باوكی كوژراوه‌كه‌ی گوندی لاجان: حكومه‌ت بكوژی كوڕه‌كه‌مان راده‌ستی یاسا بكات

کوردستان 02:41 PM - 2025-11-30
کۆنگرەی رۆژنامەوانی باوکی کوژراوەکەی گوندی لاجان PUKMEDIA

کۆنگرەی رۆژنامەوانی باوکی کوژراوەکەی گوندی لاجان

هەولێر

باوکی کوژراوەکەی گوندی لاجان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گلەیی لە حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت: ئەگەر نەیەنە سەر خەت و خوێنی کوڕەکەمان بەفیڕۆ بچێت بە عەشایەری رێگای خۆمان دەگرینەبەر و بەڵگەی فیدیۆیشمان لایە لەسەر بکوژەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30-11-2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باوکی کوژراوەکەی گوندی لاجان هاتە دەنگ و وتی: ئێمە عەشیرەتی بەرزنجەین و عەشیرەتێکی گەورەین ئەگەر حکومەت هەقی کوڕەکەمان نەسێنێت بە عەشایەری رێگای خۆمان دەگرینەبەرو بکوژی کوڕەکەم ناسراوەو دوو گرتە ڤیدیۆی بەڵگەم لایە کە تەقەیان لێکردووە بە دۆشکە.

ئاماژەی بەوەشکرد: کوڕی من نە تیرۆرست بووەو نە خۆپیشنادەریش بووە، یەکێک فەرمانی کردووە تەقەی لێبکەن و تەقەیان لێکردووە، خۆم چوم لە پزیشکی دادوەری تەرمەکەیم وەرگرتۆتەوەو فیشەکی دۆشکە بەر ناوچاوانی کەوتبوو، لە پشتی سەریەوە دەرچووبوو.

ئەوەشی وت: هەموو ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کەدەڵێن کوژراوەکە تورکە، یان سورییە، کوڕی من ناوی عیرفانە و لە عەشیرەتی بەرزنجەیەو مناڵی کەرکوکە خێزاندارەو خاوەنی منداڵێکی دوو مانگانە.

هاوکات گلەیی لە حکومەت کرد و وتی: داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانە بێنەسەرخەت و خوێنی ئەو کوڕەمان بەفیڕۆ نەچێت، گلەیشمان لە حکومەتەو هەتا ئێستا هیچ نوێنەرێکیان تەنانەت سەرەخۆشییەکیان لێ نەکردوین.

دوێنێ شەممە 29-11-2025 لە گوندی لاجان کە دەکەوێتە سەر رێگای نێوان هەولێر-گوێر لەبەردەم کۆمپانیای لاناز لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە خۆپیشاندان ئەنجامدراو هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بە چەک رووبەڕویان بوونەوە و بەوهۆیەشەوە گەنجێک کوژراو زیاتر لە 10 کەسیش برینداربوون، هاوکات ژمارەیەک گەنج لەلایەن لەشکری گوڵانەوە دەستگیرکراون.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە