سەرۆککۆمار: بەفیڕۆدانى ئاو کەم بکرێتەوە و ژینگە بپارێزرێت

کوردستان 01:39 PM - 2025-05-25
 سەرۆککۆمار و  بەڕێوبەری گشتی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆککۆمار

سەرۆککۆمار و بەڕێوبەری گشتی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان

سەرۆککۆمار

سەرۆککۆمار و بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی فاو کۆبوونەوە و باسیان لەهاریکاری تەکنیکی نێوان عیراق و رێکخراوی "فاو" و چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستیان بۆ پشتیوانیکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ وبەرهەمە کشتوکاڵیەکان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ى 5ى 2025  د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆمار،  لە کۆشى بەغدا لەگەڵ شودۆنیۆ بەڕێوبەری گشتی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" و وەفدى یاوەرى کۆبوونەوە و جەختى لە گرنگی هاوکاری تەکنیکی و پابەندبوون بە راسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئاو کردەوە.

لە میانی دیدارەکەدا باسیان لەهاریکاری تەکنیکی نێوان عیراق و رێکخراوی "فاو" و چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستیان بۆ پشتیوانیکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و باشترکردنی کوالێتی تۆو و پاراستنی بەپیتی خاک و روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە ئاسایشی خۆراک کرد، جگە لە ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی تەکنیکی و تەکنەلۆژی لە نێوان هەردوولا.

سەرۆککۆمار، جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە راسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و هاوکاری نێوان وڵاتانی دراوسێ کردەوە، بەمەبەستی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە، بە ئاماژەدان بەوەی کە گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگێکی گەورەیە بۆ ناوچەکە، بەتایبەت لە عیراق بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و وشکەساڵی و بەبیابانبوون و کاریگەرییە گەورەکانیان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ.

هاوکات د.لەتیف جەمال رەشید، دوپاتی کردەوە، لەپێویستی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئاو و سود وەرگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ رێکخستن و دابەشکردنی ئەم سەرچاوەیە و جەختیشی لەوە کردەوە، کە عیراق لەئێستادا سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی پشکێکی دادپەروەرانەیە لە ئاو.

لە دیدارەکەدا هەر یەک لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی"فاو" و نوێنەری هەرێمی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک و باکووری ئەفریقا د.عەبدو لحەکیم واعر و نوێنەری "فاو" لە عیراق د.سەلاح حاجی حەسەن، ئامادە بوون.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە