بەنداوەکانى گەرمیان سەرڕێژ دەکەن و بەنداوەکانى دیکە ئاو گلدەدەنەوە

کوردستان 11:04 AM - 2025-12-15
وێنەى بەنداوێک مجلة الشبکة العراقیة

وێنەى بەنداوێک

کوردستان

بارانى چەند رۆژى رابردوو بوەتە هۆى زیادبوونى ئاو لە سەرجەم بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان و بەجۆرێک هەندێکیان سەرڕێژییان کردووە و  بەڕێوەبەری بەنداوی باوەشاسوار لە کفری رایگەیاند: بەنداوەکەمان ئێستا شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە و سەرڕێژى کردووە و ئەو بارانەى چەند رۆژى رابردوو کاریگەرى زۆرباشى لەسەر ئەم ناوچەیە بووە.

خلدون عەبدولکەریم بەڕێوەبەری بەنداوی باوەشاسوار لە کفری بە وێبسایتى رەسمى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان  PUKMEDIA ی راگەیاند: بەنداوەکەمان ئێستا شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە و سەرڕێژى کردووە و ئەو بارانەى چەند رۆژى رابردوو کاریگەرى زۆرباشى لەسەر ئەم ناوچەیە بووە، بەجۆرێک بارانى ئەم چەند رۆژەى رابردوو بووە هۆى ئەوەى ملیۆن و نیوێک مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەماندا زیادبکات، هاوکات هەموو بەنداوەکانى گەرمیان سەرڕێژییان کردووە.

روونیشیکردەووە: لە چەند مانگى رابردووە بەهۆى کەمى ئاو لە بەنداوەکەدا دەبوو ئاو بەکەمى بەربدەنەوە، بەجۆرێک هەر ئەوەندە جوتیاران بتوانن لە کشتوکاڵکردنى خۆیان بەردەوام بن و ئێستاش کە ئاوى بەنداوەکە ئاوا زیادى کردووە، بۆ جوتیاران و بە گشتى بۆ هەمووان و ژینگەى ناوچەکەش بەسوود دەبێت.

لە راگەیەنراوێکى بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و كۆگاكانى ئاوى کوردستانیشدا هاتووە:  بەکاریگەری دواین شەپۆلی باران و هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، زیاتر لە 100 ملیۆن م3 داهاتی ئاو گلدراوەتەوە، بەجۆرێک بەنداوى دەربەندیخان 1.5م و بەنداوى دوکان 70 سم زیادیان کردوە.

 هاوکات بە پێى زانیاریەکان و بەهۆى بارانبارینى چەن رۆژى رابردووەوە، بەنداوی قادرکەرەمیش کە لە ساڵى 2024ەوە سەرڕێژى نەکردبوو، سەرێژى کردووە و لە سنورى هەولێریش بەنداوێک پڕبووە و ئەوانى دیکەش ئاویان گلداوەتەوە و سەرجەم بەنداوە بچووکەکانى سنورى گەرمیان و سلێمانیش هەموویان پڕبوون، هەروەها لە سنوری دهۆکیش ئاوی بەنداوەکان زیادیان کردوە، بەڵام بە رێژەی کەمتر.

لە چەند رۆژى رابردووشدا وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عیراقیش رایگەیاند: رێژەى ئاوى کۆگاکراو لە بەنداوەکانى عیراق زیاتر لە 700 ملیۆن مەتر سێجایە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە