یەکێتی کەرتەکانی گەشتوکاڵ دەبوژێنێتەوە

کوردستان 10:50 AM - 2025-10-20
لیستی یەکێتی ژمارە 222 PUKMEDIA

لیستی یەکێتی ژمارە 222

لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەرێم و بەغداد هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری ببوژێنێتەوە و پاراستنی ژینگەشی کردووەتە کاری لە پێشینەی خۆی، لەئێستاشدا کاندیدەکانی دووپاتیدەکەنەوە، یەکێتی خزمەتی زۆری بە ژینگە کردووە و هەوڵی گەرەنتی گلدانەوەی ئاو و ئاسایشی خۆراک-یش دەدەت.

یەکێتی خەمخۆری ژینگەیە

ئیدریس حاجی عادل کاندیدی ژمارە 23 لەسەر لیستی یەکێتی بە ژمارە 222 لەبازنەی کەرکوک بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: ژینگە خاڵێکی گرنگە، چونکە ژینگەیەکی خاوێن کۆمەڵگەیەکی تەندروست و باش دروستدەکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ش هەر لە سەرەتاوە بایەخی زۆری بە ژینگە و سروشتی کوردستان داوە و بەوەش سەلماندوویەتی کە ئەو ناوچانەی ئیدارەکانیان لەلایەن یەکێتییەوە بەڕێوەدەبرێن رێژەی سەوزایی تییاندا ستانداردی جیهانی تێپەڕاندووە.

راشیگەیاند: پێشتریش یەکێتی چەندین پرۆژە یاسای تایبەت بە بواری کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاری پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کردووە و دەنگیشی لەسەردراوە، هاوکات لە ماوەی رابردووشدا زۆرترین کەس دەنگ و متمانەی خۆیان بە یەکێتی داوە، چونکە یەکێتی داکۆکیکاری سەرسەختیان بووە و هەرگیز لێیان دانەبڕاوە.

دروستکردنی بەنداو لە کارە سەرەکییەکانی یەکێتییە

هەر لەچوارچێوەی خزمەتەکانی بە ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو، دروستکردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو و گەرەنتی ئاسایشی خۆراک یەکێکی ترە لە بەرنامە و پلانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە دەیەوێت لەو رێگایەوە پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و سامانی ماسی و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی بدات.

غەریب ئەحمەد مستەفا کاندیدی ژمارە 6 لەسەر لیستی یەکێتی بە ژمارە 222 لەبازنەی سلێمانی بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: پەیوەست بە کەمی ئاو و وشکەساڵی کە زۆرینەی وڵاتانی گرتووەتەوە و هەرێمی کوردستان و عیراقیش بەدەر نییە لە مەترسییەکانی، بۆیە هەر زوو وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەندە لەرێگای وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوەوە کاری جددیم لەسەر دروستکردنی بەنداو کردووە، خۆشبەختانە دوای پێشکەشکردنی داواکاریی توانیم رەزامەندی لەسەر دروستکردنی چوار بەنداو لە دەڤەری راپەڕین و قەزای دووکان وەربگرم و هاوکات نوسراوی رەسمیشمان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە بۆ دروستکردنی چەند بەنداوێک لە  هەڵەبجە و  شارەزوور و پێنجوێن و چەمچەماڵ.

راشیگەیاند: بەنداو کاریگەری زۆری لەسەر گلدانەوەی ئاو و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی و سامانی ماسی هەیە، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری، هەروەها لە پلانماندایە وەک یەکێتی و فراکسیۆن ئەم تێڕوانینەی هەمانە سەبارەت بە بوژاندنەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی ئابورییەوە هەوڵەکانمان چڕتر بکەینەوە بە گەرەنتیکردنی ئاو و پەرەپێدانی کشتوکاڵ و پاراستنی ئاسایشی خۆراک.

ئەمەش لەکاتێکدایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کار و پلانی خۆیدا بەردەوام کاری بۆ پاراستنی ژینگە و گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراک کردووە، ئەمە جگە لەوەی لە رێگای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە چەندین بەنداوی دروستکردووە و لە ئێستاشدا هەردوو بەنداوی چەق چەق و سەرچنار کاری بەردەوامیان تێدا دەکرێت و پلانیش بۆ دروستکردنی چەندین بەنداوی دیکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەیە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە