له‌سه‌ر داوای عیراق مووچه‌خۆران 1% له‌مووچه‌كانیان ده‌بڕدرێت

عیراق 10:48 AM - 2025-05-20
دراوی عیراقی PUKMEDIA

دراوی عیراقی

مووچە

وه‌زاره‌تی دارایی عیراق پاڵپشت به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ مووچه‌ی مانگی ئایار بڕ‌ی 1%ی مووچه‌ی بنه‌ڕ‌ه‌تی له‌سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی عیراق ده‌بڕ‌ێت، كه‌ بۆ بابه‌تی (ژماره‌ی وه‌زیفی)یه‌، هاوكات بۆ مووچه‌ی مانگی ئایار به‌ سیستمی (په‌یرۆڵ) و له‌خشته‌ی ئاماده‌كردنی مووچه‌دا ئه‌و لێبڕ‌ینه‌ زیاد كراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی PUKMEDIA شه‌وی رابردوو وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عیراق ته‌نیا بۆ ئه‌م مانگه‌ 1%ی مووچه‌ی بنه‌ڕ‌ه‌تی فه‌رمانبه‌ران ببڕن.

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ PUKMEDIA ی ڕ‌اگه‌یاند: "بۆ ئه‌م مانگه‌ به‌پێی بڕ‌یاری 281ی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق و له‌سه‌ر راسپارده‌ی وه‌زیری دارایی و ئابووری به‌ رێژه‌ی 1%ی لێبڕ‌ین له‌سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران ده‌كرێت، به‌هۆی دروستبوونی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ری (ره‌قه‌م وه‌زیفی)، لێبڕ‌ینه‌كه‌ له‌ مووچه‌ی بنه‌ڕ‌ه‌تی گشت فه‌رمانبه‌رانی هه‌میشه‌یی و گرێبه‌ست ده‌كرێت و ته‌نها بۆ ئەم مانگەیە ."

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، رۆژی 17ی12ی2024، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بڕ‌یاریدا، كۆدی بایۆمه‌تری بكاته‌ (ژماره‌ی وه‌زیفی)ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی هه‌زار و 400 یه‌كه‌ی ژمێریاری هه‌ن و له‌ رێگه‌ی سیستمی (په‌یرۆڵ)ەوە مووچه‌ی مانگانه‌یان ئاماده‌ ده‌کرێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، شه‌وی رابردوو له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ هه‌موو وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان ئاگاداركرانه‌وه‌ كه‌ سیستمی (په‌یرۆڵ) كارا بووه‌و ئاماده‌كردنی لیستی مووچه‌ی مانگی پێنج ده‌ستیپێكردووە، پێویستە ده‌ست به‌ئاماده‌كاری بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات لیستی مووچه‌ ئاماده‌ بێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە