبەجێکردنی لەمپەری بۆ دروستدەکرێت و جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، یان لە نێوان نە ئاشتی و نەجەنگ دەمێننەوە.
 
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket