سەرۆككۆمار: ئەركی هەموو لایەكمانە خزمەتی سلێمانی بكەین

کوردستان 11:18 AM - 2024-11-14
د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار

د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق

سلێمانی سەرۆککۆمار

د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق، بەبۆنەی یادی دامەزراندنی سلێمانییەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: "ئەم شارە قوربانی زۆری داوەو بەهەزاران لەڕۆڵەكانی گیانی خۆیان فیدای سەربەستی و ئازادی كردووە، سلێمانی شاری داهێنان و خۆشەویستی و هونەر و ئازایەتییەو ئەركی هەموو لایەكمانە خزمەتی بكەین، دڵنیام سلێمانی وەكو شاری رۆشنبیری و نیشتمانپەروەری هەمیشە بە پێشەنگی دەمێنێتەوە".

دەقی پەیامەكە:

پیرۆزبایی سەرۆككۆماری عیراق

 بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی 

بەبۆنەی یادكردنەوەی تێپەڕبوونی 240 ساڵ بەسەر دروستكردنی شاری (سلێمانی)دا، پیرۆزبایی لە خەڵكی شاری هەڵمەت و قوربانی، پایتەختی رۆشنبیری كوردستان دەكەم. لەم بۆنەیەدا دروود بۆ رووحی پاكی میری بابان ئیبراهیم پاشا دامەزرێنەری سلێمانی دەنێرم، ئەم شارە هەموو وەختێك شاری نوسەران و ئەدیبان و تێكۆشەران بووە، قوربانی زۆری لە پێناوی تێكۆشانی نیشتمانی و سەربەستیدا پێشكەش كردووە.

بەهەزاران لەڕۆڵەكانی لەشێرە ژنان و كوڕانی گیانی خۆیان فیدای سەربەستی و ئازادی كردووە، سلێمانی شاری داهێنان و خۆشەویستی و هونەر و ئازایەتی بووە، بەهەق خەڵكەكەی رۆشنبیرو روخۆش و نیشتمانپەروەرن، لەم یادەدا ئەركی هەموو لایەكمانە خزمەتی شارەكە بكەین، دڵنیام سلێمانی وەكو شاری رۆشنبیری و نیشتمانپەروەری هەمیشە بە پێشەنگی دەمێنێتەوەو رۆژ بەڕۆژ بەرەو ئاوەدانی زیاترو پێشكەوتن دەچێت، دووبارە پیرۆزە.

د.لەتیف جەمال رەشید 
سەرۆككۆماری عیراق

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە