نزیکەی چوار هێندەی ساڵی رابردوو باران باریوە

کوردستان 11:29 AM - 2026-03-31
زیادبوونی ئاو PUKMEDIA

زیادبوونی ئاو

کەش و هەوا

لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1000 ملیم باران باریووە، کە لە 85 ساڵی رابردوودا ئەمە چوارهەمینجارە حاڵەتی لەوشێوەیە رووبدات و بەو رێژەیە باران ببارێت.

ساڵی 2026 ساڵێکی باراناوی بوو بۆ هەرێمی کوردستان و بە تەواوی ترسی وشکەساڵی لای هاووڵاتیان رەواندەوە، بەجۆرێک لەزۆربەی شارو شاروچکەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1000 ملیم باران باریوە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەواش بارانبارین بەردەوامیی دەبێت.

هاوکات لەمێژوودا و بەدرێژایی 85 ساڵی رابردوو،  ئەمە چوارهەمین جارە حاڵەتێکی لەوشێوەیە رووبدات و بەو رێژە زۆرە باران ببارێت، بەجۆرێک ساڵی 1941 بڕی 1000 ملیم باران باریوە و ساڵی 1992 بڕی 1002 ملیم باران باریوە و ساڵی 2019 بڕی 1618 ملیم باران باریوە و ئەمساڵیش 1028 ملیم باران باریوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم كۆی گشتی ڕێژەی بارانبارینی ساڵی رابردوو لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە: پارێزگای هەولێر (303.1) ملیم، پارێزگای سلێمانی (434.6) ملیم، پارێزگای دهۆك (249.3) ملیم، پارێزگای كەركوك (122.9) ملم، پارێزگای هەڵەبجە (410.3) ملیم بووە و بەوپێیەش زۆرترین بڕی بارانبارینی ساڵی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی و كەمترینیشی لە پارێزگای كەركووك تۆماركراوە، هاوکات ئامارەکانی ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەوە رووندەکەنەوە ئەمساڵ نزیکەی چوار هێندەی پارساڵ باران باریوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە