ڕفعەت عەبدوڵا: ئارامبە مامە، ئەستەمە، سەفینی یەکێتی لەبن بێت

کوردستان 09:32 PM - 2025-10-02
سەرۆک مام جەلال PUKMEDIA

سەرۆک مام جەلال

سەرۆک مام جەلال

ڕفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆکی یەکێتی لە هەشتەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلالدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: " لەعێراق و ناوچەکەدا پێوستیان بەحیکمەت و چەپکە گوڵی سیاسەتە شێنەییەکەتە، پێویستمان بەبیری نیشتمانی و ئەزمونی دەوڵەمەندتە".

دەقی پەیامەکە..

لەیادی سەرکردەی هەموو سەردەمەکان و شکۆی نەتەوەدا
بۆ سەرۆک و مامۆستاو ڕابەرم

ئەگەرچی هەشت ساڵ بەسەر کۆچی دواییتدا تێپەڕدەبێت، بەڵام زیاتر هەست بەنزیکی و گەورەییت دەکەین، هەر (یەکێتی)نا، یاروو نەیار لەناوخۆو دەرەوە، لەناو ئاڵنگاری و ئاڵۆزییەکان، لەعێراق و ناوچەکەدا پێوستیان بەحیکمەت و چەپکە گوڵی سیاسەتە شێنەییەکەتە، پێویستمان بەبیری نیشتمانی و ئەزمونی دەوڵەمەندتە.

چەند شانازییە بۆ کوردو یەکێتیەکان، ئێستاش لەمەحفەلە نێودەوڵەتیەکاندا، شوناسی ناسینەوەی هەمووانی، پێمان دەڵێن حزبەکەی مام جەلال، بۆیە دەبێت هەمیشە سەرمایەگوزاری مەعنەوی لەمێژووی پڕ شانازی و ئەدەبیاتی دەوڵەمەندتدا بکەین و ئەو شانازییە بپارێزین.

بەڵێنمان پێداویت، یەکێتی، ئەمانەتێکی مێژووییەو بەخەزێنەی ئەزمون و موحیتی قوڵی سیاسی جەنابت دەیپارێزین، ئێستا یەکێتییەکەت، لەدەستێکی ئەمیندایەو هەڤاڵ (بافڵ)مان هەڵبژاردووە، تاسەرۆکایەتی یەکێتیەکان بکات بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی ئێستاو داهاتووی یەکێتی و کوردایەتی، ئێمەش پشتیوان و هاوهەڵوێستی دەبین، یەکێتی وەک بیلبیلەی چاومان دەپارێزین و پەرۆشی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئایندەین، چاومان لەبردنەوەی سبەی و دوارۆژە، ئەزمونی نەوە دێرینەکان و وزەی گەنجەکانمان ئاوێتەکردوەو بەسەرمایەی پڕشانازی ڕابردووی یەکێتی و بەوزەو پەرۆشی گەنجەکان ئایندە مسۆگەرتر دەکەین.

لەسەر بنەمای یەکڕیزی نیشتمانی جەنابت، خەبات دەکەین هاوبه‌شی له‌كاری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردندا بەهێزبکەین و هاوهه‌ڵوێستی هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر پرسه‌ هاوبه‌شه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان تۆکمەتر بكه‌ین، لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی تر، کوردایەتی و خزمەتی میللەتەکەمان کۆمان بکاتەوەو پێکەوە خەبات بکەین و پێکەوەش بڕیاردەدەین.

بەڵێن دووپات دەکەمەوە، کەڕێبازو ئەزمونی مام جەلال، هێزی ڕەوای کارکردنم بێت و بەئیلهام وەرگرتن لەوزەو ورەی جەنابت، بەرپرسیارانەو یەکێتیانە بەردەوام دەبم، هەرگیز کەمتەرخەم نەبووم و نابم، ئەگەرچی لەخەباتی پێشمەرگانەو سیاسیدا، باجی گیانی و ڕۆحیم داوە، بەڵام لەئاست قوربانی میللەتەکەم شایان بەباسکردن نیە.

لەساڵیادی ژیانئاواییتدا؛ بەڵێن و وەفاداریم دووبارە دەکەمەوەو دەڵێم: ئارامبە مامە، ئەستەمە، سەفینی یەکێتی لەبن بێت.
ڕۆحت شادوو یادت هەمیشە زیندووە لەمێژوودا

ڕفعەت عەبدوڵا
جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە