لە ڕۆژی جیهانیی تەلەفزیۆندا

بیروڕا 10:26 AM - 2026-11-21
د. فوئاد ئەحمەد

د. فوئاد ئەحمەد

لە ڕۆژی جیهانیی تەلەفزیۆندا.. کاتێک ڕیمۆت کۆنترۆڵ دەبێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی کۆمەڵگا

لە ڕۆژی جیهانیی تەلەفزیۆندا، خۆمان لە بەردەم واقیعێکی ئاڵۆزی میدیاییدا دەبینینەوە لە هەرێمی کوردستان، کە تێیدا زۆرێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان زیاتر لەوەی دامەزراوەیەکی میدیایی نیشتمانی و سەربەخۆ بن، بوونەتە مینبەرێک بۆ گوزارشتکردن لە سیاسەت و ئەجێندای حیزبە سیاسییەکان.

کێشەکە تەنها لەوەدا نییە کە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئاراستەیەکی سیاسی هەبێت، بەڵکو لەوەدایە کە ئەو ئاراستەیە ببێتە پێوەری هەڵبژاردنی هەواڵ، شیکردنەوەی ڕووداوەکان و پێشکەشکردنی ڕاستییەکان. کاتێک کەناڵێک ئەجێندایەکی حیزبی هەبێت و ئەو ئەجێندایەش ڕکابەر و نەیاری سیاسی هەبێت، چاوەڕوانکردنی ئەوەی هەموو ڕاستییەکان بە بێلایەنی پێشکەش بکات، کارێکی ئاسان نییە.

بەم شێوەیە هاووڵاتی خۆی لە بەردەم چەندین گێڕانەوە و لێکدانەوەی جیاواز و هەندێک جار دژبەیەکی یەک ڕووداودا دەبینێتەوە. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی سەرلێشێوانی بیروڕای گشتی و قووڵبوونەوەی دابەشبوونەکان لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا، بە تایبەتی لەم هەلومەرجە هەستیارە سیاسییەدا کە داهاتووی هەرێم ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە.

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، جەماوەرێکی فراوان هەیە کە ڕۆژانە چاودێری کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەکات و کاریگەرن بە ناوەڕۆک و پەیامەکانیان . لێرەدا بەرپرسیارێتییەکی دیکە دەردەکەوێت کە ڕەنگە تا ئێستا گرنگیی پێویستمان پێ نەدابێت، ئەویش هۆشیارکردنەوەی بینەر و بەهێزکردنی توانای جیاکردنەوەی نێوان میدیای پیشەیی و میدیایەکە کە زانیارییەکان بۆ خزمەتکردنی ملمڵانێ حیزبییەکان بەکاردەهێنێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان شاهیدی فراوانبوونێکی بەرچاوی بەشەکانی ڕاگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بووە، تا ئەو ڕادەیەی پرسیار لەسەر گونجاوی ژمارەی ئەم بەشانە لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بازاڕی کاری میدیایی دروست دەکات.

بەڵام ئەم فراوانبوونە بەو ئاستەیەی چاوەڕوان دەکرا نەبووەتە هۆی دروستبوونی دامەزراوەی تەلەفزیۆنیی سەربەخۆ و پیشەیی، کە سیاسەتێکی  نیشتمانیی ڕوون و بەرژەوەندیی گشتی لەپشتیەوە بێت.

لەبەر ئەوە، ڕەنگە پێویست بێت جارێکی دیکە بیر لە ئاراستەی هەوڵەکانمان بکەینەوە. ئەگەر تا ئێستا نەمانتوانیوە بە شێوەیەکی پێویست میدیایەکی پیشەیی و نیشتمانی دروست بکەین، بۆچی ڕوو نەکەینە ئەو لایەنەی دیکەی هاوکێشەکە، واتە خودی جەماوەر؟

ئەو بینەرەی ڕیمۆت کۆنترۆڵی بەدەستەوەیە، دەسەڵاتێکی هەیە کە ڕەنگە خۆی بە تەواوی هەستی پێ نەکات. ئەوە بڕیار دەدات کام کەناڵ ببینێت، متمانە بە کام گوتار بکات و کام ناوەڕۆک ڕەت بکاتەوە.

مەبەست ئەوە نییە کە بینەر بەدوای کەناڵێکدا بگەڕێت کە بە تەواوی لە هەر ئاراستە و پەیوەندییەکی سیاسی بەدوور بێت، چونکە ئەمە لە واقیعی ئێستای هەرێمی کوردستاندا ڕەنگە زۆر ئەستەم بێت.

بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە بینەر ئەو هۆشیارییەی هەبێت کە بتوانێت ئەو کەناڵانە هەڵبژێرێت کە زیاتر پابەندبن بە بنەما پیشەییەکان، بێلایەنیی ڕێژەیی، ڕێزگرتن لە ڕاستییەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی کۆمەڵگا، تەنانەت ئەگەر پاشخان یان پەیوەندیی حیزبیشیان هەبێت.

چونکە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان کەناڵێکدا کە ئاراستەیەکی سیاسی هەیە، بەڵام ڕێز لە ڕاستییەکان و بۆچوونی جیاواز دەگرێت، لەگەڵ کەناڵێک کە ناکۆکی و دوژمنایەتیی سیاسی دەکاتە بنەمای گوتاری میدیایی خۆی.

گرنگیی ئەم جیاکردنەوەیە زیاتر دەردەکەوێت کاتێک سەیری ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردووی کۆمەڵگای کوردستان دەکەین.

ئەو قۆناغە دەبێت لە یادەوەریی هاوبەشی کۆمەڵگادا بمێنێتەوە، نەک بۆ زیندووکردنەوەی ناکۆکییەکانی ڕابردوو، بەڵکو بۆ وەرگرتنی وانە و دوورکەوتنەوە لە دووبارەکردنەوەی ئەو هەلومەرجەی کە دەکرێت ببێتە هۆی قووڵبوونەوەی دابەشبوونەکان.

بۆیە، بەرپرسیارێتیی میدیا لەم قۆناغەدا تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو تێگەیشتنیشە لە کاریگەریی ئەو پەیامانەی کە دەکرێت لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و متمانەی نێوان هاووڵاتییان دایبنێن.

لەبەر ئەوە پێویستمان بە پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتیی فراوان هەیە بۆ پەروەردە و هۆشیاریی میدیایی، کە زانکۆکان، دامەزراوە پەروەردەییەکان، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەشداریی تێدا بکەن.

ئامانجی ئەم پڕۆژەیەش دروستکردنی بینەرێکی هۆشیار و ڕەخنەگرە، کە هەموو ئەوەی لە شاشەکانەوە پێشکەش دەکرێت وەک ڕاستییەکی ڕەها وەرنەگرێت، بەڵکو سەرچاوەکان بەراورد بکات، جیاوازی لە نێوان هەواڵ و بۆچوون و بانگەشەدا بکات و هەمیشە پرسیار لە بەڵگە، پاشخان و ئامانجی پەیامە میدیاییەکان بکات.

ئەگەر نەمانتوانیوە تا ئێستا میدیایەکی پیشەیی بە ئاستی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بکەین، دەتوانین کار لەسەر دروستکردنی جەماوەرێکی هۆشیار بکەین کە داوای ئەو جۆرە میدیایە بکات و هەر خۆی پشتگیری لەو کەناڵانە بکات کە زیاتر نزیکن لە پێوەرە پیشەییەکان.

کاتێک خاوەن کەناڵەکان هەست بکەن کە جەماوەر توانای جیاکردنەوەی نێوان پیشەییبوون و چەواشەکاریی هەیە، و متمانەی بینەر تەنها بە پشتبەستن بە ناسنامەی حیزبی بەدەست نایەت، ئەوکات ڕێزگرتن لە عەقڵی بینەر و پابەندبوون بە بنەما پیشەییەکان دەکرێت ببێتە پێویستییەک بۆ پاراستنی متمانەی جەماوەر.

داهاتووی میدیای کوردستان تەنها لە ژوورەکانی هەواڵ و ئۆفیسە سیاسییەکاندا دیاری ناکرێت، بەڵکو لە ناو ماڵەکانیشدا، لە بەردەم شاشەی تەلەفزیۆن و لە دەستی هەر هاووڵاتییەکدا کە مافی هەڵبژاردنی هەیە، دیاری دەکرێت.

لە ڕۆژی جیهانیی تەلەفزیۆندا، ڕەنگە پرسیاری سەرەکی چیتر تەنها ئەوە نەبێت کە چۆن کەناڵی تەلەفزیۆنیی باشتر دروست بکەین، بەڵکو ئەوە بێت کە چۆن جەماوەرێک پەروەردە بکەین کە بتوانێت باشترەکان هەڵبژێرێت؟


چونکە میدیای پیشەیی پێویستی بە جەماوەرێکی هۆشیار هەیە، هەروەک چۆن کۆمەڵگایەکی ئارام و سەقامگیر پێویستی بە میدیایەکی بەرپرسیار هەیە.

ڕیمۆت کۆنترۆڵ تەنها ئامرازێک نییە بۆ گۆڕینی کەناڵ، بەڵکو دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی مەدەنی و ئاشتییانە بۆ گۆڕینی ڕەفتاری میدیایی و پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵگا.

PUKMEDIA