وتەبێژی یەکێتی: پشتگیری هەموو رێککەوتنێکی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەین

کوردستان 11:20 AM - 2023-11-12
کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەعدی ئەحمەد پیرەو عەلی حسێن PUKMEDIA

کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەعدی ئەحمەد پیرەو عەلی حسێن

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان

بەیانی ئەمڕۆ ١٢-١١-٢٠٢٣ وەفدێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە پێکهاتبوو لە (سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی و مامۆستا بەکر راوێژکاری سەرۆکایەتی هەرێم و رێباز بیرکۆتی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی) سەردانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سلێمانی کرد و لەلایەن (عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و  بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە و سانا فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی)ییەوە پێشوازییان لێکرا.

 

لەپاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "ئەرکمانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین و هەوڵەکانمان زیاتر بخەینە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و وەک یەکێتيی نیشتمانیی کوردستان هەر رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت، پشتیوانی لێدەکەین".

 

وتیشی: "بە کارێکی ئیجابی لە هاتنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان دەڕوانین و خوازیارین سەردانەکەی سەرۆکوەزیران دەرگایەکی نوێ بەڕووی پەیوەندییەکاندا بکاتەوە و هۆکارێک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجە".

 

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتەبێژی یەکێتی لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایان و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن وتی:"پارتی و یەکێتی ئەرکیانە لەڕێگەی حکومەتەوە بەزووترین کات کێشەی دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکەن و هەوڵبدرێت لەداهاتویەکی نزیکدا دەرگای خوێندنگەکان لە سلێمانی و هەڵەبجە بکرێنەوە، لەم روانگەیەشەوە وەک یەکێتی داوای مامۆستایان بەڕەوا دەزانین و بە ئەرکی هەموو لایەکیشی دەزانین ئاوڕی جددی لەو پرسە بدەنەوە".

 

هەر لەکۆنگرەکەدا عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عیراق لێمان دەخوازێت کە پەیواندییەکانی نێوانمان بەهێز بکەین، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان".

 

وتیشی: "جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خەڵک و داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسلێمانی مافی خۆیانە و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەتوانین پێکەوە رۆڵی بەرپرسیارانە ببینین".

 

لەبارەی کۆبوونەوەی باڵای هەفتەی رابردووی یەکێتی و پارتی عەلی حسێن وتی: "بارودۆخی هەرێم دەخوازێت کە یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە، چونکە هەردوولا بەرپرسیاریەتییان لەسەر شانە و هەرکاتێک پێویست بێت یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە".

 

له‌دوای به‌ستنی پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیدا، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان په‌ڕ‌ه‌یه‌كی نوێ بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌ و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا ده‌ستپێشخه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ سه‌ردانی لایه‌نه‌كان راگه‌یاند و لە یەکەم دەستپێشخەریشدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆبووەوە.


PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە