‎سلێمانی دەبێتە پێشەنگی كۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی

کوردستان 04:29 PM - 2024-01-24
كۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی PUKMEDIA

كۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی

قوباد تاڵەبانی سلێمانی

بۆ یەكەمینجار لە هەرێمی كوردستان و عیراق كۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی لەسلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە ئامانج لێی پەرەپێدانە بە بیرۆكەو تواناو داهێنانی گەنجانە، بەم دەستپێشخەرییەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، 300 میوانی تایبەت بەشداری كۆڕبەندەكە دەكەن و جێگری سەرۆك وەزیرانیش تەئكید لەدابینكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ كارسازی دەكاتەوەو دەڵێت: "هاوكاری تەواوی ئەو خاوەنكارە گەنجانە دەكەین كە بیرۆكەی داهێنەرانەیان هەیە".

 

 

سوود لەتوانا و داهێنانی گەنجان وەردەگیرێت

 

 

بەئامادەبوونی 300 میوانی تایبەت و خاوەنكارو وەبەرهێن، چوار پڕۆژەی سەركەوتووی سمارت سولی لەكۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی نمایش دەكرێن.

بەخشین تەها فاتیح بەڕێوەبەری پڕۆژەی هاكاسۆنی سمارت سولی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "یەكێك لەچالاكییەكانی كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكەی سبەینێ، نمایشكردنی چوار چاڵنج و ئاڵەنگارییە كە لەپڕۆژەكانی سمارت سولی لەكۆی 23 پڕۆژە هەڵبژێردراون و تایبەتن بە كەرتەكانی تەندروستی و كشتوكاڵ و رێگاوبان و ئاڵەنگارییەكانی هاتوچۆ".

"ئامانج لەكۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی، خستەڕووی كێشەكان و چارەسەری داهێنەرانەیە، بەسوود وەرگرتن لەو داهێنانانەی كە لەلایەن گەنجانەوە دەخرێنەڕوو، لەهەمانكاتدا، جگە لەسوودی گشتی، كەسی داهێنەر سوود لەپڕۆژەكە لێوەردەگرێت پڕۆژەكەی دەبێتە راستی و كاری پێدەكرێت و خاوەن بیرۆكەكە دەبێتە خاوەنی پڕۆژەكە"، بەخشین تەها وادەڵێت.

 

 

قوباد تاڵەبانی: ژینگەیەكی گونجان بۆ گەنجان دروست دەكەین

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی رایگەیاندوە: "پلانمان هەیە ژینگەیەكی گونجاو بۆ كارسازی دابین بكەین و هاوكاری تەواوی ئەو خاوەنكارە گەنجانە بكەین كە بیرۆكەی داهێنەرانەیان هەیە، كە ئامانجمان پەرەدانە بە بیرۆكەی داهێنەرانەو پێشخستنی كارسازی و بەهێزتركردنی كەرتی تایبەت".

 

 

ئامانجی سمارت سولی چییە؟

 

 

رۆژی 14-11-2023 كە هاوكات بوو لەگەڵ یادی بونیادنانی شاری سلێمانی، لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پڕۆژەی سمارت سولی (سلێمانی زیرەك) دەستیبەكارەكانی كرد، كە ئامانج لێی دەستنیشانكردنی كێشەكان و بەشداریكردنی راستەوخۆ خەڵكە لەچارەسەری كێشەكان و گەشەپێدانی كۆمەڵگا، لەدوای دوومانگیش لەراگەیاندنی پڕۆژەكە، بڕیارە سبەینێ 25-1-2024 لەیەكەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی دا چوار گروپی سەركەوتووی پڕۆژەكە داهێنانەكانیان بۆ چارەسەری چوار كێشەی سەرەكی بخەنەڕوو.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە