راپۆرتی ورە

بیروڕا 05:41 PM - 2023-08-17
 ستران عەبدوڵلا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵلا

بیروڕا ستران عەبدوڵا

نوسینی...ستران عەبدوڵلا
وێنەکان؛ لە وێستگەکانی شۆرشی نوێوە


دەوڵەتێکی رەنجی فەرهادی و بە ساحیبە و تا ئەبەد دەمانەوێ. .... مێژوویەکی کەڵەگەتەو هیچی لێ کەم نییە ئەوە نەبێ هەمیشە رووت لە پێشەوە بێ ، زیاتر بڕۆی و زووتر بگەی، وەکو هی دوێنێیە، بۆ دوا رۆژیش بێت.

دەوڵەتێکی مفت و بێ ساحیب نییە تا ئێوە بیبەن و دەستی بەسەردا بگرن .

 

دەوڵەتێکی بێ ساحیب نییە لەسەرە رێ فڕێدرابێ کە جەردە تەماعی تێبکەن و یەک بینە بیخۆن، ئەمە ماڵ و موڵکی نەتەوەیەکە بە خوێن و سووێ، خۆی و نمەکییەوە هاتۆتە بەرهەم و خاوەنی هەیە کە خاوەندارێتی لێ دەکات.

هەزاران شەهید و سەدان هەزار پێشمەرگە و تێکۆشەر و رێکخستن و ڕێنیشاندەری هەیە کە پەرۆشی سەرکەوتن و سەرخستنی کاروانەکەین .

دەوڵەتێکی خەزینی شۆرش و بزاوتە و بە ساحیبە، داستانی هەیە، نەبەردی تۆمارە، نووسراوی هەیە و کتێب و دەفتەر وجەریدەی چاپ و بڵاوە.

مەسیرەیەکی دوور و درێژە ..تا خوێنی گەرەک بوو خوێنی بۆ دا و تا مەرەکەبی خواست بەیان و بەلاغ و دەربڕینی بۆ کرد، تا دەنگ و پەنجەمۆر و شایەتی دیموکراسی و جموجۆڵی ئازادی ویست کەمی نەنواند.

 

جا ئەوە رابرد و گوزەشت بەڵگە و شوێنەواری دیارە و ئێ بۆ ئێستا و داهاتوش سەروەت و سامانێکی گەورەی ورە و هێزی یەدەکە بۆ سبەینێش وەک توببی شەعبی گیا و دەرمانی سەد دەرد و بەڵایە.

چونکە لە بنەچەیەکی رەسەنە وەک ژیلەمۆ گەشاوەیە و دەبوژێتەوە.

ئەرێ دەوران هەبووە خەفە کراوە و خەفەتی دراوەتێ و خەفەتی خواردووە، بەڵام هەروا ماوە ئەگەرچی بە گوێرەی زەمان کە باوی نەماوە ئیتر(ماوی) نەماوە فەقەت هەر لە خزمەتی میللەت لەسەر پێ وەستیاوە.

مودەتێکی کەم بە ناوی دیموکراسی لیبڕاڵ و خوردە بورژوا و خوردە تەحەموڵ، بە نازناوی گۆڕانکاری و مۆدێلی نوێ و مۆدی تازەوە ویستیان قۆڵبەستی بکەن، بەڵام چونکە خواکرد و خۆکرد و خۆکوردە هەروا خۆراگر مایەوە.

بێ غەلوغەش بە یاری دیموکراسی و شەڕی سیاسی رازی بوو،....وازی و بازی پاکی کردو پاشقولی لە ئانەپانەی هەڵبژاردن نەگرت و فێڵ و دزی و گزی نەکرد، پشووی شۆڕشگێرانەی کورت و سەبری شۆرشگێرانەی ئەیوبی بوو.

یەکێتیی شەهیدان و حزبی مانەوە و پێداگری بوو، وەک مام جەلال خۆشمەشرەب وخۆش موژدە و خۆش قسەبوو، لە گۆرەپانی پاک و رزگاری خۆی پێشبڕکێی سپی کرد و بە چەکی سپی شەرێکی پاکژی کرد.

ئینجا ئێستا ئەم دەوڵەتە مایەدار و مایە دەوڵەمەندە ساز و ئامادەیە، حەزی لە زۆرانبازی تازەیە… کێ دێتە سەر ڕێ بۆ پەکخستن و دوا خستن با لاچێ و کێ دێتە کۆڕی خەبات و حازری کۆشانە با بەخێر بێت.

زمان حاڵی ئەم نۆبەتەی وەک یەک لە سێکوچکەی بابان، مستەفا بەگی کوردی دەڵێ:
هەر وەکوو کێوی دەماوەندێ ،سەرم پڕ شۆڕشە
قەت تەمی هیجران و خەم ، ساتێ لە دەوری ناڕەوێ.
گەردنی کوردی لە کێوی بێستوون، مەحکەمترە
چونکە چەند ساڵە لە ژێر باری غەمایە، نانەوێ

 

PUKMEDIA

 

ئەمانەش ببینە