وەفدێکى یەکێتى بەشداربوو لە بەخاک سپاردنى سەرکردە ساڵح موسلیم

ی ن ک 05:08 PM - 2026-03-13
وێنەیەکى وەفدەکە لە کاتى مەراسیمەکەدا تایبەت

وێنەیەکى وەفدەکە لە کاتى مەراسیمەکەدا

رۆژئاڤا یەکێتی

ئەمڕۆ هەینى 13ى3ى2026 وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان گەیشتە قامیشلۆ و هاوخەمی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی-یان بۆ کۆچى دوایى ساڵح موسلیم گەیاند و بەشداریان لە مەراسیمی بەخاک سپاردنى ساڵح موسلیم سیاسەتمەداری کورد و هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە کرد.

وەفدێکی یەکێتی کە بریتیبوو لە سالار سەرحەد، سالار مەحمود و لوقمان وەردی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی ماڵئاوایی ساڵح موسلیم، ئەمڕۆ سەردانی رۆژئاڤای کوردستانیان کرد.
لە قامیشلۆ لە لایەن غەریب حەسۆ و پەروین یوسف هاوسەرۆکانی پەیەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەری رۆژئاڤا و بەرپرسانی رۆژئاڤای کوردستان لە بارەگای سەرەکی پەیەدە پێشوازیان لێکرا، دواتر وەفدەکەی یەکێتی لە گۆڕەپانی شەهیدانی 12 ی ئازار بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر و کەسوکاری خوالێخۆشبوو ساڵح موسلیم بەشداری رێوڕەسمەکەیان کرد و تاجەگوڵینەی یەکێتی- یان لەسەر تەرمی خوالێخۆشبوو دانا.

لوقمان وەردی وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێشکەشکرد و لە وتارەکەیدا جگە لە گەیاندنی هاوخەمی  سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، جەختی لە پشتیوانی یەکێتی کردەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و کاری پێکەوەیی و یەکڕیزی گەلەکەمان.

هەروەها وتی: دۆستایەتی نێوان سەرۆک مام جەلال و ساڵح موسلیم بنەمایەکی بەهێزە بۆ کاری پێکەوەیی و برەودان بەخەباتی سیاسی و دیبلۆماسی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و رووبەڕوبونەوەی مەترسییەکان.

لە دوا وێستگەی سەردانەکەیاندا، وەفدەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی رووبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی دا.عـ.ـش و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی رۆژئاڤایان کرد و گوڵی رێز و وەفاداریان لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.

شەوی 11ی3ی2026 ساڵح موسلیم محەمەد یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژئاڤای کوردستان بەهۆی نەخۆشیەوە، لەهەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد و ئەمڕۆ هەینى 13ى3ى2026 لە قامیشلۆى رۆژئاڤاى کوردستان بەخاک سپێردرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە