نوێنەرانی یەکێتی چارەسەری کێشەی جوتیارانی کەرکوک دەکەن

کوردستان 03:32 PM - 2023-07-08
لۆگۆی یەکێتی و گەنمی جوتیاران PUKMEDIA

لۆگۆی یەکێتی و گەنمی جوتیاران

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لە کێشەی جوتیارانی کەرکوک دەکات و رایدەگەیەنێت، " نوێنەرانی یەکێتی لە پارێزگای کەرکوک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی جوتیارانیان داوە و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا کێشەکانیان چارەسەردەکرێن".

هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی جوتیاران دەدرێت

دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە  سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "چەند رۆژێکە داواکاری و ناڕەزایی هاووڵاتیان و جوتیارانی کەرکوکم پێگەشتووە کە کێشەی زۆریان رووبەڕووبووتەوە و ناتوانن گەنم تەسلیمی وەزارەتی بازرگانی بکەن".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی: "پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و ئەمڕۆش سەردانێکی مەیدانیمان هەبوو بۆ سایلۆی نوێ کە ناوچە کوردییەکانی لەسەرە و توانای لەخۆگرنتی ٦٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە"، "رۆژانە لە سایلۆ نوێکە ٥٠ بۆ ٦٠ ئۆتۆمبێل گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت و زۆرینەی جوتیارەکان کوردن و کێشەی زۆریان دێتە بەردەم، لەبەرئەوەی کاتێکی زیاتر دەمێننەوە و شەوانە ئۆتۆمبێلەکان ٧٥ هەزار دەدەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی کردووە و کێشەکانمان بە مەبەستی چارەسەرکردن گەیاندووە".

نوێنەرانی یەکێتی داواکاری جوتیاران جێبەجێ دەکەن

"ئەمساڵ بەروبوومی گەنم زۆرە لە پارێزگای کەرکوک، بۆیە ئەوە سایلۆیانەی لە کەرکوک هەن ژمارەیان کەمە و دەبێت بەدواداچوونی زیاتر بکرێت، چونکە کەرکوک دووەم شارە لە بەرهەمهێنانی گەنم لە پارێزگاکانی عیراق دا، بۆیە پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت و لە سنووری ناوچە کوردییەکاندا سایلۆی دیکە بکرێتەوە"، دیلان غەفور وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشداوە: "لەگەڵ  ئەوەی بڕیارە کاتی وەرگرتنی گەنم لە ١٠-٧ کۆتایی پێبێت، بەڵام داوامانکردووە ١٠ رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە، بۆئەوەی سەرجەم جوتیاران بتوانن ئەو گەنمەی بەرهەمیان هێناوە تەسلیمی بکەن".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی: "جوتیارانی کەرکوک دڵنیادەکەینەوە کە نوێنەرانی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داواکاری جوتیاران پشتگوێ ناخەن و ئەو کێشەیەیشی لە ئێستادا رووبەڕویان بووەتەوە هەوڵدەدەین لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا چارەسەری بکەین".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە