یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا هەوڵی چارەسەری كێشەی دانیشتوانی گەڕەكی نەورۆز دەدات

کوردستان 12:54 PM - 2026-02-22
گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز له‌ كه‌ركوك PUKMEDIA

گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز له‌ كه‌ركوك

كەركوك یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا، لەسەر هێڵن بۆ چارەسەركردنی گرفتی ماڵە كوردەكانی گەڕ‌ەكی نەورۆز لەكەركوك و رایدەگەیەنن: رەفتارەكەی سوپای عیراق نایاساییەو ناهێڵین لەكەركوك غەدر لەكورد بكرێت و هەڵكوتانە سەر كورد قبوڵناكەین، پارێزگاری شارەكەش دەڵێت: ئەوەی روویدا تەنها هەڵوێستی چەند ئەفسەرێكی سوپابوو، بۆیە بەیاسایی ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەین.

ئەمڕۆ 22ی 2ی 2026، رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك، بەمەبەستی بەدواداچون و چارەسەركردنی كێشەكان گەیشتە گەڕ‌ەكی نەورۆزی كەركوك و رایگەیاند: ئەم خانوانە چەندین ساڵە كێشەیان هەیەو خانووی دەوڵەتن، ئەوەی روویداوە هەڵوێستی چەند ئەفسەرێكی عیراقە كە ئەم خانوانە بەهی خۆیان دەزانن و پێویستە لەڕێی یاساییەوە چارەسەری ئەو كێشەیە بكرێت، بۆیە لەئێستادا دەبێت خاوەن ماڵەكان بگەڕ‌ێنەوە شوێنی خۆیان و دواتر هەرچی چارەسەری یاسایی هەبێت ئێمە وەك ئیدارەی كەركوك دەیكەین و رێكاری پێویست دەگرینەبەر.

نوێنەرێكی یەكێتی: ناهێڵین لەكەركوك غەدر لەكورد بكرێت


براكۆ شەهید شێركۆ فاتیح شوانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەفراكسیۆنی یەكێتی، بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA  ی راگەیاند: ئیدانەی هەڵكوتانە سەر ژمارەیەك ماڵی كورد لەگەڕ‌ەكی نەورۆزی كەركوك دەكەین، چونكە سوپای عیراق بەبێ ئاگاداركردنەوەو لەشەودا چووەتە سەریان و داوای چۆڵكردنی ماڵەكانی لێكردوون. 

راشیگەیاند: راستە خاوەنی ئەو خانوانە كە ژمارەیان لەنێوان 10 بۆ 25 ماڵدایە، چەند جارێك ئاگادار كراونەتەوە كە زەوییەكانیان بەناوی وەزارەتی بەرگرییەوەییەوە، بەڵام لەدوای پڕ‌ۆسەی ئازادییەوە كڕ‌ین و فرۆشتن بەزەوییەكانەوە كراوەو دەبوو لەچوارچێوەی یاسادا كێشەكە چارەسەر بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: لەئێستادا ژمارەیەك لەو هێزانە كشاونەتەوەو لەسەر هێڵین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكەو ناهێڵین لەكەركوك غەدر لە كورد بكرێت.

رەفتارەكەی سوپا نایاساییە


رەفتاری سوپای عیراق، بەرامبەر خێزانە كوردەكان بەنایاسایی دەزانرێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە.

هاوكات دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەفراكسیۆنی یەكێتی، بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: بەتووندی ئیدانەی هەڵكوتانەسەر خێزانەكانی گەڕ‌ەكی نەورۆز لەلایەن سوپای عیراقەوە دەكەین و ئەم رەفتارەی سوپا بەرامبەر خێزانە كوردەكان نایاساییەو دژی دەوەستینەوە.

راشیگەیاند: لەگەڵ لێپرسراوانی باڵا لەسەر هێڵین بۆ چارەسەری كێشەكەو داوا لەمحەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەكەین دەستوەردانی بەپەلە بكات بۆ كۆتاییهێنان بە پێشێلكارییەكانی سوپا و ئاساییكردنەوەی دۆخی گەڕ‌ەكەكە.

نوێنەرێكی یەكێتی: هەڵكوتانە سەر كورد قبوڵناكەین


نوێنەرانی یەكێتی لەكەركوك تەئكید لەسەر پاراستنی كوردانی گەڕ‌ەكی نەورۆز دەكەنەوەو رایدەگەینن: ئەوەی روویدا قبوڵكراو نییەو چەند ئەفسەرێك بەمەبەستی دەستدرێژی ئەو كارەیان ئەنجامداوە.

هەر لەوبارەیەوە مازن غەریب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەفراكسیۆنی یەكێتی، بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA  ی راگەیاند: ئەوەی بەرامبەر دانیشتوانی گەڕ‌ەكی نەورۆزی كەركوك دەكرێت، قبوڵكراو نییەو چەند ئەفسەرێك بەبێ ئاگاداری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان بەمەبەستی دەستدرێژی ئەو كارەیان ئەنجامداوە.

راشیگەیاند: هەڵكوتانە سەر كورد قبوڵناكەین و لەئێستادا بەدواداچوون بۆ گرفتەكە دەكەین و لەسەر ئاستی باڵا چارەسەری دەكەین.

درەنگانی شەوی رابردوو، هێزێكی سوپای عیراق هەڵیانكوتایە سەر چەند ماڵێكی كورد نشینی گەڕ‌ەكی نەورۆزی كەركوك و داوای چۆڵكردنی خانووەكانیان لێدەكەن و دەڵێن زەوی ئەو خانووانە بەناوی وەزارەتی بەرگری عیراقەوەیەو دەبێت چۆڵی بكەن، لەبەرامبەردا پارێزگارو نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا لەسەر هێڵن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە