كورد خوێنی بۆ دیموكراسییەكەی كەركوك داوە

بیروڕا 10:46 AM - 2023-07-28
ستران عەبدوڵڵا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا

بیروڕا ستران عەبدوڵا

ستران عەبدوڵڵا

 
لە وێستگەی 28 ی تەمووزی 2008 یشدا  هەروا خوێنی داوەو بەكردار و هیممەت و گیانبازی  ئەم ویستە ئازادیخوازەی بۆ خۆشەویستی بێ مەسڵەحەت و بێ ئەندازەی كەركوكی دووپات كردووەتەوە.

 

ئەم وێستگەیە بۆیە دەنگی دایەوە و رەنگی هەیە چونكە بەهۆی میدیای گەشەكردووی جیهان  و بە بەرچاوی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتییەوە،  یانی وەكو فلكلۆری كوردی دەیڵێ (عالەم پێی زانی)، كۆشش و ئیرادە خۆی نمایان كرد. دەنا دەیان ساڵ بوو خوێن و خەبات ناونیشانی چیرۆكی كورد و كەركوك بوو و گش لێی بێ خەبەر بوو .

مورافەعەكەی مام لە گۆڕەپانی مەجلسی حوكم كە خوێنی مەرەكەب و قەڵەم و نەبەردی خەریتە و بەڵگە و زمانی مێژوو بوو، رێگایەكی ئاوەدانی بۆ تێكۆشانی مەدەنی و دیموكراسیی و سیاسەت و پێ سەلماندن و پێك سەلماندن كردەوە. لەقوڵایی رۆژگارانیشدا مورافەعەی خوێن و خەم وپەژارە لە مێژە هەبوو، لە شەهیدانی كرێكارانی گاورباغی، لە شەهادەتی شەهید مارف بەرزنجی لەبەردەم ستەمی داگیركەر و پیلانگێڕی كۆمپانیاكانی نەوت  و ئوێنی تەورانی و دڕندەیی حەرەس قەومی تا  وێستگەی شەهید مامە ریشە و هاورێ شەهیدەكانی لە نەبەردی حەمك، بۆ زەماوەندی یانزە سوارەكەی قازان بە پێشڕەوی كاك ئەنوەر، بۆ وێستگەی بڵێسەی گۆڕستان و جووت قاوە لە خۆپیشاندانی سالی 1982. بۆ  شەهادەتی سەركردەكان عەلی عەسكەری و سیروان تاڵەبانی و حەمە غەفور ئاغجەلەری و ئینجا ئازاد هەورامی تا قەڵغانی خوێنینی راپەڕین لە جێپەنجەی  شەهیدی سەركردە عەبدولرەزاق و  بۆ هەڵمەتی شەهید حاجی هەڵمەت. ئەمانە ناونیشانن بۆ پشوودرێژی كورد و كۆڵنەدانی لە داستانی كەركوكدا.

لە گۆڕەپانی 28ی تەمووزدا كورد رێگا بوژاوە راستەكەی هەڵبژارد، رێگای نوێی ئاشتی و دەربڕین و بانگەوازی لافیتە و دروشمی مەدەنی بۆ داكۆكی لە هەقی دیموكراسیی و لە بنەمای دەستوور و لە نەخشەرێی 140 و لە پێویستی سپاردنی ئەركی سیاسیی بە هەڵبژاردنێكی  بێگەردی بێ قاچووقوچ. ئەوانی تر رێگای فەرهەنگی خۆسەپاندن و ناعەدالەتی و نا دادییان هەڵبژارد كاریان راست نەبێ.

كورد لەم هەڵوێستانەدا بۆیە تا ئێستا كۆڵی نەداوە و ئیرادەی كول نابێ و ژەنگ هەڵناهێنێ چونكە لەسەر حەقە، كورد بۆیە ئیرادەی هەیە و سەردەكەوێ چونكە ویستە ئازادیخوازەكەی لەگەڵ دیموكراسیی و راستی مێژوو و مافداریدا یەك دەگرێتەوە.

تەنانەت لە سەردەمی هەڵبژاردن و دیموكراسیشدا كە بە حیساب دەبێ سەردەمی پەنجەمۆر و دەنگدان و دەنگكردن بێت وا دەبینین خوێن دەدا ئەگەر ململانێ رەوا و دادپەروەرەكە  ئیجابی كرد. ئەگەر بۆ بەرەنگگاری داعش و فەراغی ئەمنیش بێت دیسان ئاڵای بڵندكراوی شەهیدان لیوا شێركۆ و  لیوا حسێن مەنسووری هەس. كورد لە هاواری كپكراوی مێژووەوە خاوەندارێتی لەم دۆسێیە دەكا و لەسەری دێتە جواب، لێ نەیار هێزی دەوڵەت و عەسكەر و تەعریبی كۆن و نوێ  و كەینوبەینی كۆمپانیاكانی نەوت دەخاتەگەڕ و هەر رۆژە و بە لەونێ خۆی دەنوێنێ. فەقەت كورد دەیناسێتەوە و لەناو هەزار داو و تەپكەدا بە موكێشی راستی دەریدێنێ و پێی ئێژێ ،پێیان بڵێ : لێرە نارۆم. ئیشم ماوە و ئەركم هەیە.

ئەم رۆژە رۆژێكە لە دەیان رۆژی بەرەنگاری، رۆژی تریش ماون. لەكۆتایی 2023 یش جەولەیەكی ترمان هەیە.     

 

هێشتا زووە مێژوو دوا قسەی خۆی بكات.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە