"چەندجارێكی دیكەش هێرشكراوەتەسەر گەنجەكەی هەولێر"

کوردستان 09:23 AM - 2023-07-18
ساتی لێدانی گەنجەکە ئاژانسەکان

ساتی لێدانی گەنجەکە

هەولێر

هێزێكی سەربازیی بە بەرچاوی خەڵكەوە لە شەقامی 60 مەتری هەولێر لە گەنجێك دەدەن، مۆبایل و كەلوپەلەكانی لێدەسەنن و لەسەر شەقامەكە بەجێیدەهێڵن، باوكی گەنجەكەش دەڵێت:" پێشتریش چەند جارێك بە ئۆتۆمبێلی زێرەڤانی هێرشیكراوەتەسەر كوڕەكەم".

گەنجەكە ناوی ئالان هاوار حەسەنە، لەلایەن چەند كەسێكی سەربازییەوە لە هەولێری پایتەخت هێرش دەكرێتەسەری، ئەم دیمەنە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بە مۆبایل وێنەی گیراوە و بەزوویی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی تەنی و بڵاوكرایەوە.

بەپێی بڵاوكراوەكانی سۆشیال میدیا هێزەكە لەسەر شەقامی 60 مەتری لە كەسێك دەدەن و ئارامی ناوچەكە تێكدەدەن و دواتریش كەلوپەلی ئەو كەسە دەبەن و لەسەر شەقامەكە جێیدەهێڵن.

هاوار حەسەن باوكی ئەو گەنجەی كەئەمشەو سەعات 9:00 لەشەقامی 60 مەتری ھەولێر ھێرشی كراوەتە سەر دەڵێت :"ئەمە چەندینجارە بەئوتومبێكی زێرەڤانی ھێرش دەكرێتە سەر ئالانی كوڕم و هۆكارەكەش ئەوەیە ئێمە خزمایەتییەكمان ھەبوو بەڵام نەگونجان".

"كێشەكەمان كۆمەڵایەتییە، بەڵام ئەوان چەكدارن و غەدرمان لێدەكەن، پێشتریش لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگادار كردووەتەوە و ھەموو ڤیدیۆكانیشمان لایە" باوكی ئالان وایوت.

بەوتەی كەسوكارەكەی تەندروستی ئالان باش نییە و چەندینجاریش بەو جۆرە و بە هێز هێشكراوەتەسەری و بەڵگە و ڤیدیۆی دیكەشیان هەیە و لایەنەپەیوەندیدارەكانیشیان لێ ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام جارێكی دیكەش پەلاماری ئالان دراوەتەوە.

هاوار حەسەن باوكی ئالان دەڵێت:"ئێستا كوڕەكەم باری تەندروستی زۆر خراپە ئەمشەو وەك لەڤیدیۆكە دیارە ھێزێكی ئەمنی بەھەموو شێوەیەك لێیان داوە ، ئێمە تازە خزمایەتیمان كۆتایهاتووە، بەپێی یاسا و شەرع چی لای ئێمەیە ئامادەین، بەڵام ئەوان چەكدارن و بەشێوەیەكی درندانە پەلاماری كورەكەمیان داوە".

بەگۆیرەی راگەیەندراوێكی ئاسایشی هەولێریش كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18/7 لەبارەی پەلاماردان و ئالان و بڵاوكردنەوەی گرتەڤیدیۆییەكەوەیە، دەڵێت:" ئێوارەی 17/7/2023 سێ چەكدار هێرشیان كردە سەر هاووڵاتییەك، لێیاندا و ئازاریان دا، ناسنامەی ئەو كەسانەیان ئاشكراكردووە" 
 
" رووداوەكە لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بووە، كە زاوا و خەزووری یەكدین." هەردوو كەسەكەش خۆیان تەسلیم بە ئاسایش كردووە" لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان و وتەی باوکی ئالان و راگەیەندراوەکەی ئاسایش ٣ چەکدار هیرشیان کردووەتە سەر گەنجەکەی هەولێر، دووان لەو تۆمەتبارانەش خۆیان تەسلیم کردووە و بەڵام کەسی سێیەم خۆی تەسلیم نەکردووە و تا ئێستاش لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆوە دەستگیر نەکراوە.

 

بۆ بینینی ڤیدیۆ کلیک لەم لینکە بکە...
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە