گەورەترین پڕۆژەی دەنگی لەمەكتەبی راگەیاندن

هەواڵ 09:55 PM - 2023-09-01
ئینسایکلۆپیدیای یەکێتی PUKMEDIA

ئینسایکلۆپیدیای یەکێتی

بۆردی راگەیاندن

 ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەزنجیرەی دەنگی دەخوێنرێتەوە.

پڕۆژەی گەورەترین كتێب كە ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بە زنجیرەی دەنگی دەخوێنرێتەوە کە مێژووی رووداو و بەسەرهاتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ساڵی 2020 لەخۆدەگرێت.

ئینسکلۆپیدیای یەکێتی تۆماری ژیاننامەی سەركردە و فەرماندە و پێشمەرگە و تێكۆشەرانی دێرین و نوێی یەكێتی و كادر و ئەدیب رووناكبیران و هەموو ئەو خەباتگێڕانە دەگرێتە خۆی كە لەماوەی ئەم رەوتە دوور و درێژە 48 ساڵییەدا بەشداری ئەو خەباتە بوون. 

لەم بارەیەوە دڵبەند مستەفا، بەرێوەبەری گشتی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان بە راگەیاندنەکانی یەکێتی وت: ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی تۆماری سەروەری و شانازییەكان و گێرانەوەی راستەقینەی دەستكارینەكراوی مێژووی گەلەكەمانە بۆ ئەوەی بە بەڵگە و نووسین و دەنگ بۆ نەوەكانی داهاتوو بپارێزرێت و ببێتە ئەرشیفێكی كۆنكرێتی بۆ دواڕۆژ.

ئاماژەی بەوەدا، دەنگی گەلی كوردستان ئامادەكاری بۆ ئەم پڕۆژەیە كردووە و كۆمەڵیك بێژەری لێهاتوو و بە توانا بابەتەكان تۆمار دەكەن. وەك قۆناغی یەكەم ئەم بێژەرانە (ئەمیر عومەر، هاشم جەمیل، نزار ژاژڵەیی، مونیر سەلیم، بانو كامەران) بەشدارن لە پڕۆژەكەدا.

دڵبەند مستەفا وتیشی : پڕۆژەی كتێبی دەنگی پێشتر لە دەنگی گەلی كوردستان هەبووە و چەندین کتێب  تۆمار و بڵاو كراونەتەوە، بەڵام ئێستا بە كوالێتی بەرز و تەكنیكی نوێ بابەتەكان تۆمار و بڵاودەكرێنەوە.

وتیشی، کتێبی دەنگی و بە تایبەتیش پڕۆژەی ئینسکلۆپیدیا کۆششێکی رووناکبیری و مێژوویی گەورەیە بەسەرپەرشتی فەرید ئەسەسەرد، سەرپەرشتیاری گشتی و سەرۆکی دەستەی کارا، کەیوان سەعید سکرتێری نووسین و چەند هەڤاڵێکی تر کاری لەسەر کراوە و تا ئێستا پێنج چاپی بڵاوکراوەتەوە. ئێستاش بەدەنگی تۆمار دەکرێت. 

دڵبەند مستەفا داوای لە بێژەرانی تری راگەیاندنی یەکێتی کرد کە بەشداری کارا لە تۆمارکردنی بابەتەکانی ئەم پڕۆژەیەدا بکەن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە