سوریا مووچە بە کەسوکاری شەهیدان و کەمئەندامانی هەسەدە دەدات

کوردستان 11:49 AM - 2026-06-16
ئاڵای سوریا و هەسەدە PUKMEDIA

ئاڵای سوریا و هەسەدە

رۆژئاڤا

وەزارەتی بەرگری سوریا مووچە بۆ  کەسوکاری شەهیدانی هەسەدە دابین دەکات و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیش بە بریندار و کەمئەندامانیان دەدات و لێپرسراوێکی هەسەدەش دواین زانیاری لەسەر یەکگرتنەوەیان لەگەڵ دامەزراوەکانی سوریا ئاشکرا دەکات.

لێپرسراوێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات( هەسەدە)، ئاشکرای کرد، وەزارەتی بەرگری سوریا بریاریداوە، مووچە بۆ کەسوکاری شەهیدانی هەسەدە دابین بکات و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیش بە برینداران و کەمئەندامانی هێزەکانمان بدات.

لە بارەی دواین پێشهاتەکانی یەکگرتنەوەش، لێپرسراوەکەی هەسەدە، روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی هەشت هەزار شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات نەخراونەتە ناو هیچ دامەزراوەیەکی سەربازی یان ئەمنییەوە و دانوستانەکانیش لەسەر ئەم پرسە هێشتا بەردەوامن.

 پەیوەست بە ژمارەی راستەقینەی هەسەدە، لێپرسراوەکەی سوریای دیموکرات، ئاشکرای کرد: لە ئێستادا ژمارەی هێزەکانمان نزیکەی 20 هەزار شەڕڤانە، کە لەو ژمارەیە، چوار هەزاریان  سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسان، هەروەها پێنج هەزاریشیان لەناو سێ لیوای تازە پێکهێنراون.

 لە کۆتایشدا، لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، لێپرسراوەکەی هەسەدە، ئاشکرای کرد: نزیکەی هەزار گەنجی خەڵکی عەفرین لەگەڵ خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە شارەکەیان، هەروەها دوو هەزار گەنجی عەفرین چاوەڕێی گەڕانەوەن، بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە یەکەیەکی سەربازی لە شارەکە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە